رۆژنامەی گاردیەنی بریتانیایی راپۆرتێكی لەبارەی شەڕەكانی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری سووریە و عێراق، بە تایبەتی لە شارۆچكەی بەعاج كردوە، ئاماژەی داوە كە ئامانجەكەی دروستكردنی رێگایەكی وشكانییە لە تارانەوە بۆ بەیروت.
مارتین تشولوف پەیامنێری گاردیەن رایگەیاندوە كە ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە لەگەڵ ئەو گرووپ و میلیشیانەی ئەودیوی سنووری سووریە كە ئێران هاوكارییان دەكا، یەكتری بگرنەوە.
ئەو پەیامنێرە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی عێراق ئەنجام داوە و پێداگریی لەسەر سەركەوتنەكانی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە دژی داعش كردۆتەوە و ئاماژەی بەوەش داوە كە ئامادەن هەماهەنگی و هاوكاری بۆ لێدانی تیرۆیستان لە ناو خاكی سووریە و عێراق بكەن بەڵام ئەمە دەبێ بە رەزامەندی نێوان هەردوو حكوومەت بێ.
هاوكات رۆژنامەنووسەكەی گاردیەن ئاماژە بە وێرانبوونی شارۆچكەی بەعاج دەكا و لە مەهدی موهەندیس دەپرسێ بۆچی بەو شێوەیە ئەو شارۆچكەیە وێران كراوە؟ لە وەڵامدا دەڵێ بۆ ئەوەی جارێكی دیكە و بەناوێكی دیكە داعش سەرهەڵنەداتەوە و باشترین رێگەش وێرانكردنی شوێنەكانیانە.