دوای کۆبوونەوەی سکرتێری گشتیی حدک کە بە مەبەستی باسکردن لە ئاکامی شەشەمین پلینۆمی حیزب پێکهاتبوو و یەکێک لە خاڵەکانی باسی پیلنۆم تەرخان کرابوو بە پرسی یەکگرتنەوە ، کەمال کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرپەرەستی هەیئەتی دانوستان کردن لەگەڵ حدکا سەبارەت بە پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و چونیەتی بەڕێوە چوونی پرۆسەی یەکگرتنەوە، لە لێدوانێکی کورتدا بۆ کوردستان وکورد، چەند خاڵی جێگای سەرەنجی خستەڕوو
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕەوتی دانیشتنەکان لەگەڵ حدکا لەو بارەوە ڕایگەیاند؛ پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لە لایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە گرینگی زۆری پێدراوە و ئەو جارە لە دوای چەند جار دیداری هەردوولا هەیئەتی حیزب راسپێردراوە کە ، بە جیدی ئەو مەسەلە بخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە و درێژە بە دانیشتنەکان بدا.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی:
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هێنانە بەر باسی ئەو خاڵە بنەڕەتییانەی بۆ یەکگرتنەوە و دڵنیابوون لە دابین کردنی داهاتوویەکی باش بۆ حیزبی دێموکرات، دەستی هەیئەتی حیزبی ئاواڵە کردووە کە ئەگەر لەسەر خاڵە بنەڕەتییەکانی یەکگرتنەوەی هەر دوو حیزبی دیموکرات بە تەوافۆق گەیشتین هەتا کۆنگرەیەکی هاوبەش بە یەکەوە لە ژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا درێژە بە تێکۆشان بدەین.
دیارە وەک باس کرا ئەو بابەتە بەستراوەتەوە بە رێککەوتن لەسەر هەموو خاڵەکانی دیکە، کە لە دانیشتنەکانی داهاتووماندا دەبێ باسیان لێ بکەین.