Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲۹ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۶| 20/07/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

ناسر ڕەزازی: فرەدینی و فرەزاراوەیی بۆ کورد هەم بەقازانجە و هەم خەساری هەیە بەشی دووهەم و کۆتایی

08/07/2017 | 19:02:09
musaooonaserrazaziii
دیمانه:‌ مووسا باباخانی

کاک ناسر کە سەیری بزووتنەوەی کورد دەکەی، دەبینی زیاتر لە سەد ساڵە لە پارچەکانی کوردستان ئیتر کەم یان زۆر لە خەبات و تێکۆشان دایە، بەشێکی زۆریش لەو بزووتنەوانە شکستیان خواردوە جا هەر هۆکارێکی بووبێ. فرەزمانی و زاراوەیی لەو نێوەدا چ ڕۆڵێکی لە دابڕانی کورد بووە؟

دەزانی چییە، گوناح نییە ئەو فرەزاراوەییە و فرە مەزهەبییە. لە لایەک عەرزم کردی گوتم بە خۆشییەوە کە وایە؛ بەڵام ڕاستە لە لایەکیش کێشەی بۆ ئێمە دروست کردوە. چونکە کێشەکە ئەوەیە کورد بە هۆی ئەو فرەزاراوەیی و فرەمەزهەبییەوە یەک ناگرێ. بۆ نموونە ئێستا ئیمە کوردی فەیلیمان هەیە کە ئەوانە فەهلەوی یان پەهلەوی یان بە کوردییەکەی پاڵەیین. ئەوانە خەڵکی ئیلامن و کاتی خۆی هەڵداژراون بۆ بەغدا و نەجەف ئیستا لەوی ماونەتەوە. بەداخەوە ئەوانە خۆیان بە دوور دەگرن و ئێمەش تاوانبارین و حیزبەکانی ئیمەش تاوانبارن چونکە نەیانتوانیوە لە نێو ئەوانەدا ڕێکخراو و تەشکیلات دروست بکەن. چونکە نەیانتوانیوە بەلای ئێمەیان‌دا رابکێشن ئەوان چوون دەنگیان‌ دا بە موقتدا سەدر، لەبەر چی؟ لەبەر شییعە بوونەکەیان. ئەمن دانیشتووم لە گەڵیان و گلەییان لە ئێمە کردووە، گلەییان لە حیزبەکانی ئێمە کردووە و هەر لەو رۆژانەدا ئەمن چەند کوردی فەیلیم دیوە لێرە لە باشوور، دەڵێ ئیمە لە بەغدا زۆرین حەوسەدهەزار کەس زیاترین و رەنگە ملیۆنێک بین. دەڵێ بەڵام بەداخەوە حیزبەکان نەهاتوون لە نێو ئێمەدا کار بکەن. نوێنەریان لە سلیمانی و هەولێرەوە ناردۆتە بەغدا بەڵام نەیانتوانیوە لە نیو ئەو کوردانەی بەغدا کە شیعەن لە خۆیان نوێنەر دابنێن و بیانهێنن بەلای ئێمەدا. کاتی خۆی لە شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆکایەتیی بارزانی نەمر هەتا ئەمڕۆ ئەوانە بوونیان بوون و بەهەرحاڵ کێشەکە ئەوەیە کە دەبێ بڕۆی کاریان تێدا بکەی. ئەمن فرە زاراوەیی و فرە مەزهەبەکە مەبەستم ئەوەیە کە لە لایەک بۆتە کێشە لە لایەکیش بۆتە هۆی دەوڵەمەندی، بەڵام کێشەکەی زیاترە.

 

چار چییە؟

دەبی کاریان تێدا بکەین، دەبێ کاریان بۆ بکەین، دەبێ ئەوانە لە خۆمان دوور نەخەینەوە. نەتەوەی کورد چەند هەزار ساڵە هەیە، باشە ئەگە تماشای مێژووەکەی بکەی بەداخەوە هەتا ئێستا نەیتوانیوە یەک بگرێ، بەڵام زۆر لە گەورەکانی دنیا لە ماڕی سۆڤیەتی کۆنەوە بگرە لە مینورێسکی‌، یاقووت حەمەوی و لە مستوفییەوە بگرە  تەنانەت لە زۆر لە لێکۆڵەرەکانی ئەو کاتی ئورووپا، هەموو  باسی ئەوە دەکەن کە کورد نەتەوەیەکی زۆر زۆر قارومانە، کورد نەتەوەیەکی شەڕکەرە و کورد نەتەوەیەکی ئازایە؛ بەڵام هیچکات و بە درێژایی مێژوو یەکی نەگرتووە، ئێستا بۆ یەک ناگرێ؟ یەکێک لە کێشەکان زمانە و یەکیک لە کێشەکان ئایینە. بەڵام ئەمن پێموایە دەبێ بە جێگای ئەوانە خەباتی نەتەوایەتی بکرێ بە پلەی ئەسلی لە نێو ئەوانەدا کار بکرێ.

 

کاک ناسر ئێوە باسی جیاوازیی زاراوەکان دەکەن. پێم‌وابێ ئەوە شتێکی ئاساییە مەسەلەن ئێستا زاراوەی هەورامی لەگەڵ زاراوەی موکریانی چەندەی جیاوازی هەیە لە ناو فارسەکانیش هەیە زاراوەی شیرازی لەگەڵ زاراوەی تارانی‌یەک ئەوەندە جیاوازە؟

نا وەک کورد نین و ئەوەندە جیاوازییە نییە

 

ئەوان زمانی ستانداردیان دروست کردوە، لەوانەیە یەکیک لە هۆکارەکانی ئەوە بێ جیاواز‌ییەکانیان کەم کردۆتەوە؟

نەخێر وانییە. تۆ بێنە بەرچاوت ئەو جیاوازییەی کە لە نیوان هەورامی و کرمانجیدا هەیە، یان ئەو جیاوازییەی بڵێین لە نێوان بۆ نموونە سۆرانی و زازاکیدا هەیە کە ئەویش بەلای من هەر لقێکە لە هەورامی وەکوو ئەوە نییە کە لە فارسیدا هەیە.

لە فارسیدا ئەوانە بە “نیم لەهجە”ش نابن بەڵام کاکە ئەتۆ چۆن هەورامی بە لەهجە دادەنێی؟ هەورامی بۆخۆی زمانێکە بەڵام کوردییە، یان شێوەزارێکی کوردییە و زۆر کۆنە. کرمانجیش هەروەها ئەوە نییە ئێستا ئێمە لە باشووری کوردستان  کێشەمان هەیە، ئەوە نییە ئێستا ئێمە باشوور بەڕەسمی بۆتە دوو بەش کرمانجی و سۆرانی. برۆ بادینان سۆرانی نازانن، وەرەوە ناوچەی سۆران کرمانجی نازانن جاران وا نەبوو. ئەوە خەتەرە ئەوەو تەزەنە، تەزەنێکی گەورەیە. ئێمە دەبێ وریا بین دەبێ فریای ئەوە بکەوین. هەر چەند ئەوە ئەگەی دەسەڵات کاری بۆ بکا نابێ بە کێشە، ئەممن پێموایە مافی هەرکام لەو زاراوانە یان ئەو شێوە زارانە ئەوەیە کە دەبێ تا چەند ساڵ لە ناوچەکەی خۆیاندا لە قوتابخانە ئەو زمانە یان ئەو شێوە زاراوەی دایکی خۆیان بخوێنن، ئەوجار بینە سەر فێربوونی زمانی ئیستاندارد. ئەمە ئەگەر وانەبی کیشەمان بۆ درووست دەکا و ئەمەش کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە و دەبێ دەسەڵات چارەی بۆ ببێنێتەوە.

 

کاک ناسر ئێوە تەنیا لەسەر پرسی فەرهەنگی وەکوو زمان و کێشەی دیکە هەڵوێستتان نەبووە، باسی مەسائلی سیاسی دەکەن کە بێ هەڵوێستیش نەبوون. وەک هونەرمەندیکی نەتەوەیی و  وەک ناسر رەزازی چۆن باس لە هەلومەرجی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، بە هەر حاڵ موخاتبی ئەسلی ئیوە لە رۆژهەڵاتی کوردستانن؟

ئەمن خۆم بە ئینسانێکی سیاسی و حیزبی نازانم، ئەمن کابرایەکی گۆرانبێژم و کاری هونەری دەکەم، بەڵام نەخیر بێ هەڵوێستیش نەبووم، هەڵوێستم هەیە و دەشزانم کە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە داخەوە باش نییە.

 

بۆخۆت ڕات چییە؟ پێشنیارت چییە بۆ چابوونی ئەو دۆخە؟ لەو پێناوەدا چیت بە دەستەوەیە؟

هەندێک کارم بە دەستەوە هەیە، چەند هۆنراوەیەکم بە دەستەوەیە و هیوادارم تۆماریان بکەم. کاری هونەریش دیارە بێ کاریگەری نابی و شوێنکاری خۆی دەبێ. بەڵام تەنیا رێگەکەی ئەوەیە کە حیزبەکان دەبێ چارەسەرێک بۆ ئەو بارودۆخە ببێننەوە.

 

یەکیک لەو رێکارانە ڕەنگبێ وەک بەرنامەیەکی کاریی ناردنەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە بێ کە چەند ساڵێکە کەم و زۆر کراوە و  بۆخۆشتان بێ گومان ئاگادارن کە ژمارەیەک پێشمەرگەش شەهید بوون، ئێوە ناتانەوێ سروودێک‌ بۆ ئەو پێشمەرگانە بڵێن؟

دەزانی چییە، ئەوە خراپ نییە. ناردنەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە خراپ نییە بەڵام شەڕ کارێکی خراپە. ئێمە بە شەڕ نەمانتوانیوە تا ئێستا کاریک بکەین. شەڕ ماڵوێرانی دێنێ و هەرچەند ئێمەیان ناچار کردوە کە شەڕ بکەین. ئێمە ناچار بووین کە چەک هەڵگرین و چەکمان وەک پەرچەکردار و بۆ بەرگری لە خۆمان هەڵگرتوە.

بەڵام دەتوانین رێگای دیکەی بۆ هەڵبژێرین. دەتوانین رێگایەکی فەرهەنگی سیاسی بۆ هەڵبژێرین. چاولێکە ئەگەر ئەمرۆ لە باکووری کوردستان بە جێگای ئەوەی شەڕ لە دیاربەکر لە ناوچەی سوور دەبێتە هۆی وێرانیی ناوچەیەک بە ٧٠٠٠ ساڵ تەمەن و مێژوو، ئەوە نەبێ باشترە. با کارێک بکەین بە شێوەیەکی دی خەبات بکەین. دنیای ئەمرۆ دنیایەکی دیکەیە و دنیای چل ساڵ پێش نییە، دنیای ئایتییە، دنیای تۆڕی ئینتێرنێتە، دنیای تێکنۆلوژییە، دنیایەکی پێشکەوتووە و هەر شتێک ڕووبدا ئەوڕۆ بە یەک دەقیقە دەقیقە هەموو دنیا لێی ئاگاداری دەبن، باشترە کە ئێمە رێگایەک هەڵبژێرین خەڵکەکەمان تووشی کیشە نەکەین. خەڵکەکەمان تووشی ماڵوێرانی نەکەین. جاران پێشمەرگە دەڕۆیشتەوە بۆ نموونە لە شاری سنە چالاکییەکی دەکرد یان لە مەهاباد یان لە کرماشان، لە ئیلام یان لە هەر شوێنیک پاش ئەوە پاسدار دەڕژانە ئەو ناوچەیە ئەوەی لە دەستیان دەهات دەیانکرد. بەڵام ئەگە ئیمە بتوانین بە خەباتێکی فەرهەنگی سیاسی بە ڕوونکردنەوەی خەڵک، بە پشتیوانی لە ئەو بنیاتانەی کە لە نیوخۆ کاردەکەن و پیاوی رژیمیش نین، ئینسانی باشن  وخەبات دەکەن کار بکەین ئەوە باشترە.

 

کاک ناسر ئەو پێوەندییە فەرهەنگییەی لە باشوور لە نێوان کورد و عەرەبدا هەیە، یا لە باکوور لە نێوان تورک و کورد؛ ئێوە ئەو پێوەندییە فەرهەنگییە چۆن دەبینن لە ئیران لە نێوان کوردی رۆژهەڵات لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست، واتە فارسەکان؟

خراپ نییە، بەڵام بە داخەوە هەر ئیمەین کە زیاتر سەر بۆ ئەوان دادەنەوێنین. ئەوان ئێمە قەبووڵ ناکەن .

دەکرێ نموونەیەک باس بکەی؟

بەڵێ نموونەت بۆ دێنمەوە. ئیمە لە باشووری کوردستان ئێستا چەند پەنابەرمان هەیە، پەنابەری عەڕەب، دەنا کورد ناڵێم.

وەک باسی دەکەن دەڵێن یەک لە سێی عەرەبە

وایە، دیارە کورد ناڵێم، کوردی رۆژاوا بەخێر بێن، وڵاتی خۆیانە. عەڕەبەکانیش وەکوو ئینسان ئەوانیش بەخیر بێن لە خزمەتیان داین، بەڵام ئەگەر ئێمە لێمان قەومابایە و ڕوومان کردبایە ڕۆمادی و سەماوە وەکوو ئەوەیان دەکرد کە ئێمە بەرامبەر بە ئەوانمان کردەوە؟ من خەڵک دەناسم لێرە عەڕەب هاتووە دانیشتووە مەسەلەن لەو گەڕەکە ئەو دوو ماڵەی ئەملا و ئەولام عەڕەبن. خەڵکی ئێرە بە دەستی عەڕەب ئەنفال کراون، بە دەست ئەوان تێداچوون بەڵام ئەو خەڵکە چوون نان و خواردن و هەموو شتێکیان بۆ بردوون و بەخێرهاتنیشیان کردوون. ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ دڵسافیی نەتەوەی کورد. نەتەوەی کورد چەند کێشەیەکی هەیە کە من چەند ساڵە خەریکم بیری لێدەکەمەوە. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە بەداخەوە نەتەوەی کورد تۆڵەئەستێن نییە و دڵسافە، دڵسادەیە و بەڕەحمە. دوژمنەکەی خۆی ناناسێ بەداخەوە بەداخەوە بەرامبەر بە دوژمن زۆر زۆر دەیخەوینێ. تەجروبە لە ژیانی خۆی وەرناگرێ و یەکگرتوو نییە. کێشەکانمان زۆرە.

 

کاک ناسر ئێوە دەڵین باسی هێندێک تایبەتمەندیی کوردتان کرد دەڵێن تۆڵەئەستێن نییە، پێتان باشە کە وانەبین و تۆڵە بستێنێتەوە؟

تۆڵە بەو مانایە نا کە بچی چییان لێکردووی ئەوەیان بەرامبەر بکەیەوە. بەڵام کورد دەبێ لەبەرچاوی بێ و دەبێ بزانێ کێ دوژمنێتی. مەبەستەکەم ئەوەیە لەم کاتەدا نە فارس و نە تورک و نە عەڕەب برای ئیمە نین، وەکوو دەسەڵات. ڕەنگە هەبێ لە نێو خەڵکەکەدا خەڵکی باش هەبێ کە پشتیوانی لە ئیمەش بکەن، ئێمە دەبێ بە ڕوونی بیڵێین کە دەڵێین عەرەب برای ئێمەیە کام عەڕەب. دەسەڵاتەکە یان خەڵکەکە؟

 

کاک ناسر کەسێک کە هونەرمەندیکی گەورە بی و کاری گەورەی زۆری کردبێ بۆ نەتەوەکەی لەوانەیە زۆر هەڵوێستی، زۆر کاری جێگای پرسیار بن. کورد و فارس دوو نەتەوەی جیاوازن، پرسیارەکەم بۆ ئەوە بوو کە بڵێم ئێمە بەهەر حاڵ ئیشتراکاتی فەرهەنگی و زمانیشمان هەیە ئێوە پێتان وایە ئێمە یەک تیرەین. کورد و فارس؟

ئەمن ناتوانم بڵیم کورد و فارس و تورک و عەرەب یەکن.

 

نا کوردی رۆژهەڵات و فارسەکان دەڵێم، مەبەستم ڕەچەڵەکە؟

وەکوو تیرە بەڵێ، وەکوو تیرە کورد و فارس لە یەک نزیکن وەکوو زمان لە یەک نزیکن، تەنانەت بە جوغرافیاش بەڵام ئەمن هەمیشە گوتوومە کورد فارس نییە، کورد بۆخۆی نەتەوەیەکی دیکەیە بەڵام چەندین ساڵە یان دەتوانم بڵێم چەند هەزار ساڵە لە بەردەستی دەسەڵاتی فارس‌دا بندەستە، ژێردەستە، ئیتر چۆن یەک بگرێ؟ ئەوە کاری دەوێ ئەوە کاری رۆشنبیری دەوێ، کاری فەرهنگی دەوێ کاری سیاسیشی دەوێ، من هەتا ئیستا نەمدیوە لە نێو فارس‌دا ١٠ ڕووناکبیری فارس دیفاع لە مافی کورد بکا، نا ئێستا نەمدیوە 10 ڕوناکبیر و شاعیری فارس چەند هۆندراوە یان دوو شێعریان بۆ کورد و خەباتی کورد گوتبێ. هەتا مەسەلەی کۆبانی ڕووی نەدابوو کە دەچوویە ئەمریکا و کانادا و ئەو شوێنانەی دیکە کوردمان هەبوون خەڵکی ئیلام بوون، خەڵکی کرماشان بوون، خەڵکی شوێنانی دیکە بوون، لە تاران و شوێنی دیکە دانیشتبوون خۆیانیان بە هیچ نەدەزانی، بەڵام کە مەسەلەی کۆبانی رووی دا ناوی کورد بڵاو بۆوە. کچی کورد نەتەوەی کوردی سەبەرز کرد و دوایە هەر فارس بوو دەیگوت باپیرم کوردە و خوشکی نەنکم کوردە و برای ئامۆزاکەم کوردە و ئەوە شانازییەکی زۆر گەورە بوو. بەڵام من خەفەتەکەم ئەوەیە کە هەتا ئێستا هیچ کام لەو نەتەوانە ئامادە نین بڵێن کورد کە میللەتە. لە ئیران‌دا بە قەوممان ناو دەبەن و بە کەمایەتیی مەزهەبی‌مان ناو دێنن. ئەوە  زۆر زەحمەتە و کاری دەوێ. چەند هەزار ساڵە ئیمە بندەستی ئەوانین و ئەوان ئامادە نین لە ئێران‌دا وەکوو میللەت حیسابمان بۆ بکەن وەکوو میلەت مافمان بدەنێ، هەرچەند ماف نادرێ دەستێندرێ.

 

جەنابت خۆت بە ئیرانی دەزانی؟

وەکوو بن دەست و وەکوو ژێردەست نەخێر، خۆم بە ئێرانی نازانم هیج کات. ئەوەم لە مێژە گوتووە.

 

لە کۆتایی‌دا چ پەیامیکتان بۆ لایەنگرانت هەیە؟

ڕێز و حورمەتم هەیە بۆ ئەوانەی منیان خۆش دەوێ. سپاسیان دەکەم کە هەمیشە پشتیوانی‌یان لێ کردووین و ئەوە بۆ من گەورەترین دیارییە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٥.