خدری عەلی نەژاد ناسراو بە خدری مام حوسێنی خەڵکی “شیوەجۆ”ی ناوچەی ڕەبەت کۆچی دوایی کرد. ڕۆژی هەینیی ڕابردوو٢ی پووشپەڕ (٢٣ی ژوئەنی ٢٠١٧)، خدری مام حوسێنی، دۆست و خەمخۆری دێرینی تێکۆشەرانی دیموکرات لە ناوچەی ڕەبەت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
هۆگری و خۆشەویستیی خدری مام حوسێنی بەرامبەر بە حیزبی دیموکرات دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی بە تایبەتی ئەو کاتەی کە حیزبی دیموکرات مووچە و شیو و دۆڵەکانی ئاوایی شیوەجۆی بۆ بنکەی دەفتەری سیاسی هەڵبژارد. مووچەی کاک خدر و براکەی و بنەماڵەکەی یەک لەو مووچانە بوو کە بنکەکانی دەفتەری سیاسییان تێدا هەڵکەوتبوو. لەو کاتەوە خەڵکی شیوەجۆ و گوندەکانی دەروبەر بە گشتی و بە تایبەتی بنەماڵەی خدری مام حوسێنی پتر ئاشنا و هۆگری حیزبی دیموکرات و ڕێبەرانی ئەو حیزبە بوون. لە دوای ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوییشەوە کە بنکەکانی دەفتەری سیاسی لەم ناوچەیە نەمان، خەڵکی شیوەجۆ و ماڵی خدری ماموسێنی، هەموو کات پەناگە و پشتیوانی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات بوون. مام خدر لەم ساڵانەی دواییش دا هەر کە زانیبای تیمی کادر و پێشمەرگەکانی دیموکرات هاتوونەوە ناوچەی ڕەبەت، خۆی دەگەیاندنێ و وێڕای نوێکردنەوەی پەیمانێک کە کاتی خۆی بە ڕێبەری شەهید د.قاسملووی دابوو، هەر هاوکارییەکی لە دەستی هاتبا پێشکەشی دەکردن.
تەرمی کاک خدر هەر دوێنێ هەینی بە بەشداریی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر بە خاک سپێردرا و پرسە و سەرەخۆشییەکەشی لەو مووچانەی شیوەجۆ کە ڕۆژگارێک بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکرات بوون، بەڕێوە چوو.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک خدری عەلی نەژاد(خدری مام حوسێنی) بە گەرمی سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی، خەڵکی شیوەجۆ و ناوچەی رەبەت بە گشتی دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ. یادی کاک خدر بەڕێز و ڕەوانی شاد.