لە درێژەی ناکۆکییەکان و پچڕانی پێوەندی سیاسی و ئابووریی عەرەبستانی سعوودی و سێ وڵاتی عەرەبی دیکە لە گەڵ قەتەر، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رۆژی دووشەممە١٢ی پووشپەڕ وەڵامی داواکارییەکانی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی ڕادەستی ئەمیری کوەیت کرد.
هەواڵدەریی ئاڵمان لە زمانی مێدیاکانی کوەیتەوە ڕایگەیاند تا ئێستا لە وردەکارییەکانی هەڵویستی قەتەر و داواکارییەکانی چوار وڵاتی عەرەبی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزیری دەرەوەی قەتەر داواکاریی ئەو چوار وڵاتەی ڕەد کردبووە.
عەرەبستان، بەحرەین،میسر و ئیمارات مانگێک لەمەوپێش بە تاوانبار کردنی قەتەر کە پاڵپشتی لە گرووپە توندڕەوەکان دەکا و، لایەنگری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە ، پێوەندییە سیاسی و تیجارییەکانی خۆیان لە گەڵ دووحە ڕاگرت.
دوناڵد تڕامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا و زیگمار گابریل وەزیری دەرەوەی ئاڵمان خوازیاری کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان قەتەر و وڵاتانی هاوپەیمانن.
شرۆڤەکارانی سیاسی بەشێکی بەرچاو لە ناکۆکییەکانی قەتەر و هاوپەیمانەکانی عەرەبستانی سعوودی بۆ پێوەندی قەتەر لە گەڵ ئێران و پاڵپشتی کردن لە حزبوڵڵای لوبنان دەگەڕێنەوە.