لە ئاكامی بۆردوومانی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئامریكا، سەركردەیەكی قاعیدە لە یەمەن كوژرا.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە یەمەن ئاشكرای كرد، لە بۆردوومانێكی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا بۆسەر ناوچەی “وادی ملح” نزیك لە “وەزیع”ی سەربە پارێزگای ئەبیەن لە باشووری ئەو وڵاتە، سەركردەیەكی رێكخراوی قاعیدە بە ناوی ئیبڕاھیم عەدەنی و ڕاوێژکارێكی كوژران.
دوای ھاتنەسەركاری دۆنالد تڕامپ سەرۆكی ئەمریكا، سپای ئەو وڵاتە ھێرشە ئاسمانییەكانی لە یەمەن زیاتركردوون.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستەکان ئەندامانی داعش مافی ئەوەیان نییە باسی ئەبووبەکر بەغدادی بکەن.
داعش ھەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە ھەواڵی كوژرانی سەركردەكەیان راگەیاند، ھەر كەسێك لەبارەی بەغدادی لێدوان بدا ئەشكەنجە دەدرێ.
سەرچاوەیەكی نێوخویی پارێزگای نەینەوا، ئاشكرای كرد، گرووپی چەكدارانی داعش، بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكی كورت لە شارۆچكەی تەلەعفەر، وریاکردنەوەیان داوە ھەر كەسێك لەبارەی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی لێدوان بدا بە لێدانی ٥٠ قامچی سزا دەدرێ.
ئەمە یەكەمین ھەڵوێستی چەكدارانی داعش بووە بەرانبەر بە ھەواڵی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی کە دەگوترێ لە لایەن ھێرشە ئاسمانیەكانی روسیەوە کوژراوە.