Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۲۷ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۶| 18/11/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

شەهید دوکتور قاسملوو و دوو چەمکی “ئازادی” و “شەخسییەت”

10/07/2017 | 01:05:19
drqasmloooonatawa
سمایل شەرەفی

قسەیەکی بەناوبانگی شەهید قاسملوو هەیە کە دەڵێ:” هیچ نێعمەتێک لە جیهاندا لە ئازادی بە نرختر نیە، ئازادی کەرامەت و شەخسییەت دەدا بە ئینسان و رێگا نادا بکرێ بە مۆرە. ئینسان دەبێ لە حاڵەتی مۆرە بێتەدەر  و ببێتە شەخسییەت، ببێتە فەردێکی زیندوو و چالاکی کۆمەڵ.”

لێرەدا دوو چەمکی “ئازادی” و “شەخسییەت” بەشی سەرەکیی ئەو پەیامەن کە شەهید قاسملوو دەیهەوێ بیگەیەنێ. ناکرێ ئەم قسەیەی دوکتور قاسلموو تەنیا لە بەستێنێکی خەباتکارانە (سیاسی)دا بۆ قسە و باس لە سەرکردن کورت بکرێتەوە، بەڵکوو دەشێ لە هەموو بەستێنێکی کۆمەڵایەتیشدا – ئەوەی پێوەندیی ڕاستەخۆی بە ڕۆڵی تاکی ئینسانەکانەوە هەیە _ ڕەچاو بکرێ و بە نموونە قسەی لە سەر بکرێ.

ئینسان چ بە تاک و چ بە کۆمەڵ و چ  وەک نەتەوە، کە نەتوانێ “ئازاد” بێ(بژیت)، ناتوانێ خاوەنی شەخسییەت (کەسایەتی)یەکی کامڵ بێ. لە ئەگەری وەها حاڵەتێکدا، ئەو نینسانە، ئەو کۆمەڵ و نەتەوەیە بە هۆی ئازاد نەبوونیەوە، “ئیرادە”ی ئەوەی نیە کە “خۆی” بڕیار لە سەر “هەڵوێست” و “چارەنووس″ی خۆی بدا. بۆیە وەک “مۆرەیەک” ناچارە ملکەچ بێ.

لێرەدایە کە شەهید قاسملوو بە ئەرزشەوە باس لە نێعمەتی ئازادی دەکا و پێی وایە شەخسییەت و کەسایەتیی هەر فەرد (ئینسان) و کۆمەڵ و نەتەوەیەک، پێوەندیی ڕاستەوخۆیی بە ئازادییەوە هەیە. ئەو لەو باوەڕەدایە کە بە بێ “ئازادی”، ئینسان بەتاڵە لە شەخسییەت و کەرامەت.

لە بەستێنە گەورە خەباتکارانەکەیش‌دا کە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە “ئازادی”ی نەتەوەیەکەوە هەیە، هیچ تۆفیرێک ناکا و ئەرزشگوزارییەکانی شەهید قاسملوو لێرەشدا هەر گرینگی و بایەخی خۆیان هەیە. نەتەوەیەک کە بیهەوێ کەرامەتی ئینسانیی خۆی وەدەست بهێنێ و، لە نێو گەلاندا، ئەویش ببێتە خاوەن شەخسییەت کە پێگە و جیگای رەوای خۆی هەبێ (پێ‌بدرێ)، دەبێ سەرەتا هەوڵێ وەدەستهێنانی نێعمەتێک بە ناوی “ئازادی” بدا.

خەباتی مافخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕاست لە سەر بنەمای ئەم تەعبیرە ژیرانەیەی شەهید قاسملوو بەڕێوە چووە. هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی “ئازادی” و “کەسایەتی” بەخشین بە میللەتێک کە سەرفەرازانە و زیندوو بژی، تایبەتمەندیی سەرەکیی خەباتی حیزبی دێموکرات بووە و هەیە.

دامەزرانی کۆماری کوردستان لە سەر دەستی ڕێبەرێکی بەشەخسییەتی وەک پێشەوا قازی محەممەد، پیش هەموو شتێک کەسایەتی و شەخسییەتی بە تاکی کورد و بە بەشێک لە نەتەوەی کورد بەخشێ. چونکی ئینسانی کورد هەستی بە “ئازادبوون” کرد و بە کردەوە هەستی بە بوون و ئیرادەی خۆی وەک ئینسان و وەک میللەتێک کە خاوەنی “خۆیەتی” کرد.

دوای رووخانی کۆماری کوردستان، ڕاستە ئینسانی کورد و نەتەوەی کورد “ئازادی”ی لێ زەوت کرا، بەڵام بەردەوامبوون لە خەبات بۆ سەربەستی و عەوداڵبوون بە دوای “ئازادی”دا، ئینسانی کورد و نەتەوەی کوردی هەر بە “بەشەخسییەت”ی و خاوەنی کەسایەتی هێشتەوە. کە بێگومان ڕێبەرانی “بەشەخسییەت”ی وەک شەهیدان قاسملوو و شەرەفکەندی و ئەوانی دوای ئەوان و، بە هەزاران ئینسانی بە “شەخسییەت” کە خۆیان لە کۆت و بەندی “ملکەچی” رزگار کرد و “ئازادانە” بۆ ئازادیی خاک و خەڵک تێکۆشان و بەشێکیان لە پێناو هەر ئەم “ئازادی” و شەخسییەت”ەدا، “ئازادانە” و “بەشەخسییەتەوە” گیانیان بەخت کرد، لە درێژەدانی ئەم رێبازەدا ڕۆڵیان گێڕا.