سەرچاوە زانیارییەکانی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کە مووشک هاویشتنی سپای پاسداران بۆ سەر مۆڵگەی داعش لە “دیرالزور”ی سووریە ناسەرکەوتوو بووە.
رۆژنامەی تایمیز ئاف ئیسرائیل” دوای چەند رۆژ لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی مووشک هاویشتنی سپای پاسداران، لە ڕاپورتێک لەو بارەوە دەڵێ: توێژەرانی ئیتلاعاتی و نیزامی ئیسرائیل دوای بەدواچوونەوەیەکی ورد دەریانخست کە مووشک هاویشتنی ئێران بە شوێنی مەبەست نەگەیشتووەو بە پێچەوانەی بانگەشەی سپای پاسداران ، ناسەرکەوتوو بووە.
لە ٦مووشکی زوڵفەقار کە لە مێژە کۆماری ئیسلامی مانۆری لەسەر دەدا تەنیا یەکیان لە خاکی سووریە داکەتووەو ئەویش لە شوێنێکی دوور لە مەبەستی مووشک هاویشتنەکان.
هەروەها چەند مووشکی دیکەش هەر نێوانی عێراق و سووریە بەربوونەتەوە
بە پێی راپۆرتی رۆژنامەی تایمز ئاف، فیلمە بڵاوکراوەکان لە دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران کە باسی لە ئاکام گەیشتنی مووشکەکان دەکرد ساختەیە و دوورە لە ڕاستی.
دەفتەری پێوەندییەکانی سپای پاسداران و چەندین ماڵپەر و مێدیای سەر بەو ڕێکخراوەیە بە دەرکردنی بەیاننامە و ڕاپۆرت بە شێوەی بەربڵاو باسیان لە سەرکەوتوو بوونی مووشک هاویشتنەکانیان دەکرد ، بەڵام هیچ زانیاریەک لەسەر ڕادەی خەسار و زیانی ئەو مووشک بارانە لە هیچ ماڵپەڕێک بڵاو نەکراوەتەو، هەتا مێدیاکانی ئیسرائیل و چەند کارناسی نیزامی ناسەرکەوتووبوونی مووشک هاویشتنی سپای پاسدارانیان لە قاو دا.
توێژەرێک بەناوی ئەحمەد یاری بە رۆژنامەی تایمز ئافی وت: سپای پاسداران چەندین ساڵە لە بیانوو بوو، هەتا هێزی مووشکی خۆی تاقی بکاتەوەو بەو شێوە هەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل بکا، بەڵام دەرکەوت کە توانایی وای نیەو ئێمە لە سەرکەوتوو نەبوونی مووشک هاویشتنەکانی بۆ سەر خاکی سووریە وێنەمان هەڵگرتوە.
تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەرپرسانی سپای پاسداران سەبارەت بە ڕاپۆرتی رۆژنامەکانی ئیسرائیل و گرتە ڤیدیوی بڵاو کراو کە باس لە سەرکەوتوو نەبوونی مووشک هاویشتنەکانی سپا دەکا هیچ وڵام و هەڵوێستیان نەبوو.
شەوی ٢٨ی جۆزەردان سپای پاسداران لە ژێر ناوی تۆلە ستاندن لە داعش بە بۆنەی رووداوی ١٧ی جۆزەردانی تاران لە دوو پارێزگای کرماشان و سنە ٦ مووشکی بۆ سەر مۆڵگەی داعش لە سووریە هاویشت.
لە یەکەم چرکە ساتی ئەو رووداوە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە ، بەتایبەتی کە هاوکات بوو لەگەڵ هەڕەشە کردنی رێبەری نیزام و بەرپرسانی سپا لە دژبەرانی رێژیم.
بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی ئەو کارەی سپای پاسداران بە چەند مەبەست لێکدەدەنەوە یەکەم چاوترساندنی وڵاتانی ناوچە وەکوو عەرەبستان و ئیسرائیل
دوویەم مانۆڕی سیاسی سپای پاسداران بوو لە وڵامی گەمارۆە نوێیەکانی ئەمریکا بۆسەر ئەو ڕێکخراوەیە.
لە لایەک دیکەش لە دوای شەڕی ئێران و عێراق، یەکەم مووشک هاویشتنی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، ئەگەری رووبەرووبوونەوەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی زیاتر کرد.
بەتایبەتی کە سپای پاسداران بەو مووشک هاویشتنە کە ویستی توانایی مووشکی خۆی نیشان بدا، ئەگەرچی ئاکامەی ناسەرکەوتوو بووە بەڵام گوشار بۆ سەر گەمارۆی مووشکی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە چڕتر دەکاتەوە.
لەوبارەوە وتەبێژەی وەرزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی ٣٠ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە ئەمریکا جموجۆڵە مووشکییەکانی کۆماری ئیسلامی بە وردی و لە نیزیکەوە چاوەدێری دەکا.