Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۱ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 12/12/2017 |کاتژمێر:
هزروکولتور

دیپلۆماسیی سەربەخۆیی

08/07/2017 | 19:39:59
asazmastoooo
ئازاد مستەوفی

هەروەک لە مانشێتەکەڕا دیارە ئەم چەمکە داهێنانێکی نوێیە لە «دیپلۆماسی تلەفیقی Consolidated Diplomacy» و مەودایەکی بەرفراوان لەخۆ دەگرێ، چونکە هەم باسێکە لەسەر لقێکی دیپلۆماسی و هەمیش باسێک لە سەربەخۆیی و کەڵکوەرگرتن لەم دوو چەمکەیە بۆ گەیشتن بە مەبەستێکی دیاریکراوی سیاسی.

بێگومان «دیپلۆماسیی سەربەخۆیی Diplomacy of Independence» بریتییە لە پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان حیزبەکان، هەوڵی نەتەوەیەکی ژێردەستە بۆ سەربەخۆیی کە دیپلۆماسیش ڕەهەندێکی خەباتەکەیەتی و هەروەها کەڵکوەرگرتن لە دامودەزگای دیپلۆماسی و وەزارەتی دەرەوە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و نەچوونە ژێر ڕکێفی وڵاتانی ناوچە و زلهێزەکان. لەم بابەتەدا باس لە «دیپلۆماسیی سەربەخۆیی بۆ پێکهێنانی دەوڵەت» دەکرێ.

یەکەم بنەمای سەرەکی دیموکراسی، ئازادییە کە پێویستە مەیل بۆ ئازادی لەسەرووی هەموو بایەخەکانی دیکەوە بێ. چونکە ئەگەر مرۆڤ ناسیۆنالیزمی لە ئازادی پێ بەنرختر بێ دوچاری دەمارگرژیی و فاشیزم دەبێ. خوێندنەوەیەكی دیكەش بۆ ناسیۆنالیزم ھەیە كە ڕێك ناسیۆنالیزم و ئازادیی دەخاتە نێو یەك بازنەوە، چونكە نەتەوە یان دانیشتووانی نێو یەكەی جوغرافیایی دەیانەوێ دەوڵەت و سیستەمی بەڕێوەبەریی خۆیان ھەبێ، دەیانەوێ لە ناوەند و داگیركەران ئازاد بن. بۆیە ھەتا گەیشتن بە دەوڵەت ـ نەتەوە ناسیۆنالیزم دەتوانێ ھەر ئازادی بێ؛ قسەكە لەوەدایە دوای گەیشتن بەئازادییە كە شۆڕشگێرەكان نابێ دیكتاتۆر یان لەپێناو وەھمی پاراستنی ئازادی، ئازادییەكان پێشێڵ نەكەن؛ دیارە ئەوە باسێكی دیكەیە بەڵام زۆر گرینگە. یاخود هەر بەو پێیەش ئەگەر مرۆڤ، ئایینی لە ئازادی پێ بەنرختر بێ ئەم گرووپە بونیاتگەرایە توندڕەوە مەزهەبیانەی ئێستەی لێ دەکەوێتەوە کە ڕۆژانە بەبیانووی جۆراوجۆر لە وڵاتانی جیهان، خوێنی خەڵکی بێ‌گوناح دەڕژێنن. بۆیە مەیل بۆ ئازادی لەسەرووی هەموویانەوەیە و کۆمەڵگەیەکی ئازاد بۆی هەیە بەشێوەیەکی ئازادانە دەنگی خۆی بدا و ناکرێ لە وڵاتێک کە ئیدیعا دەکا ڕێز لە دەنگی خەڵک و دیموکراسی دەگرێ، دەنگی خەڵک پشتگوێ بخرێ.

لە مێژووی خەباتی نەتەوەکانی دنیادا لە هەر کوێیەکی ئەم زەوییە کە بۆی دەڕوانی خواستی سەربەخۆیی خواستێکی نەبڕاوەیە کە نوخبەکانی نەتەوەی ژێردەستە هەرکامە و لە بوار و دەرفەتی خۆیدا هەوڵی بۆ دەدا. یەکێک لە فاکتەرەکانی هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی هەر نەتەوەیەک ڕێبەران یان حیزبەکانی ئەو نەتەوەن بۆیە سەرەتا دەبێ خودی حیزبەکان توانیبێتیان تەعامولێکی سەربەخۆیانەیان لەگەڵ بەرامبەرەکانیان لە نەتەوەی خۆیان و هەروەها حیزبەکانی دیکەی نەتەوەکانی دی هەبووبێ. واتە هەم خۆیان سەربەخۆیی سیاسییان پاراستبێ و هەمیشە خواستی سەربەخۆییان لە ڕێی نوێنەرەکانیان لە دانیشتن لەگەڵ حزبەکانی دی شی کردبێتەوە و ئەو خواستە نەتەوەییەی گەلەکەیان ڕاگەیاندبێ.

سەربەخۆیی سیاسی بۆ حیزبێک کاتێک وەدی دێ کە خاوەنی سەربەخۆیی فیکریی و ئابووری بێ بەڵام نەتەوەیەک کاتێک داوای سەربەخۆیی دەکا ڕەنگە لە بواری ئابوورییەوە، مافی کەمینەکان و مافی تاکەکەسی زۆر کێشە و گرفتی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەنددا هەبێ و ئەم گرفتانە بەهۆی ژێردەستییەوە بزانێ کە کاتێک خۆی بگاتە دەسەڵات، دەبێ هەوڵی سڕینەوەی ئەم ستەمانە بدا. بەزۆر لە ژێر چنگی نەتەوەیەکی دیکەدا بوون و زاڵنەبوون بەسەر چارەنووسی خۆتدا، جۆرێکە لە کۆیلایەتی و بێگومان مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە قۆناغی کۆیلایەتی تێپەڕیوە و ئەم دۆخە قبووڵ ناکا.

ئەو بیانووەی کە هەمیشە نەتەوەی زاڵ بۆ سەرکوتی بیری ئازادیخوازیی و سەربەخۆیی دژی نەتەوەکانی ژێردەستەی بەکاری هێناوە «پاراستنی چوارچێوەی خاکی وڵات» بووە. ئەو پێناسەی ئەوان بۆ وڵات یان «Homeland» دەیكەن، ڕێك پێچەوانەی ئەو پێناسە و ڕوانینەیە كە نەتەوەی داگیركراو لێی دەروانێ. ناكرێ یەك نیشتمان لە یەك كاتدا ھی داگیركەر و داگیركراو بێ، بەڵام لەدوای شەڕی جیهانیی دووەم كە میراتەكانی شەڕەكە دابەش كران و ھەندێك وڵات سەربەخۆیی خۆیان وەرگرت، ئیتر بەپاساوی رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی شەڕ و كوشتار، نەتەوە یەكگرتووەكانیش نیشتمانەكانیان بە داگیركەران دا و داگیركراوەكانیش بەشێوەیەكی یاسایی لەسەر خاكەكەی خۆیاندا داگیركرانەوە. داگیرکەران چونکە بەزۆرەملێ بوونەتە حاکم پێیان وایە هەر ئەوانیش سەربەخۆن لە دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی ژێردەستەیان و هەمیشە سەربەخۆیی بۆ نەتەوەکانی دی بەناڕەوا دەزانن بەڵام توانای یاریکردنی نێودەوڵەتی لەگەڵ جەمسەرەکانی دنیا و پێشکەوتنی مافی مرۆڤ و پشتگیرییەکانی ڕای خەڵکی ئازادیخواز و پەیماننامەی جیهانی مافی مرۆڤ کە پێداگریی دەکا لەسەر «مافی چارەی خۆنووسین» و «مافی دەنگدان»؛ دەتوانێ ئەم بیانووەی داگیرکەران مایەپووچ بکاتەوە.

یەکێک لە پێناسەکانی دیپلۆماسی سەربەخۆیی کە بۆ ئەم بوارە باسێکی کورتی دەربارەوە دەکەین، شێوازێکی کەڵکوەرگرتنە لە دیپلۆماسییەت بۆ نەتەوەیەک کە دەیەوێ مافی ڕەوای نەتەوەیی و دیموکراسیخوازیی خۆی بەشێوازێکی مەدەنیانە و لە ڕێی کەڵکوەرگرتن لە ناوەندەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی بۆ وەدیهاتنی کیانێکی سەربەخۆ وەگەڕ بخا. ئەو خاڵە گرنگانەی کە یارمەتیدەری دیپلۆماسی سەربەخۆیین، بەشێوەیەکی کورت ئاماژەیەکیان پێ دەکەین:

_ حیزبەکانی هەر نەتەوەیەک لە ڕێی نوێنەرایەتییەکانیان لە وڵاتانی جیهان بەهەماهەنگی لەگەڵ یەکتر دەتوانن لۆبیی بەهێز ساز بکەن و لە ڕێکارگەلی نێودەوڵەتی کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی کاریگەریی بخەنە سەر حیزبەکانی وڵاتانی دەوروبەریان و هەروەها زلهێزەکان. واتە بەهەمان شێوە کە دەسەڵات هەوڵی بەلاڕێدابردنی داوای ئەوان دەدا ئەمانیش هەر حیزبێک بە ئایدیۆلۆژیای خۆیەوە پەرە و ڕوونکردنەوەی پێویست بدا لەمبارەوە.

_ میدیا و سۆشیالمیدیا لەم نێوەندەدا دەورێکی کاریگەر دەگێڕێ و دەتوانێ بەکەڵکوەرگرتن لە دیپلۆماسی گشتیی دەوری خۆی بگێڕێ بۆ ڕاکێشانی ڕای جەماوەری نیشتمانەکەی و کار بکا بۆ ئەوەی نەتەوەکانی دیکەش لەم داوایەی تێبگەیەنێ و هەوڵی ئاشتەوایی بدا و سەربەخۆیی و دروستبوونی وڵاتێکی نوێ بەمانای دوژمنایەتی لێک نەدرێتەوە. بەڕێوەچوونی بەردەوامی کۆبوونەوەگەلی ئاکادیمی و سیاسی و گرتنی سمینار لە ئاستێکی بەرزدا و دەنگدانەوەی لە میدیاکان بە زمانێکی دیپلۆماسیانە کە ببێتە جێی سەرنجی خەڵکی بیانی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاڵپشتیی دیپلۆماسی سەربەخۆیی.

_ هەڵکەوتەی ستراتیژیی و ژێئۆپۆلۆتیکی دەورێکی سەرەکی دەبینێ لە دانوستانە دیپلۆماسییەکاندا کە دەکرێ زۆر باش کەڵک لە توانای تەناهیی ناوچەی سەربەخۆییخواز وەربگیردرێ و وەکو کارتێکی فشار لە ملمانێکاندا بەکار بێ.

_ هەر حیزبێک بۆ ئەوەی خواستی سەربەخۆیی نەتەوەکەی مسۆگەر بکات پێویستە بەشێوەیەکی دیپلۆماسیانە لەگەڵ نوخبەکانی نیشتمانەکەی، سەندیکاگەلی جۆراوجۆری کۆمەڵگا، چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەی ڕەفتارێکی هەبێ کە خەمەکانیان بڕەوێنێتەوە چونکە هەر ئەوانن کۆڵەکەی سەرەکیی دروستبوونی وڵاتن. نابێ بەشێوەیەک بێ کە حیزبێک ببێتە خاوەنی ئەم پڕۆسەیە بەڵکو دەبێ هەموو حیزبەکان بەدروستکردنی ئەم ئینتیما نەتەوەییە هەستابێتن و لە یەک ئاستدا خۆیان بەخاوەنی نیشتمان و دۆزەکە بزانن.

_ ئابووری ئەو بەشە گرینگەیە کە دیپلۆماسیی نەتەوەیەک کە هەوڵ بۆ سەربەخۆیی دەدا زۆر پێویستە کەڵک وەربگرێ لە ئامارگەلی ورد و دروستی توانا پیشەییەکان، وزە، بەرهەمەکانی کشتوکاڵ و… هەروەها گەشتیارییبوونی نیشتمانەکەی. ڕاکێشانی سەرمایەی وڵاتانی ناوچە و زلهێزەکان یەکێک لە بنەماکانی ئارامی و ئاسایشە بۆ نیشتمان کە لە دواڕۆژی داواکاریی سەربەخۆییدا پشتیوانێکی بەهێزی سیاسیین چونکە ئەو وڵاتانەش لەم بازاڕە نوێیە ئابوورییەدا خۆیان بە براوە و خاوەن سەرمایە دەبینن و هەر ئەوانیش دەتوانن کاریگەرییەکی بەهێز لەسەر ڕای وڵاتەکەیان دابنێن.

لەم بابەتەدا هەوڵ درا لە سێ بەشی دیپلۆماسی سەربەخۆیی، لقی «دیپلۆماسی سەربەخۆیی بۆ پێکهێنانی وڵات» بەشێوەیەکی کورت ئاماژەیەک بە فیکرەکەم بکەم و هیوادارم ئەم بیرۆکەیە گەشەی پێ بدرێ و پەروەردە بکرێ و لە وتارەکانی داهاتوومدا مەجال هەبێ زیاتر بوارەکانی تری دیپلۆماسی سەربەخۆیی واتە «دیپلۆماسی سەربەخۆیی حزب» و «دیپلۆماسی سەربەخۆیی وڵات»یش بە هێنانەوەی نموونەکانیان شی بکەمەوە.

 

 

 

 

١- یەکێک لە گرنگترین باسەکانیی دیپلۆماسی گشتیی، بەکارهێنانی شێوەگەلی جۆراوجۆرە بۆ وەدیهاتنی مەبەستگەلی سیاسی. دیپلۆماسیی گشتیی ڕێگەی لەگەڵ سیاسەتی دەرەوە جیاوازە کە بۆ مەبەستێکی هاوبەش کەڵک وەردەگرێ لە شێوەگەلی دی، بۆ ئەوەی مەبەستەکەی بپێکێ ئاوێتەی دیپلۆماسی دەکا کە باسکردن لەم ئاوێتەکردنە لە بەشی Consolidated Diplomacy دایە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٥.