Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲۹ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۶| 20/07/2017 |کاتژمێر:
هزروکولتور

ناسر ڕەزازی: خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان لاواز بووە و حیزبەکان دەبێ بۆی بەخەم بن بەشی یەکەم

25/06/2017 | 01:09:37
musaooonaserrazaziii
دیمانە: مووسا باباخانی

پێشمەرگەیەکی هونەرمەند یان هونەرمەندێکی پێشمەرگە؟ ئەو کەسەی کە لە رۆژانی سەخت‌دا کە شەر بەسەر کورددا دەسەپێ بە چڕینی سروودی شۆرشگێری و نیشتمانی دەبنە پاڵنەر بۆ هاندەر بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی رۆژهەڵات سەنگەری خەبات و بەرگری لە مان و مەوجودیەتی گەلەکەیان هەڵبژێرن. ئەو هونەرمەندەی کە وەک خۆی دەڵێ یەکەم کەس بووە کە دەچنە دەرەوەی وڵات هەڵپەرکێ دێننە نێو گۆرانیی کوردی‌یەوە. لەو وتووێژەدا لەسەر ژیانی هونەری و ژیانی سیاسیی هونەرمەند ناسر ڕەزازی دەدوێین:

 

کاک ناسر ئیوە بۆیە ژیانی پێشمەرگایەتیتان هەڵبژارد کە لە ئیران دەرەتانی ئەوەتان نەبوو کە درێژە بە کاری هونەری بدەن یان هەر ئەوەی بۆخۆتان حەزتان لە پێشمەرگایەتی بوو و لە پێناو خەبات‌دا ئەو ڕێبازەتان هەڵبژارد؟

وەک هەموومان دەزانین کورد لە ئێران‌دا جیاواز لە پارچەکانی دیکە هیچ مافێکی نییە، چ مافی سیاسی، چ مافی هونەری تا دەگاتە ئابووری و بەشەکانی دیکە. لە سەردەمی پاشایەتیش‌دا ئێمە دۆخەکەمان هەر ئاوا بوو، پێش ئەوەش هەر وا بووە. بە درێژایی مێژوو ئەو دەسەڵاتانەی ئێران یان ئەو رێژیمانەی لە ئێران بە شوێن یەک‌دا هاتوون هیچ حیسابێکیان بۆ نەتەوەی کورد نەکردوە و کوردیان بە بەشەر نەزانیوە.

پاش ئەوەی کە شۆرشی گەلانی ئێران ڕووی دا، کوردستان لە بارودۆخێکی زۆر زۆر ناخۆش‌دا بوو، دەتوانم بڵیم نەتەوەی کورد یەکەم نەتەوە بوو کە لە ئێران‌دا زانی کە ئەم رێژیمە هیچێکی لێ هەڵناوەرێ. هەر لەسەرەتای هاتن یان هاتنەوەی خومەینی بۆ ئێران پاش ماوەیەکی کورت کاری هونەری هەمووی قەدەغە کران و هیچ بوارێک نەما بۆ ئەوەی کە تۆ لەوێ کاری هونەری بکەی. جیاواز لە کاری هونەری ئەوە گرینگە کە کورد هیچ مافێکی دیکەشی نەبوو. شۆرش لە کوردستان دەستی پێ‌کرد و هەموو شارەکانی گرتەوە. ماوەیەک کە هەموو شارەکان لە دەستی پێشمەرگەدا بوون دەتوانین بڵێین دوو بەرگری زۆر باش کرا. ئیدی وای لێهات رێژیم ئەوەی کە لە دەستی هات کردی. لە کوشتن، لە گرتن و خستنە زیندان هەتا قەڵاچۆ و ئەوەی لە دەستی هات بەرامبەر بە کورد کردی و کوردیش دژ بەو دەسەڵاتە ڕاوەستان. ئەو کات حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە مەیدانی خەبات‌‌دا بوون. خەڵکیش چییان کردبا؟ دەبوا پێشمەرگایەتی بکەن. ئیدی وابوو سەنگەری بەرگریمان هەڵبژارد و لە دەرەوە گروپێکمان دانا بە نێو گروپی بانگەواز. بەڵام بەر لەوەش ئەمن هەر زەمانی شا دەستم بە کاری هونەری کردبوو. بەرهەمی شۆرشگێڕیم هەبوو ئەو کاتەی کە پەیکەری شای دەرکراویان لە ئێران هێنا خوارێ من ئەو کاتە لە رادیۆ تەلەڤیزیۆنی سنە دوو سروودم تۆمار کرد. سروودی «نیشتمان» و سرودی «کوردین و دلێر». هەتا شەش مانگیش بە شاهیدی کاک ناسری سینا و  کاک بەرزان شاسوار ئەو سرودە نیشتمانییە لە رادیۆ تاران‌دا ئارمی یەکێک لە بەرنامەکان بوو بەڵام دوایە کە زانیان چییە لایان برد، ئیدی بەمجۆرە لە ریزی پێشمەرگایەتی‌دا درێژەمان بە خەبات و کاری هونەری دا.

کاک ناسر بەر لەوەی ئینقلاب بکرێ و بەرلەوەی سروودی شۆڕشگێڕی بڵێی شێوازی کارە هونەرییەکانتان چ بوو و ئیلهامتان لە کام گۆرانیبێژ وەردەگرت؟

ئەمن بەر لەوەی کە شۆرشی گەلانی ئێران دەست پێ‌بکا و بەر لەوەی کە بێمە نێو ریزی پێشمەرگایەتی، وەکوو گۆرانیبێژێک ناسرابووم و ناوبانگم گەیشتبووە باشوور و باکووری کوردستانیش. کاتی خۆی لەبەر ئەوەی کە پیشتر لە باشووری کوردستان شۆرشی ئەیلوول لە ئارا دابوو گۆرانیبێژی باشمان هەبوون کە شتی شۆڕشگێڕ‌ییان دەگوت؛ بۆ نموونە مامۆستا تاهیر تەوفیق، مامۆستا ساڵح دیلان، فوئاد ئەحمەد و جەلال عەزیز. ئەوانە لەسەر من کاریگەرییان دانا و جیاواز لەوەش هونەرمەندانی نەمر حەسەن زیرەک و محەممەدی ماملێ و عارف جزراویش کاریگەرییان لەسەر من بووە. بەڵام دەتوانم بڵێم کە ئەمن بۆخۆم لە تەمەنێکی کەم‌دا گەیشتمە ئەو ئاستەی کە خۆم ئاواز دابنێم و پاشان گۆرانیی فۆلکلۆری کوردیش بڵیمەوە و لە فەوتان رزگاریان بکەم.

کاک ناسر ئەو کاتەی سروودی شۆرشگێریت دەگوت دەتزانی کە هەر ئەو سروودانە ژمارەیەکی زۆر لە لاوان دێنێتە نێو ریزەکانی پێشمەرگایەتیی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان؟

بەڵی ئاگادارم جارێکیان وەکوو بیرەوەری لە بیرمە لە «تییەت» دایکێک،[ ئەو کات دایکی پێشمەرگە زۆر دەهاتن بۆ دەرەوە بۆلای ڕۆڵەکانیان] یەکێک لە دایکەکان گوتبووی ئەرێ ئەوە ناسر رەزازی‌یە کامەیە دەڵی: « کوردستانەکەم مایەی حەیاتم، پێشمەرگایەتی ڕێگای نەجاتم»؟ ئەمنیش چوومە خزمەتی و سڵاوم لێ‌کرد و گوتم ئەمنم. دوایە گوتی نا گاڵتە دەکەم، گوتم نا گاڵتە نیوەی راستە.

کاک ناسر مانەوەتان لە باشووری کوردستان چەندی خایاند؟ چونکی دەزانین ڕێژیم دواتر کوردستان و ناوچە ئازادکراوەکانی گرتەوە و ئێوە هاتنە باشوور و دوایەش کە ناچاربوون ریی هەندەران بگرنە بەر.

تا نزیکەی بەهاری 1364 ئێمە لە نێوخۆی وڵات بووین و  دوایە هاتینە باشووری کوردستان. کار و جووڵەی پێشمەرگەش لە شێوەی پارتیزانی لێ‌هات. کاتێکیش کە ئیدی کە دەرفەت و بوار و ئیمکان بۆ کاری هونەری لە شاخ نەما، وردە وردە ڕوومان لە دەرەوەی وڵات کرد.

کاک ناسر ئێوە تا ئەو کات بە ڕەسمی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوون؟

ئەمن لەسەرەتادا لەگەڵ یەکیەتیی نیشتمانی بووم. هەر لە ساڵی 1356ی هەتاوی لەگەڵیان ئاشنا بووم و ساڵی 1357 کە شۆڕشی گەلانی ئێران بەسەر داهات پاش ماوەیەک لە لایەن کاک فاتیحی شیخولئیسلامی کە ئێستا ماوە و کاک عەتای حاجی ئەمین بەگ کە بەداخەوە گیانی بەخت کرد و نەماوە، دوو نامەم بۆ هات. ئەوان گوتیان کە ئێمە وەک کۆمەڵە ڕادیۆمان دامەزراندوە و پێمان خۆشە بێی و لەگەڵمان کار بکەی و لەو شۆرشەدا بەشدار بی. نامەکان ماون، ئیدی ئەمن بەمجۆرە چوومە نێو کۆمەڵەوە.

کاک ناسر ئێوە بۆخۆتان باشتر دەزانن کەسێک کە نازناوی هونەرمەندێکی نەتەوەیی پێدەدرێ، ئەو کەسایەتییە دەبێ بە مڵک و سامانی ئەو خەڵکە. ئێوە ئەو کات واتان بیر نەدەکردەوە کە لە جیاتی ئەندامی حیزبێکی موشەخەس بن باشتر وایە لەگەڵ هیچ حیزبێک‌دا نەبن؟ چونکی ئەو کارانەی ئێوە کردووتانە چ لە ڕووی هونەری و چ لە ڕووی سیاسی هەمووی خزمەت بەو پرسە بووە.

بەڵی راستە هونەرمەند خۆی دەبێ ئازاد بێ و هیچ بەربەستێکی نەبێ، بەڵام ئەو کات بارودۆخەکە ئاوا بوو. تۆ ناچار بووی کە لایەک بۆخۆت هەڵبژێری. ئێمە وەکوو بیر و باوەر ئەو کاتە بە کۆمەڵە نیزیک بووین. هەر چەند ئەمن بە هیچ شێوەیەک نەبووم بە بەرئەندامیش؛ لە بەر ئەوە ئەمن ئینسانێکی نەتەوەیی بووم و هەموو کاتێک بۆ زیندووکردنەوەی فەرهەنگ و زمان و ئەدەبی کوردی تێکۆشاوم. دیارە هەر ئەو کات ئەمن هاتوچۆی حیزبی دێموکراتیشم دەکرد و لەگەل هاورێیانی حیزبی دێموکرات دۆست بووم، تەنانەت کۆچکردوو کاک کەریمی حیسامی لە بیرەوەرییەکانی‌دا ئاماژەی پێ کردوە کە من وەک کۆمەڵەیەک هاتوچۆی ئەوێم دەکرد. دیارە من هەمیشە نەتەوەیی بیرم کردۆتەوە گوتومە کە کێشەی کورد نە کومونیسمە و نە ئیسلام.  کێشەی کورد نەتەوەییە و تا ئێستا هەر بەو جۆرە ماومەتەوە.

کاک ناسر حاشا لەوە ناکرێ کە هیچکام لە هونەرمەندانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە قەت ئێوە بەشیان بە سرودی شۆرشگێری و نیشتمانی‌یەوە نییە، بەڵام سروودێکی ئێوە لە کورددستان دەنگدانەوەی تایبەتیی هەبوو، ئەویش «دەلالۆ» بوو. ئێوە ئەو سروودەتان بۆ کێ گوت؟

بەڵێ ئەوە راستە کە دوای شۆرشی گەلانی ئیران ئەمن یەکەم کەس بووم کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سروودم گوتوە و تاکوو ئێستاش هەر بەردەوام بووم. خۆتان باش دەزانن بۆ کۆبانی، بۆ شەنگال، بۆ ریفراندۆم و بۆ پرسی ژن ئەمن تا ئیستا نەوێستاوم. هەرچەند وەکوو جاران هەڵسووڕ نیم کە دیارە ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە. بەڵام سروودی دەلالۆ، کاتی خۆی کە دوکتوور جەعفەری شەفیعی گیانی بەخت کرد و کاک شێرکۆ بێکەس ئەو هۆنراوەیەی بۆ گوت و دواتر کاک سەلاح موهتدی‌ش پەخشانێکی بەسەردا هەڵکوت؛ ئەمن هۆنراوەکەی شێرکۆم کە ناوی دەلالۆ بوو تۆمارکرد، بەڵام بڵاوبوونەوەکەی هاوکات بوو لەگەڵ شەهید بوونی دوکتور قاسملوو.  دیارە بۆ من ئەو ئازیزانە هیچ جیاوازیەکیان نییە و هەموویان لە ڕێی کورستان‌دا گیانیان بەخت کردوە و هەموویان جێگای رێزن بۆ من.

یەکێک لەو هۆکارانەی ئەو گۆرانییە ناوبانگی دەرکرد جگە لەوەی حیماسی بوو، وەک گوتم لە نێو خەڵک‌دا وا بڵاوبۆوە کە بۆ دوکتور قاسملوو گوتراوە. ئەی چۆنە کە دوکتور قاسملوو شەهید بوو، شتێکی لەو چەشنەمان لە ئێوە نەدی؟

دیارە ئەمن پیشتریش باسم کرد. ئێمە هەرکاممان بۆخۆمان رێگای خۆمان هەڵبژاردبوو، ئەوکات هەم کۆمەڵە بۆخۆی گروپێکی هەبوو هەم حیزبی دێموکرات کۆڕی هونەریی خۆی هەبوو و هات و چۆی یەکترمان دەکرد. تەنانەت ئەو کاتیش کە ئێمە هەرسێ لایەکەمان، واتە یەکیەتیی نیشتمانی و کۆمەڵە و حیزبی دێموکرات ئەوانیش گروپیکیان هەبوو کارمان دەکرد. پێم گوتی ئەوەی لە ڕێگای کوردستان‌دا گیانی بەخت کردبێ، ئەوەی کە بۆ کوردستان خەباتی کردبێ بۆ من جێگای رێزە؛ ئەوەی دیکە تەنیا دەگەرێتەوە بۆ  بیر و باوەری ئێمە کە ئەو کات لە نێو کۆمەڵەدا بووین و ئەگەر لە حیزبی دێموکرات دا بایەم بەڵی ئەو کارەم دەکرد. خۆ ئەگەر لە حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەش‌دا نەبایەم و لە لایەکی دیکە بام دیسان هەر بەو بیر و باوەڕە دەچووینە پێش.

کاک ناسر ئێوە ئاماژەتان بەوە کرد کە کە وەک هونەرمەندیکی نەتەوەیی هەڵوێستت بووە لەسەر ڕووداوە سیاسییەکان، وەک ریفراندۆم و شنگال و کوبانی. خەڵکی رۆژهەڵات زیاتر کاتێک هەڵویست دەگرن کە بابەتەکە هی پارچەیەکی دیکەی کوردستان بی، ئەمن دەپرسم بۆ وایە؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەو قۆناغەدا لاواز بووە یان هۆکارێکی دیکەی هەیە؟

هۆکارەکە بە داخەوە دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کە خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان لاواز بووە. کاکە گیان ئەمن و تۆ و هەموومان ئینسانین و ئینسانیش ئاسن نییە و هەڵوێستی هەیە. تۆ وەختێک دەبینی کە حیزبەکانت ئاوا پارچە پارچەن ئەم بۆ بە ٤ بەش و ئەو بووە بە ٢ بەش و ئەوانی دیش هەر بەو دەردە، تۆش ئینسانی خەفەتی لێ  دەخۆی و پێت ناخۆشە کە لە کاتێکی ئاوادا شۆرشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە داخەوە ئێستا ئێمە مەقەڕەکانمان لێرەیە نەبێت بە کارتێک کە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی دایبنێی. ئیمە هەمیشە ئاوات و ئارەزوومان ئەوە بووە کە حیزبەکانمان یەک بن و یەک‌بگرن. ئا چەند خۆش بوو لەو ماوەیەدا کە هەموو پێکەوە دانیشتن هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماریان بایکۆت کرد.

بەشێکی بەراستی دەگەرێتەوە بۆ نائومێدی ئینسان وەختێکی نائومێد بێ چێ بکا کاری پێ ناکرێ و تووشی کێشە دەبێ تووشی دەستەوەستان دەبێ؛ هەمووی مەبەستم خەڵک و پێشمەرگەیە.

چار چییە؟ بە بڕوای تۆ چارەسەر و رێکار کامانەن؟

ئەمن پێم‌وایە کە ڕێز و حورمەت بۆ یەکتر دانانێن، دەنا من پیم‌وانییە ئەو حیزبانەی کە ئێستا لێرە دانیشتبێتن هیچ نەکەن. نا خەبات دەکەن بەڵام ئەمن ئەوە بە باشتر دەزانم کە ڕێز و حورمەت بۆ یەکتر دابنێن، لانیکەم هیچ نەبێ یەک بگرن و بەرەیەک دروست بکەن. ئەگەر ناشبنەوە بە یەک بەرەیەک دروست بکەن کە وەڵامی خواست و ویستی ئەو خەڵکە بدەنەوە.

ئێوە بۆخۆتان ئاماژەتان بە هەڵوێستی هاوبەشی ئەو شەش حیزبەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە پێکەوە هەڵبژاردنەکانی ئێران‌یان بایکۆت کرد، ئێوە لەو بارەوە چ کاردانەوە و هەڵوێستێکتان هەبوو؟

ئەمنیش لەو روونکردنەوەی کە دامنابوو باسم کرد، تەنانەت لەو پەیامەش کە بۆ کوردەکانی ورمێ ناردبووم لەوش هەر باسم کردوە و دەتوانی گوێی لێی بگری.

باشە ئەوە ئی هەڵبژاردنەکانی پێشتر نییە؟

نەخێر ئەوە هی 6-7  مانگ لەوەپێشە. ئی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە ساڵۆنی سۆناهالن لە ستۆکهۆڵم ئەمن داوام کرد کە حیزبەکان یەک‌بگرن چونکی پانتورکیزم لە ورمێ خەریکن کوردەکان وەلادەنێن، خەریکن کێشە بۆ کورد دروست دەکەن؛ ئەویش لە کاتێک‌دا زۆرترین دانیشتووانی ورمێ و دەورووبەری ورمێ کوردن کەچی کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانی پانتورکیزمەکان کارێک دەکا کە کورد زەربی سفر بکا. ئێمە داوامان لە خەڵک کرد کە یەک بن و پشتیوانی یەکتر بن و خەباتێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بکەن، هەرچەند ئەورۆ لە ئیران‌دا هیچ کەس ناتوانێ خزمەتی کورد بکا ئەگە ئاڵقە لە گوێی کۆماری ئیسلامی نەبێ.

کاک ناسر ئێوە وەکوو هونەرمەند ناسر رەزازی سەبکی تایبەت بە خۆتان هەیە؟

بەڵێ ئەمن دەمێکە بوومەتە خاوەنی سەبکی خۆم، هەر لە تەمەنێکی زۆر زۆر کەمەوە. لەو کاتەوە کە من ئاوازم داناوە تا ئێستا. بەڵام ئەوە من نابێ باسی بکەم، دەبێ خەڵک باسی بکا چونکی خۆش نییە ئەمن بەخۆم‌دا هەڵبڵێم. ئەوە خەڵک دەبێ باسی بکا ئەوانەی کە شارەزای کاری هونەرین و ئەوانەی کە شارەزای بواری موسیقان.

ئەو کەسانەی خاوەن سەبکی خۆیانن دەبێ ڕەنگدانەوەی کارەکانیان لە نێو دنیای هونەری کۆمەڵگاکەیان‌دا ببیننەوە. لە نێو هونەرمەندانی دیکەی ڕۆژهەڵات‌دا کەسێک هەیە شوێن سەبک و شیوازی ئێوە کەتبێ؟

بەڵێ زۆر کەس هەن. زۆر گۆرانیبێژ هەن کە پەیرەوی لە گۆرانیبێژ ناسری رەزازی دەکەن. لە کرماشان هەیە، لە ئیلام و سنە هەیە هەتا دەگاتە مهاباد و شارەکانی دیکە. خۆت ئەوە باش دەزانی ئەوە کاتی خۆی حسێن سەفامەنش، ئەوە سیروسی ئیمامی و زۆر کەس هەن کە بمەوێ باسیان بکەم.

کاک ناسر باسی کرماشانت کرد، یەکێک لە کۆڵەکەکانی هونەر هەم لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنانەت لە ئاستی ئێرانیش دا کرماشانە. ئێستا زۆر گۆرانیبێژی سەرکەوتووی ئەو کرماشان و ئیلام پەیرەوی لە سەبکی ئێوە دەکەن، ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە بۆخۆیان ئەو هەموو گۆرانیبێژە گەورەیەیان هەیە. ئێوە پێتان وایە هۆکارەکەی چییە؟ ئایا  ئەوە بۆ ئەو گوتارە کوردییە دەگەڕێتەوە کە لەوێ زاڵە؟

بەڵێ دەلیل زۆرە. جیاواز لەوەی کە رێگە نادرێ کاری هونەری لەوێ بە رێکوپێکی بکرێ و دەبێ لە ٧ خوانی رۆستەم  تێپەرێ، بەڵام هەن کەسانێک کە  ئەو کارە دەکەن وزۆر کەس هەن کە کەوتوونەتە شوێن بۆ نموونە شەقڵی ناسری رەزازی.

دیارە ئەوە بەشێکی دەگەرێتەوە بۆ ئەو خەباتە نەتەوەیی‌یەی ئەمن کردوومە.

دیارە ئەمن ناڵیم شتێکم کردوە و ئەوەی کردبێتم وەکوو ئەرکێکی نەتەوایەتیی دەبینم، چوونکە هەر کوردێک لە جێگای خۆیەوە ئەوەی کە لە دەستی دێ دەبێ بیکا و ئەرک تەنیا پێشمەرگایەتی نییە. باشتێکت پێ بڵێم ئێمە نابێ ئەو خەڵکەی کە لە ناوەوەن بە هیچیان بزانین، نا ئەوان هەن لە نێو دەمی گورگ‌دا بەڵام ئێمە هەین لە دەرەوە وئەوە زۆر زۆر گرینگە.

کاک ناسر زۆر بابەت کە پێوەندی بە پرسی کوردەوە هەیە ئێوە کارتان لەسەر کردوە. گۆرانی گوتن، بواری زمانەوانی و کاری فەررهەنگی و تێی‌دا سەرکەوتوو بوون. ئێوە لە زۆر لە وتووێژەکانتا‌دا باسی یارسانەکان دەکەن، کارم بە لایەنی ئیعتیقادی و دینییەکەی نییە و وەک لایەنی فەرهەنگی و موسیقایی بۆم گرینگە بزانم ئێوە چۆنە ئەوەتان لا گرینگ بووە؟

با یەک شتت پی بڵێم، بە داخەوە یان بە خۆشی‌یەوە هەرچی بێ کورد نەتەوەیەکی فرەمەزهەب و فرە زاراوەیە یان فرەزمانە. جیاواز لەوەی کە کورد بەشێکی موسوڵمانە و شیعە و سوننی لێ بۆتەوە،  بەڵام ئێمە سێ ئایینمان هەیە یان باشترە بڵیم ئایینێکمان هەیە کە چەند لقی لێ بۆتەوەو و ئەم ئایینە خۆجێیە. ئەم ئایینە ئایینی کۆنی کوردە چوونکە ئێمە بە زۆر کراوین بە مسوڵمان. ئەم ئایینە دەمێکە لە کوردستان‌دا هەیە ئەم ئایینە بە زمانی کوردی هاتووە هەتاوەکوو ئەورۆ. بە زمانی کوردی نیاوە و نیایشەکانیان هێناوە هەتا ئێستاش. بەشێک لە نەتەوەی کورد لە کوردستان یارسانە کە لە ئیران‌دا پێیان دەڵێن ئەهلی حەق و لێرە پێیان دەڵێن کاکەیی؛ هەرووەها بەشێکی دیکەمان هەیە کە ئیزەدین لە سورییە و لە باشوور و لە باکوور دەژین، پاشان عەلەویمان هەیە کە ئەوانە شیعە نین و وەکوو یارسان تیرەیەکن لە یارسان. ئێستا بە هەرحاڵ ئەگەر تیرەیەکیش نەبن بۆخۆیان ئایینێکن کە ئەگەر بێتوو بەراوەردیان بکەی و لەبەر یەکیان دابنێی  هیچ جیاوازییەکیان نییە. یانی یارسان و عەلەوی و کاکەیی و ئیزەدی ئەگە لە پاڵ یەک‌دا دابنێی دەبینی تەمبوور لە نێو ئەوان‌دا پیرۆزە، مەلەکە تاووس وەک یەکیک لە فریشتەکان لە نێویان‌دا پیرۆزە. باشە ئەوانە تا ئێستا بە کوردی هاتوون و وەک چۆن یەکێک لە کۆڵەکەکانی مووسیقای ئێران کوردی‌یە یەکێکش لە کۆڵەکەکانی موسیقای کوردستان موسیقیی یارسانەکانە. ئەوان ٧٥ مەقامیان هەیە کە رەدەی دیکەشی لێ دەبێتەوە. مەبەستم ئەوەیە کە ئەوانە نابی بە کافر دابندرێن، ئەوانە ئایینی خۆجێیی خۆمانن. ئەوانە کوردن و خەڵکی کوردستانن و کۆنترین تیرەشن کە شارنشینییان دەست پێ‌کردوە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٤.