دادستانی گشتیی کرماشان ڕایگەیاند ، لەو شارە ٥٠کەس بەهۆی پەیوەندیداربوون بە هێرش و تەقینەوەکانی تاران دەستگیر کراون.
محەممەدحوسێن سادقی، ڕۆژی ڕابردوو ڕاگەیاند، “وێرای ئەوەی کە ٥٠ کەسیان دەستگیر کردووە کە بە دەستێدا بوون لە کردەوە تیرۆریستییەکانی شاری تاراندا تاوانبارن، هاوکات بڕێکی زۆر پشتێنی تەقینەوە، چاشنی ئەلکترۆنی و چەکوچۆڵ دەستی بەسەردا گیراوە”.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردوە “لەگەڵ ئەو تیمانە کە پشتیوانی گرووپە تیرۆرسیتییەکان بوون، بە جیدی هەڵسوکەوت کراوە و چاودێریی توند و وردمان بەسەر سنوورەکاندا هەیە”.
پاش هێرش بۆسەر مەجلیسی ئێران و تەقینەوە لەناو گۆڕێ خومەینی لە شاری تاران، دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن لە شارە جیاجیاکانی ئیراندا چندین کەس و گرووپ و تیمی پەیوەندیدار بەو تاوانبارانەیان دەستگیر کردووە.