Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۹ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۶| 20/09/2017 |کاتژمێر:
چالاکی

یادی ٣٧ی ساڵەی ڕادیۆ دەنگی کوردستان کرایەوە

17/06/2017 | 15:55:20
radioooooo37

پێش نێوەڕۆی رۆژی شەممە ٢٧ی جۆزەردان کە ڕێکەوت بوو لەگەڵ ٣٧ مین  ساڵیادی دامەزرانی رادیۆ دەنگی کوردستان لە ژووری رادیۆ دەنگی کوردستان لە قەڵای دێموکرات  بە ئامادەبوونی بەشێک لە کارگێڕان و  بێژەرانی دەنگی کوردستان ئەو یادە کرایەوە.

لەو یادەدا بە بەشداریی سکرتیر گشتیی حدک و چەند کەس لە ئەندامانی رێبەری و هەروەها کادرو تێکۆشەرانی راگەیاندنی حدک، سەرەتا کەماڵ کەریمی بەرپرسی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر کاریگەریی و رۆڵی پوزتیڤی رادیۆ دەنگی کوردستان لە گەیاندنی دەنگی مافخوازانەی گەلی کورد بە کۆمەڵگەی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانی دا بە ئاماژەدان بە ئاستەنگ و کۆسپەکانی سەر رێی دامەزرانی رادیۆ دەنگی کوردستان وتی: لە هەلومەرجی هەستیاری بەربەرەکانی و خەباتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات، پێویست بە هەبوونی  ڕاگەیاندنێک  هەبوو  بۆ گەیاندنی دەنگی تێکۆشەرانی دێموکرات بە خەڵک و، هەرئەمەش  بۆ بە هۆی  دامەزرانی ڕادیۆ دەنگی کوردستان کە بەهەق لەو بارەوە بە هەوڵ وماندووبوونی بەڕێوەبەران و وردبینی کەسانێک وەکوو شەهید دکتور سادق شەڕەفکەندی  سەرکەوتوو بوو.

کەماڵ کەریمی هەروەها وتی: ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە نێو سەنگەری تێکۆشەرانی کوردستان بۆ یەکەمجار دەنگی کوردی  بە خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەیاند.

لەو ماوە زەمانییە‌دا ڕادیۆ دەنگی کوردستان بە هەوڵ و ماندوویی خەمخۆران و کارگێڕانی بە وەجی دێموکرات  توانی ببێتە ڕاگەیاندنێکی ئاشنا و جێی متمانە، تەنانەت بۆ نەیاران و دۆژمنانی گەلەکەمانیش.

لە بەشێکی دیکە لەو رێوڕەسمەدا مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای رێزگرتن و دەستخۆشی کردن لە سەرجەم کادرو تێکۆشەرانی راگەیاندنی حیزب بەتایبەتی زەحمەتکێشانی دەنگی کوردستان لەسەر جێگەو پێگەی رادیۆ دەنگی کوردستان لەسەردەمی خەباتی چەکداریی کە زمانحاڵی شیاوی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو،  لەوبارەوە کۆمەڵێک بیرەوەریی کە لە خۆشەویستی و جێکەوتنی ئەو دەنگە دلێرە،  حەکایەتی دەکرد بۆ ئامادەبووان گێڕاوە.

شایانی باسە دەنگی دلێر و مافخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناسراو بە ڕادیۆ دەنگی کوردستان کە سەرەنجەکانی بۆ بەشێکی زۆر لە خەڵکی گوندو شارەکانی کوردستان جێگای سەرەنج بوو، رۆژی ٢٧ جۆزەردان  پێی نایە ٣٨ساڵەی تەمەنی خۆی و، بەم بۆنەوە بەناوی ناوەند هەواڵی کوردستان و کورد، لەسەرجەم هاوڕێیانی تێکۆشەری بەشی رادیۆ پیرۆزبایی دەکەین و یاد و ناوی شەهیدان و تێکۆشەرانی کوچکردووی  سەنگەری ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتیش  بەرز و پیرۆز بێ.