پەردە لەسەر نوێترین بەرهەمی شاعێرێکی کورد خەڵکی شاری بۆکان بەبەشداری کۆمەڵێک لە شاعێران و هۆگرانی شێعری کوردی هەڵدرایەوە.
ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ١ی پووشپەڕ، پەردە لەسەر کتێبی شاعێری بۆکانی “ئەمین گەردیگلانی” لە ساڵۆنی سیمۆرغی شاری بۆکان لادرا.
ئەو کتێبە شێعرییە بە زمانی کوردی و بە ناوی “زایەڵەی شاخ و قیژەی گوڵەباخ” کەوتە بەر دیدی خوێنەران و هۆگرانی ئەدەب و وێژەی کوردی.
کتێبی زایەڵەی شاخ و قیژەی گوڵەباخ لە لایەن بڵاوکراوەی “زانکۆ” لە دووتوێی ٢٠٨ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کرایەوە.
لەو ڕێورەسمەدا ژمارەیەک لە شاعێران و ڕوناکبیرانی شارەکانی بانە، سەقز، مەهاباد و شنۆ لە کۆڕی پەردەلادان لەسەر نوێترین بەرهەمی ئەو شاعێرە کوردە بەشدار بوون.
لەو ڕێوەڕسمەدا، شاعێری کورد ئەمین گەردیگلانی باسێکی پێشکەش بە بەشداربووانی ئەو کۆڕە کرد.
ئەمین گەردیگلانی لە قسەکانیدا باسی خزمەت به ئەدەبی کوردی کرد که دەبێ پێنووسمان له خزمەت ئەدەبی بەرگری کوردیدا بێ.
هەروەها ئەو شاعێرە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە شێعری شاعێرانی ناسراوی کورد “جەلال مەلەکشا” و”فەرەیدوون ئەرشەدی” وەک نموونە لە شێعری بەرگری کرد.
کتێبی زایەڵەی شاخ و قیژەی گوڵەباخ بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی پێنج ساڵەی ئەو شاعێرە کوردەیە.
شایانی باسە ئەمین گەردیگلانی شاعێر و وەڕگێڕی کورد ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی لە گوندی گەردیگلان سەر بە شاری بۆکان لە دایکبووە و خاوەنی ٣١ بەرهەمی شێعر و چیرۆکی منداڵانە.