هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ڕێبەریی ئامریکا فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمب هەڵگری دەسـتکردی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە سووریە خستە خوارێ .
ڕۆژی ڕابردوو هاوپەیمانانیی نێودەوڵەتی لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی ئامریکایی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی جۆری شاهد 129 لە ناوچەیەک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی تەنەف لە نزیک سنوورەکانی ئوردن خستووەتە خوارێ.
هەروەها لە بەیانـنامەدا هاتووە هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ چاوپـۆشیەک ناکەن لە ئاست ڕەفتار و نیازە دوژمنکارانەکانی حکومەتی سووریە لە بەرامبەر ئەو هێزانەی لە سووریە شەڕی داعش دەکەن و هاوپەیمانان پشـتیوانیان لێدەکەن.
کاربەدەسـتێـکی ئامریکا بە ئاژانسی هەواڵدەریی فڕانس پـرێسی گوت، فڕۆکەکە بە شێوەیەک لەسەر هێزەکان دەخولایەوە کە گومانی لێدەکرا نیازی بۆردومانکردن بووبێ.
شایانی باسە ئەوە دووهەمین فڕۆکەیە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لە لایەن هاوپەیمانانەوە لە سووریە بخرێتە خوارێ.