Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۲۷ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۶| 18/11/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

سندووقەکانی دەنگدان چییەتیی نیزام و خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن

08/07/2017 | 19:21:29
xalid-hasanpur
خالید حەسەن‌‌پوور

دوای هەر هەڵبژاردنێک لە ئێڕاندا پرسی بەشداریکردن و بەشدارینەکردنی خەڵک دەبێتە جێگای لێکۆڵینەوە و مشتوومڕی لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان. لە زۆربەی خەسارناسییەکاندا پرسی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەگەڕێننەوە بۆ کارانەبوونی ئۆپۆزیسیونی سەرانسەری و لە کوردستانیشدا بۆ نەبوونی یەکدەنگی و کۆدەنگیی لایەنە سیاسییەکان.

لەو خولە لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا شەش لایەنی کوردی ڕۆژهەڵات، بۆ یەکەمجار بە یەکەوە سەبارەت بە تەحریمی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و شوڕای شاروگوندەکان رێککەوتن و داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن. بەڵام بە پێچەوانەی ئیجماعی زۆربەی نیزیک بە تەواوی لایەنە سیاسییەکان، جارێکی دیکەش زۆرایەتییەکی بەرچاوی خەڵك بەشداری هەڵبژاردنی سەرکۆماری بوون.

بۆ ئەوەی بزانین تەحریمی هەڵبژاردنەکانی ئێران لەلایەن ئۆپۆزیسیوونەوە چەندە کاریگەر بوون، پێویستە چاوێک بە ئاماری بەشداریی خەڵکی ئێران لە یازدە دەورەی سەرکۆماریدا بخشێنین . ئامارەکان نیشان دەدەن کە لەو یازدە دەورەیەدا لانیکەم 66 لەسەد و لانی زۆر ٨٥ لە سەدی ئەو کەسانەی خاوەن حەقی دەنگدانن، بەشداری هەڵبژاردنەکان بوون. واتە بە گشتی نێوان سەدا ٢٠_٢٥ ی خەڵک لەو یازدە دەورەیەدا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا نەکردوە . دیارە لە زۆر لە بەشەکانی ئێران و یەک لەوان لە کوردستان، ئاستی بەشدارینەکردنی خەڵک زۆرجار گەیشتۆتە ٣٠ لەسەدیش.

پاڵنەر بۆ بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان رەنگبێ زۆربن، کە لەنێو ئەواندا پرسی بێداهاتوویی و سەقامگیربوونی رێژیم دەوری بنەڕەتییان هەیە . بەو مانایە وەختێک کە کۆمەڵانی خەڵک لەکردوەدا دەبینن کە ئەو ڕێژیمە سەرەڕای قەیرانەکانی نێوخۆیی و دەرەکی درێژە بە ژیانی خۆید ەدا و لە سەرپێی خۆی راوەستاوە – دەگەڵ ئەویکە لە ڕێژیمەکە ناڕازین – بەڵام بۆ ڕاییکردنی کاروباری ئیداریی خۆیان دەچنەسەر سندووقەکانی دەنگدان. بەشێوەیەکی گشتی ئەو فاکتۆرە لە ڕووی ڕەوانناسییەوە کارێگەریی زۆری لەسەر خەڵک هەیە و ڕەکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدانیان دەکا و هۆکاری یارمەتیدەر بۆ ئەو وەزعە سیاسییە نەبوونی ئۆپۆزیسیونێکی کارا وکاریگەرە بە تایبەتی لە بەشی ناوەندیی ئێران. دەگەڵ ئەو نەبوون و کەمایەسییە ئەگەر ئۆپۆزیسیونی ئێران و کورد بە گشتی خاوەن خوێندنەوەیەکی ڕاست و دروست لە بارودۆخی وڵاتیش بایەن، هێشتا دەیانتوانی نەهێڵن زیانەکان لەوە کە هەیە زیاتر بن، بەڵام ئەو دووری و دابڕانە لە رووی سروشتییەەوە  ئۆپۆزیسیونیشی تووشی ئەوە کردوە کە نەتوانێ کێشەکان بەوجۆرە کە هەیە ببینێ، بەڵکوو بەو جۆرەی کە پێی خۆشە دەیبینێ و ئەوەش دوو فاقیێەتێکی لە نێوان گوتاری ئۆپۆزیسیون و داوخوازییەکانی خەڵک‌دا دروست کردوە کە دواتر ئەوەی قازانجی لێدەکا کۆماری ئیسلامییە.

خەڵک لە ئێران دەپێشدا بە سەرنجدان بە بارودۆخی سیاستی نێوخۆی وڵات و پاشان هەلومەرجی نێونەتەویی، رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا نابینێ کە داهاتووی نەبێ، هەر بۆیە بە رژدی نایەتە نێو گۆڕەپانێک کە کێشەی خۆی دەگەڵ ئەو رێژیمە یەکلا کاتەوە. دیارە ئەو خوێندنەوەیە ئەوە ناگەیەنێ کە خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی لەو رێژیمە رازین و ئەو رێژیمە بە رێژیمێکی ئیدەئاڵ دەزانن، بەڵکوو دوورە دیمەنی ئەو رێژیمە وانابینن کە داهاتووی نەبێ و بەرەو ڕووخان بڕوا، بۆیە کۆماری ئیسلامی بە مودیرییەتی دۆخەکە قازاجی خی لێکردوە و  هەتا ئەو کاتەی ئەو دۆخە گۆڕانکاری بنەڕەتی بەخۆیەوە نەبینێ، سەرەرای ناڕەزایەتیی خەڵک و نەخوازراوبوونی کۆماری ئیسلامی؛  خەڵک شیلگیرانە لە دژی نایەنە مەیدانەوە.

کە باس لە سەقامگیریی حاکمییەت دەکرێ، ئێستا رەنگبێ ئۆپۆزیسیون ڕەوایی ڕێژیم و ئەو نەوعە سەقامگیرییە بە شتێکی یاسایی و دێمکراتیک نەزانێ، بەڵام بەو سازوکارەی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی تەمەنیدا بۆ ئیدارەی وڵات و پرسی هەڵبژاردنەکان ڕەچاوی کردوە و بەو زاڵبوونەی بەسەر بارودۆخی نێوخۆیی ئێراندا سەپاندوویەتی، توانیویەتی لە مەیداندا بمێنێتەوە.

هەبوونی پێوەندیی ئابووری و دیپڵۆماتیک دەگەڵ جیهانی دەرەوە بە تایبەتی گەورە هێزەکان، زاڵبونی حاکمییەت بەسەر بارودۆخی نێوخۆی وڵات و لەوانەش گرینگتر نەبوونی ئۆپۆزیسیونێکی کارامە، وایکردوە کە کۆمەلانی خەڵکی ئێران بە گۆشەنێگایەکی دیکەوە لە رێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕوانن . گۆشەنیگاکەش ئەویەە کە لە جیاتی پشتبەستن بە ئۆپۆزیسیونێکی دابڕاو و بێ ئادرەس بە تایبەتی لە بەشی ناوەندیی ئێران، نیگاکانیان بڕیوەتە ئاڵوگۆرێک کە تەنانەت لە نێو حاکمییەتدا ڕوو دەدا . دوای ئەوەی لە ساڵی ١٣٧٦ هەتاوییەوە بەربژێرەکانی سەرۆککۆماری تەعبیر لە دوو جیناحی ئوسولگەرا و رێفۆرمخواز دەکەن، بە شێویەکی گشتی لە ئێراندا و بەتایبەتش لە کوردستاندا، باڵی رێفۆرمخواز بەختی زۆرتریان لە باڵەکەی دیکە هەیە. ئەگەر لە بەشەکانی دیکەی ئێراندا رێفۆرمخوازەکان تەقریبەن لە پێش ئوسولگەراکانن، لە کورستانی رۆژهەڵات بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو خەڵک دەنگیان دەدەنێ و  ئوسولگەراکان پێشوازییەکی ئەوتۆیان لێ‌ناکرێ؛ ئەوەش بە هیچ جۆر ئەوە ناگەیەنێ کە خەڵکی کوردستان وەک باڵی ریفۆرمخوازی رێژیم بیر دەکەنەوە، بەڵکوو دروشم و بەرنامە ئابوورییەکانی ئەو باڵە و هەروها هیوا بە کرانەوەیەکی سیاسی لە نەبوونی ئاڵترناتیوی دڵخوازدا، خەڵک هان دەدا کە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

ئەگەر بمانەوێ بەراوەردێک لە نێوان دوو دەورەی دوایەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە کوردستاندا بکەین کە لە هەردووکیاندا حەسەنی روحانی براوە بوە، لە ساڵی ٩٢ دا زیاتر لە سەدا ٣٠ و لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەشدا بە سەدا 40ی خەڵکی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنەکانیان نەکردوە. ئەوە مانای ئەوەیە کە جیاوازی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەمساڵ کە٦ لایەنی کوردستانی تەحریمیان کرد دەگەڵ ساڵی 92 کە کۆدەنگی لە نێوان هێزە تەحریمکارەکاندا نەبوو، 10 لەسەدە، ئەگەرچی وەک لەسەرەتاشدا باس کرا ناکرێ هەموو بایکۆتەکان پاڵنەری سیاسیی لایەنەکانیان لەپشت بێ، بەڵام بێ‌بەڵێنیی حەسەن ڕووحانی بە دروشمەکانی لە خولی یەکەمی سەرکۆمارییەکەی‌دا کارتێکەریی لەسەر ئەو سەدا دەیە بووە.

خەڵكی ئێران و کوردستان گوێیان لە قسەوباس و دروشمی بچوکترین و رادیکاڵترین لایەنی سیاسی دەبێ، بەڵام بیستنی قسە و دروشمەکان شتێکە و بە پیرەوەهاتنی شتێکی‌ترە . تەحریمی ئۆپۆزیسیونی ئێران بە گشتی و کورد بەتایبەتی، وەختێک وڵامی پێویست لەلایەن خەڵکەوە وەردەگرێتەوە کە ئەو ئۆپۆزیسیوونە شوێنکاری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەبێ و  هەتا ئەوکاتەی باڵانسی هێزە بەو جۆرە نەگۆرێ کە هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیونی ئێران ببنە هێزێکی مەیدانی و کاریگەر، پرسی تەحریمی هەڵبژاردنەکان لە کۆماری ئیسلامیدا وڵامی پێویست وەرناگرێتەوە .

بە کورتی پاڵنەری بنەڕەتی کۆمەڵانی خەڵک بۆ چوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان لە نەبوونی بەدیڵێکی دێموکراتیک و کاریگەر و وەزعی شپرزەی ئابووریدا خۆ دەنوێنێ کە خۆی لە ئاوسانی دراوی، نەبوونی کار و ‹›اشتغال»، هەژاری و نەبوونی نانی سەر سفرەدا دەبینێتەوە. ئەو بارودۆخە کەشێکی ئەوتۆی بەسەر خەڵکدا سەپاندوە کە تەنانەت پرسی نان وەپێش پرسی ئازادیش بکەوێ، هەربۆیە خەڵک لە ئێراندا جیاوازییە بچووکەکانی نێو  حاکمییەتیش وەک دەرفەتێک بۆ باشبوونی بارودۆخی ئابووری و سیاسیی چاو لێ‌دەکا.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٥.