Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 23/11/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

یادێک لە قارەمانی شەهید، مەنسوور ئاروەند لە دوو ساڵەی لە داردرانی دا

15/06/2017 | 10:37:06
mensur-arwandokakqader
قادر وریا

ڕۆژی یه‌کشه‌مه‌ی 24ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٤، بۆ بنەماڵەی بەندیی سیاسیی کورد مەنسوور ئاروەند و بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی، ماوەیەک پێشتر ئەو بەندییە  سیاسیه کوردەی، له به‌ندیخانه‌ی میاندواو- ئیعدام کردوە. جەللادەکانی کۆماری ئیسلامی  کاتێک هەواڵی ئێعدامکردنی مەنسوور ئاروەندیان بە بنەمالەکەی ڕاگەیەند کە ماوەیەک بوو ئەو لاوە شۆڕشگێرە دیموکراتەیان  ئێعدام کردبوو. بەو حاڵەش  نەک هەر تەرمی ئەوشەهیدەیان نەدایەوە بە بنەماڵەکەی، بەڵکوو شوێنی بە خاکسپاردنەکەشیان  لە بنەماڵەکەی ئاشکرا نەکرد.

***
مه‌نسووری ئاروه‌ند لاوێکی کوردی خەڵکی مەهاباد بوو. ساڵی ١٣٥٤ له مه‌هاباد له بنه‌ماڵه‌یه‌کی نیشتمانپه‌روه‌ردا، له دایک ببوو. هەر لە زێدەکەی خۆی  دەرسی خوێند ودیپلۆمی وەرگرت. عه‌لاقه‌یه‌کی زۆری به وه‌رزش‌‌ هەبوو و ببوو بە  وه‌رزشکارێکی ناسراوی شاری مەهاباد. مەنسوور کە نەتەوە و نیشتمانی خۆی خۆش دەویست، لە ڕێگای وەرزشەوە هەوڵی دا خزمەت بە لاوانی مەهاباد بکا. ئەو دەیزانی ئیعتیاد  بە ماددە سڕکەرەکان و  زۆر مەترسیی دیکە لە سەر ڕێی لاوەکان هەن کە  بەشێک لەو داو و دیاردە نالەبارانە لە لایەن خودی کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانیەوە لە کوردستان پەرەیان پێ دەدرێ. بۆ ئه‌وه‌ی لاوەکان  بۆ لای تێکۆشانێکی سالم ڕابکێشێ، باشگایه‌کی وه‌رزشیی پێک هێنا. بەو هۆیەوە کە خۆی کەسێکی خۆشەویست و جێگای ڕێزی خەڵک بوو، هەر وەها به هۆی پێکهێنانی ئه‌و باشگا وەرزشییە و بانگەواز کردنی لاوانی شار بۆ هاتنی باشگاکە و گرنگیدانیان بە به په‌روه‌رده‌ی جه‌سته‌یی‌‌و رۆحیی خۆیان، خه‌ڵکێکی زۆر له لاوانی مه‌هاباد ڕوویان له باشگاکه‌ی کرد. مەنسوور به ئاگاهییه‌وه ئه‌و کاره‌ی ده‌کرد. مەبەستی ئەوە بوو لاوه‌کان له باری جه‌ستەییەوە، له باری ڕۆحی‌‌و له باری فکرییه‌وه ئینسانێکی سالم بن و خۆیان بۆ خزمه‌تی کۆمه‌ڵگاکه‌یان ته‌رخان که‌ن نه‌ک بکه‌ونه داوی کۆماری ئیسلامی‌و پشت له نه‌ته‌وه‌که‌یان بکه‌ن. خۆشەویستی و شوێندانەر بوونی مەنسوور ئاروەند لە نێو لاوەکان دا،  تا دەهات پتر دەبووە جێگای نیگەرانیی کاربه‌ده‌ستانی ئیتلاعات‌و دام‌و ده‌زگاکانی  دیکەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی  لەو شارە.

مەنسووری ئاروەند، له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی هه‌تاوی، پێوه‌ندیی به ته‌شکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه گرت‌و بوو به‌ ئه‌ندامی ته‌شکیلاتی حیزبی دێموکرات. لە ماوەی هاوکاری لە گەڵ تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دیموکرات، ساڵ بە ساڵ و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر، هۆگریی  دەکەوتە سەر حیزبەکەی و خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان. هه‌تا ئه‌وکاته‌ی لە لایەن  ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە گیرا، ئه‌وه‌ی بۆ حیزبی دێموکرات له ده‌ستی ده‌هات درێغی نه‌کرد. له‌و ساڵانه‌ی دوایی‌دا به ڕاده‌یه‌ک هه‌ڵسووڕ بوو که کۆمیسیۆنی ته‌شکیلات پێشنیاری ئه‌وه‌ی کردبوو وه‌کو کادرێکی نهێنیی حیزبی دێموکرات له نێوخۆ بێ‌ که به داخه‌وه گیراو ئیدی نه‌کرا یا نه‌یتوانی ئه‌وخزمه‌تانه‌ی له ده‌ستی دێ ئه‌نجامیان بدا.

ساڵی١٣٩٠، مەنسوور ئاروەند کە لە مێژ بوو کەوتبووە ژێر چاوەدێریی دەزگای سەرکوت و جاسووسیی کۆماری ئیسلامی، گیرا و کەوتە ژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە. ساڵی ١٣٩١ حوکمی ئیعدامی درا. مەنسوور له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که حوکمی ئیعدامی درابوو له زیندانیش‌دا نموونەی خۆڕاگری بوو، مایه‌ی دڵگه‌رمیی زیندانیانی دیکه‌ بوو. ئه‌وانه‌ی که له ‌گه‌ڵی له به‌ند‌دا بوون ده‌زانن چ ئینسانێکی خۆڕاگر بوو، چۆن زیندانیه‌کانی دیکه‌ی بۆ خۆڕاگری، بۆ سه‌ردانه‌نواندن هان ده‌دا. له‌ حاڵێکدا که حوکمی ئێعدامیشی درابوو به‌رده‌وام خۆی‌و بنه‌ماڵه‌که‌ی له ژێر ئه‌زیه‌ت‌و ئازاردا بوون، چونکە حازر نه‌بوو ته‌سلیمی ویست و داوای ئەشکەنجەگەران بێ. زۆرجار بیانوویان پێ ده‌گرت، هه‌رجارەی له زیندانێك ڕایان ده‌گرت. ساڵی ١٣٩٣، به هۆی نفووزو خۆشه‌ویستییه‌ک که له نێو به‌ندییه‌کان‌دا هه‌یبوو، به تایبه‌تی ئه‌و کاته‌ی کە مانگرتنی به‌ندییه‌ سیاسیه‌کان له ورمێ هەبوو، له‌وانیان هه‌ڵاواردو هێنایه‌نه‌وه بۆ مه‌هاباد بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو زیندانییه‌کانی دیکه‌دا نه‌بی‌و نه‌توانێ ئه‌و کاریگه‌ریه‌ی هه‌یه‌تی له سه‌ر ئه‌وان، بینوێنێ. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شیان بڵاو کرده‌وه‌ کە حوکمی ئێعدامه‌که‌ی ده‌ره‌جه‌یه‌ک ته‌خفیف دراوه. هەمووی ئەوانە بۆ ئەوە بوو لە بەرامبەریان دا سەر دانوێنێ و ئامادەی هاوکاری لە گەڵیان بێ.  به‌ڵام مەنسوور بۆ خۆی ڕێژیمی دژە کوردی کۆماری ئیسلامی بە گشتی و دەزگای سەرکوت و جاسووسییەکەی باش ناسیبوو و  دەیزانی دەنگۆی تەخفیف درانی سزای ئێعدامەکەی، ڕاست نیە و بۆ مەبەستی  بە چۆک داهێنانی ئەو، بە گوێی هەڵ دێنن.
مەنسوور، لەو ماوەیە دا کە لە بەندیخانە بوو، ئه‌وه‌نده‌ی مه‌جالی په‌یوه‌ندی به خزم‌و که‌س‌و بنه‌ماڵه‌‌و دۆستانیه‌وه ده‌بوو، وه‌فاداریی خۆی به حیزبە‌کەی‌و به ئامه‌نجه‌کانی نیشان دەدایه‌وه‌. کاربەدەستانی  دەزگای جاسووسی و سەرکوتی جمهوری ئیسلامی هه‌موو توانای خۆیان به کار هێنا بۆ ئەوه‌ی شتی به سه‌ردا بسه‌پێنن. بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی ئه‌وه‌نده‌ی ئیعترافی لێ وه‌رگرن کە به ناو دادگاکانی ئه‌و ڕێژیمه‌ توندترین حوکمی له سه‌ر دەر بکه‌ن. ئه‌وان که ڕقێکی زۆریان له مه‌نسوور هه‌بوو، هه‌موو هه‌وڵی خۆیان دا که ئه‌وه‌نده‌ی فشار بۆ بێنن، ئه‌وه‌ندی ئێعتراف پێ بکه‌ن یا به‌ڵگه‌ی لێ بستێنن که دوایە بیکه‌ن به سه‌نەدێک بۆئه‌وه‌ی له دادگادا حوکمی ئیعدامی پێ سادر بکه‌ن‌و به‌مجۆره داخی خۆیانی پێ بڕێژن. به‌ڵام ، چونکه مەنسوور ئاماده نه‌بوو دژی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی ، دژی هاوڕێیانی خۆی بوه‌ستێ و، ئاماده نه‌بوو ئه‌و نهێنیانه‌ی له سینگی‌دا بوون بیاندرکێنێ، سه‌ره‌نجام داخی خۆیان پێی رشت‌و له بنه‌ماڵه‌که‌ی، لە حیزبی دێموکراتی کوردستان‌و له نه‌ته‌وه‌که‌یان‌ئه‌ستاند‌و شه‌هیدیان کرد.‌
دیارە ئێعدامی لاوانی خەباتکاری کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، شتێکی تازه نییه. دوژمنایەتیی گەلی حەقخواز و خەباتکاری کورد،  له گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی‌دا، له دایک بووه‌. ئەو ڕێژیمە هەر کە زانی گەلی کورد لە جیاتی سەردانەواندن و تەسلیم بوون، داوای مافەکانی خۆی دەکا، شەڕی لە دژی ڕاگەیاند. هەر لە شاری مەهاباد و لە دەیەی ٦٠ هەتاوی، چەندین جار بە پۆل لاوە کۆڵنەدەرەکانی ئەو شارەی، گوللە باران کرد کە نموونە هەرە دیارەکەیان ئێعدامی ٥٩ لاوی ئەو شارە لە ڕۆژێک دا بوو. تا ئه‌و ڕێژیمەش له سه‌ر کار بێ، ئیعدامی لاوانی ئازادیخواز بە داخەوە درێژەی دەبێ. بەر لە ئێعدامی مەنسوور ئاروەند ، کۆماری ئیسلامی، لاوی وەکوو فەرزادی کەمانگەر کە مامۆستای قوتابخانە بوو، لە گەڵ پۆلێکی دیکە لە لاوانی کوردی ئێعدام کردبوو. ئه‌و رێژیمه بناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی له سه‌ر دابین کردنی ڕه‌زامه‌ندیی خه‌ڵک دانه‌ڕ‌شتوه، ده‌یهه‌وێ به هه‌ر قیمه‌تێک لە دەسەڵات دا بمێنێته‌وه، جا ئه‌گه‌ر ئه‌و مانەوەیە بە  قیمه‌تی ئیعدامی هه‌موو ڕۆژێی پۆلێک لە لاوان له کوردوستان‌و سه‌رانسه‌ری ئێرانیش بێ، دەستی لێ ناپارێزێ. ئیعدام به‌شێکه له ناوەرۆک و شوناسی کۆماری ئیسلامی، هه‌ر بۆیه‌شه له ئاستی دنیادا پله‌ی یه‌که‌می هه‌یه له ئیعدامی لاوان‌دا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی به ده‌لیلی ماهییه‌تی دیکتاتۆرانه‌و دژی ئینسانی‌و کۆنه‌په‌رستانه‌ی لێی چاوه‌ڕوان ده‌کرێ که له داهاتووش‌دا لاوان به تایبه‌تی له سه‌ر خه‌بات و تێکۆشان بۆ ئازادی ئیعدام بکا. بەڵام  گه‌لی کورد و حیزبی دێموکرات، له یه‌که‌م نه‌ته‌وه‌‌و یه‌که‌م پێکهاته‌کانی ئێران و یەکەم هێزەکان بوون بوون که سه‌ریان بۆ کۆماری ئیسلامی دانه‌نواندوە. ڕۆڵەکانی ئەو گەلە سەربەرزە و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات، چ وەک پێشمەرگە له سه‌نگه‌ری بەرگری له چیاکان‌دا، چ وەک تێکۆشەرانی خەباتی نهێنی له نێوخۆی کوردستان‌دا  لە گەڵ کۆماری ئیسلامی لە بەربەرەکانی دان و لە گیانی خۆیان نرخی ئەو خۆراگری و بە چۆک دانەهاتنە دەدەن.

مه‌نسوور ئاروه‌ند کە هه‌ڵسووڕاوێکی  بوێر، دڵسۆز‌و نه‌ترسی ته‌شکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووو ئاماده بوو سه‌ر‌و گیان‌و ماڵی له پێناو حیزبی دێموکرات‌دا ببەخشێ، به‌هۆی ئه‌و خزمه‌تانه‌ی به حیزبی دێموکراتی کوردستانی کردبوو، سەرەڕای چەند ساڵ بەندکران و دیتنی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر، سەرئەنجام لە جۆزەردانی ١٣٩٤ له لایه‌ن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئیعدام کرا.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهید کرانی ئەو لاوە قارەمانە، نەک هەر شاری مەهاباد، بەڵکوو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ مەرگی ئەو ماتەمبار بوو. کۆماری ئیسلامی کە  تەرمی ئەو شەهیدەشی نەدابۆوە  بە بنەمالەکەی و هەواڵی ئێعدامکردنەکەشی بە چەند حەوتوو درەنگتر بە بنەمالەکەی راگەیاندبوو، لە هاوخەمیی خەڵک لە گەڵ بنەماڵەی شەهید مەنسوور، نیگەران بوو. هەر بۆیە هەڕەشەی لە بنەمالەکەی کرد کە نابێ ڕێو رەسمی سەرەخۆشی بۆ  ئەو ئازیزەیان دابنێن. بێشەرمی و دڕندەییان لەوەش تێپەراند و هەر لەو ڕۆژە دا برای شەهید مەنسووریان دەستبەسەر کرد بۆ ئەوەی بنەمالەی مەنسوور چاوترسێن ببن و پرسە و سەرەخۆشی دانەنێن. بەڵام  بنەماڵەکەی و خەڵکی مەهاباد گوێیان بەم  جۆرە هەڕەشە و کردەوانە نەدا. نەک هەر لە نێوخۆی مەهاباد بەڵکوو لە شارەکانی دیکەی کوردستانەوە، خەڵک خۆیان گەیاندە ماڵی مەنسووری ئاروەند و هاوخەمیی خۆیان پێ ڕاگەیاندن.  خەڵکی مەهاباد و لاوانی دلسۆز لە شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر بەداخبوونی خۆیان لە مەرگی ئەو لاوە قارەمانە راگەیاند. ئەوان سەلماندیان کە کۆماری ئیسلامی تەنیا توانیوێتی جەستە و گیانی مەنسووری ئاروەند لە حیزبی دیموکرات و نەتەوەی کورد بستێنێ، بەڵام بە شەهید کردنی ئەو لاوە خۆڕاگرە، ناوی ئەو و ڕێگا و ئامانجەکانی ئەوی پتر لە پێشوو بە کوردستان دا بڵاو کردەوە و هۆگر و لایەنگری بۆ زیاد کرد.

***

لە دووهەمین ساڵەی شەهید بوونی مەنسووری ئاروەند دا، وێرای دووپاتکردنەوەی سەرەخۆشی و هاوخەمیمان لە گەڵ هاوسەر و جگەرگۆشەکانی ئەو شەهیدە و دایک و باو و خوشک و برا سەربەرزەکانی، جارێکی دیکە لە گەڵ گیانی مەنسووری ئاروەند پەیمان نوێ دەکەینەوە کە ڕێگاکەی و گیانی بە ناحەق ئەستێندراوی، لە بیر ناکەین. گیانی شەهید مەنسوور و بنەمالەکەی و لاوانی هۆگر و هاوخەباتی مەنسووری ئاروەندیش دڵنیا دەکەینەوە که حیزبی دیموکراتی کوردستان به لێبڕاوییه‌وه ڕێگای شه‌هید مه‌نسوور، و هەموو شەهیدە سەربەرزەکانی  دیکەی درێژه دەدا. مەنسوور ئاروەند شەهیدی بە چۆک دانەهاتووی نێو سەنگەری بەندیخانە بوو. ئەرکی  ئێمە درێژەدەرانی ڕێگای شەهید مەنسوور و شەهیدانی سەنگەرەکانی دیکەی خەبات ئەوەیە لە هەر کوێیەک بین، لە ڕیزەکانی خەباتی نهێنی لە نێو شار و گوندەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، یا لە سەنگەری پێشمەرگایەتی و تێکۆشان لە ولاتانی جۆراوجۆری جیهان دا بین، به‌و ئامانجانه‌ وەفادار بین که ئه‌و شه‌هیدانە گیانیان له پێناویان‌دا به‌خشیوه . ئەرکمانە خەبات بکەین تا ئەو ئامانجانە وه‌‌دی‌ دەهێنین.ئه‌و ئاڵایه‌ی که مه‌نسوور له گه‌ڵ هاوڕێیانی له نێو شاری مه‌هاباد لە هەلومەرجێکی سەختدا بەرز‌و شەکاوەی ڕاگرتبوو‌و خه‌باتی بۆ ده‌کرد، ئه‌و ئاڵایه،‌ ئاڵای خه‌بات‌و تێکۆشان تا وه‌دیهێنانی ئازادی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌رز ڕادەگرین.
سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هید مه‌نسوور، سه‌ربه‌رزی بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی و بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که وه‌ک شه‌هید مه‌نسوور گیانیان له پێناوی نه‌ته‌وه‌کەیان‌و ئامانجه‌ به‌رزه‌کانیان دا ده‌بەخشن