Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲۹ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۶| 20/07/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

خەڵک و کێشەی نێو باڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

09/07/2017 | 01:45:17
kamalkarimiiii
کەماڵ کەریمی

ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی نێوخۆی ئێران و بەتایبەت کێشەی نێو دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی جێگەی سەرنجن. دوایین هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری و دەنگ‌هێنانەوەی ڕووحانی و بەشداریی بەرچاوی لاینگرانی ڕێفۆرمخوازەکانی نێودەسەڵات و بە جۆرێکی دیکە، ناڕازییانی دژ بە خامنەیی، ئەو کێشانەی ئاشکراتر کرد.

ساڵانێکە باس لە بوونی چەند جیناح لە نێو ئاخووندە دەسەڵاتبەدەستەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەکرێ. هەر لەم پێوەندییەدا باس لە بوونی کێشەی فیکری و سیاسی لە نێو ئەم دەستە و تاقمە جۆراوجۆرانەدا کەم نەبووە. زۆرجار هەست‌کراوە لەسەروبەندی هەر کام لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا، فەزایەک دروست دەبێ کە باس لەو کێشانە زەقتر دەبنەوە و تەنانەت نە تەنیا جیاوازییەکان بەڵکوو دژایەتییەکانیش لە بەرامبەر یەکتردا دەخەنە بەرچاوی خەلك. ئەم جارەشیان، ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە پێش هەڵبژاردنەکان بە ڕوونی دیار بوو کە زمانی دەربڕینەکان بەرامبەر یەکتر لە هەر دوو جیناح لە جاران زبرتر بوو. قسە و باسەکانی ئەم جارەیان لە دژی یەکتر سنووری گلەیی دۆستانەی تێپەڕاند. ئەگەر ئەودەم ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵگە و خراپەکارییەکانی دەسەڵاتداران زۆر ڕاشکاوانە هاتنە بەرباس، دواتر زمانی هەڕەشەکان بە تایبەت لە بەرەی ڕێبەر و دامودەزگاکانی سەر بە ڕێبەری توندتر و جیددیتر لە ڕابردوو بوون و ئیستا ئیتر تامی نەسیحەت و ئامۆژگاری نەدەدا. داخۆ هەموو هەم قسە و باسانە دەتوانێ سیناریۆی شانۆگەرییەک بێ کە رێژیم وەڕێی‌خستبێ؟ یا ئەو راستییەشی تێدا دەبیندرێ کە ترس و دڵەڕاوکێ لە داهاتووی دەسەڵاتدارییان ئەوانی خستووەتە بیرکردنەوە لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان و بە قەولی مەشهوور یەکدەستکردنەوەی نیزام بە تایبەتی لە ژێر دەسەڵاتی رێبەر و وەلی فەقیه‌دا.

ئەگەر بڕوانینە ئەو بابەتانەی کە ساڵانێک بوو بە بەردەوامی خەڵکیان پێوە سەرقاڵ کردبوو و ئەو مەسەلەی ئیستا خەڵك خۆی گرینگی پێ‌دەدا، بە ئاشکرا دەبینین جۆر و شێوازی بابەت و هەڵوێستە دژ بە یەکەکان … زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ساڵانی زوو لەگەڵ بوونی ئەو هەموو کێشە نێوخۆییانەی نێو دەسەڵات و وڵات، ئەوەی کە بە زۆری دەیانخستە بەرباس، کێشەکانیان لەسەر سیاسەتی دەرەوە بوو. لە حاڵێکدا ئیستا لە پاڵ ئەوەدا کە خەڵک بۆی گرینگە ئاکامی «برجام» کێشە ئابوورییەکانیان لە کۆڵ دەکاتەوە یا نا! مەسەلەی چۆنیەتیی دەسەڵاتداری و دەوری خەڵک لە دەسەڵاتدا گرینگی زیاتری پێدەدرێ. ئیستا ئیتر خەڵک کە لە باری ئابوورییەوە لەوپەڕی بێ دەرەتانی و بەشی زۆریان لەژێر ‌هێڵی هەژاری‌دا دەژی، تەنیا بیر لە نان ناکاتەوە، بەڵکوو ئازادی و دەسەڵاتی خەڵک پرسێکی گرینگی بەردەمیانە و لە هەڵسوکەوت و شێوازی دەربڕینی داخوازییەکانیاندا بە ڕوونی دەردەکەوێ. ئیستا داخوازی سەرەکی خەڵک گۆڕانە لە شێوازی دەسەڵاتداریدا.

بێ‌گومان لەم بەینەدا ڕاستییەک هەیە کە هەردوو جیناح و بە گشتی هەموو نیزامی هەراسان کردووە. لە زاهیری کێشمەکێشی ئاشکرای نێوان دەسەڵاتدارانی نیزامدا، هۆکارێکی گرینگ خۆی حەشار داوە کە ئاگرخۆشکەری ئەم بەزمەیە کە هەموو نیزامی داگرتووە، ئەویش خەڵکە.

جووڵەی ئارام و چەند ساڵەی خەڵک لە سەرانسەری ئێران بە تایبەت لە ناوەندی شارە گەورەکانیدا هەراسی بە ڕێبەرانی نیزام هەڵگرتوە. خەڵک کە ئیستاش لە ژێر سێبەری دەزگا ئەمنییەکانی رێژیم و سەرنێزەی سپای پاسداراندا هەناسە بڕکێیانە، بە ئومێدەوە دەڕواننە داهاتوو و هیچ هەلێک لە کیس نادەن بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان هەڵبڕن و باوەڕی خۆیان ئاشکرا بکەن و بە دەنگی خۆیان بڵێن کە مەشرووعییەت لەوانەوە سەرچاوە دەگرێ. بەمجۆرە ئەوە باوەڕ و ئیرادەی ئەو خەڵکەیە کە ڕێبەرانی نیزامی جیا لە کێشەی دابەشکردنی دەسەڵاتیان، کردوەتە دوو بەش. دەنا ئەوان لەسەر خوانی نیعمەتی ئیلاهی و سێبەری ڕێبەردا حەوانەوەیان کارێکی سەخت نابێ.

تێگەیشتن لە چۆنیەتی حکوومەتی ئیلاهیی خامنەیی و پێگەیشتنی نەوە نوێیەکانی کۆمەڵگە و گەیشتنیان بە ئاستێک لە دەرکی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، خەڵکی گەیاندووەتە ئەو قەناعەتە کە دەبێ لەو دەرفەتانەی بۆیان دێتە پێش بە دروستی کەڵک‌وەرگرن و بیکەنە مەیدانێک بۆ بە چالش‌کێشانی رێژیم. ئەوان کە ڕەنگە تا ئیستا هەست بە بوونی توانای ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ هەموو هێزەکانی رێژیم نەکەن، هەوڵیان داوە داخوازەکانی خۆیان لە چوارچێوەی فرسەتە یاساییەکاندا بێننە گۆڕێ و پشتیوانی زۆربەیان لە بەرنامەی کاندیداتۆرێک، کۆ کردنەوە و دەرخستنی ئەو توانایەیە کە بڵێن، پێویستە گرینگی بە دەنگەکانیان بدرێ و وەک ڕێبەر هەموو شتێکیان فیدای خۆی و نیزام نەکا.

بێ‌شک کێشەی مەشرووعییەتی دەسەڵاتی ئیلاهی رێبەر و دەسەڵاتی خەڵک، بە تایبەت کە بەشێک لە ئاخوندەکان دەنگی خەڵکیان وەک پشتیوانەی مەشرووعییەتی دەسەڵات پێ ڕەوایە هەروا ئاسان چارەسەر نابێ. لە گەڵ بوونی ئەو هەموو کێشە و هاتنە مەیدانی خەڵکیش، برایەتیی ئەم دوو ڕوانگە لە چوارچێوەی حکوومەتی ئیسلامی ئێراندا تا سەر نابێ و ناتوانن باڵانسی هێز تا سەر ڕابگرن. بویە نابێ گومان لەوە بکرێ کە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم دوو لایەنە لە دەسەڵاتدا دەبێ بە وەلانانی یەکیان یا بە کۆتایی هاتن بە تەمەنی ڕێژیمەکەیان کۆتایی پێ بێ.

لەو نێوەدا ئەوەی نابێ لەبەرچاو ون بێ دەوری خەڵکە کە دەیەوێ پارسەنگی هێز بگۆڕێ و بە خوێندنەوەیەکی نوێ کۆمەڵگەی ئێران بەرەو گۆڕانێکی جیددی بەرێتە پێش و ئیرادەی خۆی بەسەر دەسەڵاتی رەش و کۆنەپەرستانەی ویلایەتی فەقیه‌دا بسەپێنێ. هەروەها ئەوەی دەیەوێ پارسەنگی هێز بگۆڕێ و خۆڕاگری و هەوڵەکانی، داهاتووی گۆڕانێکی بنەڕەتی بۆ دەستەبەر بکا خەڵکە. بێ گومان لە وەزعێکی وەهادا پێویستە پشت بەو هێزە ببەسترێ و هەموو لایەک یارمەتیدەری بن، کە بە خوێندنەوەیکی نوێ و سەردەمیانە  ئێران بەرەو گۆڕانێکی جیددی بەرێتە پێش و بەر لە گەڕاندنەوەیان بۆ ساڵە ڕەشەکانی سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی بگرێ.