کەماڵ شەریفی رۆژنامەنووسی کورد ماوەی ٩ساڵە لە زیندانی میناب لە دۆخێکی خراپدا ڕاگیراوە.
ئەو رۆژنامەنووسە رۆژی ٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی لە شاری سەقز بە دیل گیراو، لە دادگایەکی چەند خولەکی بە تاوانی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی و هەوڵدان بە دژی نیزام، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سنە، سزای ٣٠ ساڵ زیندان و دوور خستنەوەی بۆ بڕایەوە.
کەماڵ شەریفی پێشتر لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی لە سنووری سەردەشت دەسبەسەر و بە تاوانی سنوور بەزاندن و هاوکاری کردن لە گەڵ حیزبی دێموکرات ماوەیەک لە گرتووخانەکانی شاری سەردەشت و پیرانشار بەسەر برد.
ناوبراو ساڵی ٦٩ دیسان بە تاوانی چالاکیی سیاسی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و لە دادگای ئینقلاب”ی شاری سەقز بە ساڵێک زیندان و لێدانی ٤٠ قامچی محکووم کرا.
کەماڵ شەریفی ساڵی ١٣٧٠ بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنیەکان ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە جێهیشت و بۆ بە ئەندامی حیزب دێموکرات و وەکوو رۆژنامەنووسێک هاوکاری ڕاگەیاندنی حیزب و راگەیاندنەکانی باشووری کوردستانی دەکرد.
رۆژنامەنووس کەماڵ شەریفی ساڵی ٨٧ی هەتاوی بە مەبەستی پێوەندی گرتن لە گەڵ چەند کەس لە ئەدیبان و مامۆستایان گەڕایەوە شاری خۆی بەڵام لە ئاکامی هێرش کردنی هێزە ئەمنییەکانی رێژیم بۆ ساڵ ماڵی کتێبفرۆشیک لە شاری سەقز،یەکێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات شەهیدو کەماڵ شەریفی لەو ماڵە بە دیل گیرا.
دوای چەندین مانگ ئازاروئەشکەنجە دیتن لە گرتووخانەکانی ئیتلاعاتی شاری سەقز وسنە، لە لایەن قازی “شەقایق” بە ٣٠ساڵ زیندان و دوورخستنەوە مەحکووم کرا.
ناوبراو ماوەی ٩ساڵە لە زیندانی شاری میناب لە باکووری ئێران لە دۆخی خراپی جەستەیی و رەوانی ڕاگیراوەو لەم ماوەیەدا لە هەرچەشنە پێوەندی و هەبوونی مافی مولاقات و مورەخەسی بێبەش کراوە.
ناوبراو چەند ساڵ لەمەوپێش لە زیندانی میناب بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە پێشێلکردنی مافەکانی و هەڵسوکەوتی نەشیاوی کاربەدەستانی زیندان بۆ ماوەی مانگێک دەستی دایە مانگرتن و هەر ئەوەش تەندروستی تووشی کێشە کرد. هەروەها ناوبراو ماوەی ٩ساڵ بە دوور خستنەوەی لە شار ی خۆی و ڕاگرتنی لە نێو زیندانیانی دیکە کە تۆمەتی کۆمەڵاتیان لەسەرە بە بێ هیچ مافێک ئازار دەچێژێ.