بە پێی هەواڵەکان کە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە دەستمان گەیشتووە لە زۆربەی شار وناوچەکانی کوردستان باس لە جموجۆڵی بەرچاوی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم دەکەن.
هەموو ساڵێک لە بەرەبەری ساڵیادی تیرۆری رێبەری ناوداری کورد، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، شار و گوندەکانی کوردستان کەشێکی ئەمنی بە سەریاندا زاڵ دەبێ و، هەرچەشنە جموجۆڵێک کونترۆڵ دەکرێ.
ئەمساڵ بە هۆی هەستیاربوونی یادکردنەوەکان لە ٢٨مین ساڵیادی تیرۆری دکتور قاسملوو، بەشێوەیەکی بەرچاو هێزە سەرکەتکەرەکان لە شار و ناوچەکانی کوردستان بڵاوەیان کردوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە دوای چالاکیی تەبلیغیی بەربڵاوی ئەندامان و دۆستانی حیزبی دێموکرات لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی ڤییەن، هێزە ئەمنی و ئینتیزامییەکان جموجۆڵیان زیاتر بووە و، بە تەواوی شارەکانی کوردستان میلیتاریزە کراون.
هەروەها لە چەند شەوی ڕابردووش لە زۆربەی ئەو شوێنانە کە تێکۆشەرانی دێموکرات بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە ناوخۆی وڵات چالاکیی تەبلیغییان کردوە، هێزە ئەمنیەکان و لیباس شەخسییەکان دەستیان داوەتە سڕینەوە و ڕەش کردنەوەی درووشم و وێنە بڵاوکراوەکان و، گەڕەک و شەقامەکانی زۆربەی گوند و شارەکانی کوردستان لە ژێر چاودێری ئەمنیەتیدایە.
شایانی باسە سەرەڕای زاڵبوونی کەشێکی ئەمنی بەسەر ناوچەکانی کوردستان، بەڵام تێکۆشەرانی چاونەترسی دێموکرات بە شێوەیەکی بەربڵاو یاد و ناوی رێبەری ناوداری کوردییان بەرزڕاگرت و، بەوبۆنەوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد، کە لەچەند رۆژی ڕابردوو هەواڵەکانی بڵاوکرانەوە.