Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳۰ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۶| 22/10/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

راپۆرتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە رۆژهەلاتی کوردستان لە سێ مانگی بەهار دا ١٣٩٦

28/06/2017 | 16:47:00
rapportprsheelkari

لەگەڵ کۆتایی‌هاتنی وەرزی بەهار، ئامارەکان دەڵێن کە کوردستانی ئێران لە ساڵی نوێی 1396و لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵەش‌دا بەشی شێری لە سەرکوتکاریی کۆماری ئیسلامی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە هەموو بەستێنەکانی سیاسی، مەدەنی، کۆمەڵایەتی و ئابووری‌دا پێ‌براوە.

بەپێی ئەو داتا و زانیاری‌یانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لای خۆی تۆماری کردوون، تەنیا لە ماوەی سێ مانگی بەهار و سەرەتای ئەمساڵ‌دا زیاتر لە 240 حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان ڕووی داوە.

لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا 37 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری‌ و رەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەوەندە کەسە 18 کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و 19 کەسیش هەر بەو هۆیە بریندار بوون و دەیان سەر ئەسپ‌ و ئێستری ئەو کاسبکارانەش بە کوشت چوون و دەست بەسەر چەندین میلیارد تمەن بار و کەلوپەلیان داگیراوە.

هەر لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا 106 کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگایی‌کرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و 9 کەس لەوان حوکمی ساڵێک تا 15 ساڵ (سەرجەم 497 مانگ) زیندان‌یان بەسەردا سەپاوە و بەندکراوێکی کوردیش سزای ئیعدامی بۆ بڕاوەتەوە. هەر لەو ماوەیەدا بەندکراوێکی کورد کە لە وڵاتی فینلاند‌ ڕا سەردانی ئێرانی کردبۆوە و لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی‌یەکانەوە گیرابوو، بە شێوەی گوماناوی لە زیندان‌دا گیانی لە دەست داوە.

لە ماوەی سێ مانگی بەهاردا 15 بەندکراوی کورد کە بە تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی سڕکەر حوکمی ئێعدام‌یان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێران‌دا لەدار دراون؛ ئەوەش لە حاڵێک‌دا کە مەجلیس دەیەوێ بە پەسندکردنی قانوونێک سزای ئێعدام لەسەر ئەو تاوانانە هەڵبگرێ و سزای زیندان و جێگرەوەی دیکەیان لە بری ئەوە بۆ لەبەرچاو بگرێ. مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بە ڕەسمی داوای لە دەزگای قەزایی کردوە هەتا یەکلابوونەوەی ئەو قانوونە دەست لە ئێعدامکردنی زیاتر لەو 5 هەزار کەسە بپارێزێ کە لەو سۆنگەیەوە سزای ئێعدام‌یان بەسەردا سەپاوە؛ بەڵام دەزگای قەزایی بێ‌گوێدانە ئەو داوایە لە جێبەجێکردنی سزای ئێعدامەکان بەردەوامە.

لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵ‌دا تەقینەوەی مینە لەکارنەخراوەکان لە کوردستان زیاتر لە 22 قوربانیی وەرگرتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی 10 کەس لەوانی ئاشکرا کردوە. هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە 25 کرێکاری کورد لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار کە شوناسی 12 کەس لەوان لەلای ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە. لەوەندە کەسە 10 کەسیان بەهۆی جۆراوجۆری وەک بەربوونەوە لە بەرزایی، بڕق‌گرتن و کەوتنە بن داروپەردوو گیانیان لە دەست داوە و 2 کەسیش بریندار و نقوستان بوون.

ئاماری خۆکوژی‌یەکانیش لە کوردستان بەهۆی کەمتەرخەمیی دامودەزگا دەوڵەتی‌ و حکومییەکانەوە لە ماوەی ئەو سێ مانگەی بەهاردا دیار و بەرچاو بوو. لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا هەر نەبێ 35 کەس لە کوردستان خۆیان کوشتووە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی 23 کەس لەوانی بە ڕوونی تۆمار کردوە.

ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو بەشەی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بە میدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و دروستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە ڕاگەیەندراوە.

بۆ بینینی ئه‌و راپۆرتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە رۆژهەلاتی کوردستان  لە سێ مانگی بەهار دا  به‌ شێوه‌ی “PDF” له‌سه‌ر وشه‌ی ڕاپۆرتی پێشێلکردنی  کلیک بکە