Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۶| 23/06/2017 |کاتژمێر:
راگەیەندراوەکان

په‌یامی هاوخه‌میی ده‌فته‌ری سیاسیی حدک به‌بۆنه‌ی کۆچی دوایی کاک عه‌زیز محه‌ممه‌د

01/06/2017 | 11:09:11
azizmahamadddd

به‌ڕێز کاک کاوه مه‌حمود سکرتێری گشتیی حیزبی شیوعیی کوردستان !

له‌گه‌ڵ سڵاوی برایانه !

هه‌واڵی کۆچی دوایی هاوڕێ عه‌زیز محه‌ممه‌د که‌سایه‌تیی سیاسیی ناسراوی کورد و سکرتێری پێشووی حیزبی شیوعیی عێراق ئێمه‌شی وه‌کوو هه‌موو دڵسۆزان و هۆگرانی ناوبراو غه‌مبار و به‌داخ کرد.

کاک عه‌زیز محه‌ممه‌د جیا له‌وه که له‌ریزی رێبه‌ره کۆمۆنیسته هه‌ره به‌ئیعتبار و جێگای رێزه‌کانی ناوچه بوو، نه‌ته‌وهپه‌روه‌رێکی راسته‌قینه‌ش بوو. ئه‌و ته‌واوی ژیان و هزر و توانای خه‌باتکارانه‌ی خۆی هه‌م له‌پێناو یه‌کسانیی نێوان مرۆڤه‌کان و هه‌م له رێگای ئازادیی گه‌له‌که‌ی‌دا سه‌رف کرد.

به‌هۆی که‌سایه‌تیی به‌ڕێز و جێگای متمانه‌ی نه‌مر عه‌زیز محه‌ممه‌د، ناوبراو له چاره‌سه‌ری کێشه نێوخۆییه‌کانی ناوماڵی کوردیش به‌تایبه‌تی له باشووری کوردستان ده‌وری کارای گێڕا و له‌نێو کورده‌كانی رۆژهه‌ڵاتیش‌دا خاوه‌نی جێگه و پێگه‌ی تایبه‌ت به خۆی بوو. دۆستایه‌تیی ناوبراو له‌گه‌ڵ دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکڕات بۆ زیاتر له نیو سه‌ده له‌وه پێش ده‌گه‌ڕێته‌وه و دواتر له ته‌واوی بڕگه‌كانی ژیانی سیاسیی خۆی و حیزبی شیوعیدا دۆستێکی دڵسۆز و پشتیوانێكی راسته‌قینه‌ی حیزبی ئێمه و بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو.

به له‌ده‌ستدانی کاک عه‌زیز محه‌ممه‌د هه‌موو لایه‌كمان سه‌روه‌رێکی خۆشه‌ویست و شوێندانه‌رمان له‌ده‌ست دا. به‌و هیوایه‌ که یاده‌وه‌ری و په‌یامه‌ ئینسانیی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانی ئه‌و سه‌رکرده نه‌مره ئیلهامبه‌خشی هه‌نگاوه‌ خه‌باتگێڕی و نیشتمانییه‌کانی له‌مه‌ودوای هه‌موو لایه‌ک بێ.

له‌گه‌ڵ ناردنی سڵاو بۆ رووحی نه‌مر عه‌زیز محه‌ممه‌د، به‌ناوی رێبه‌ری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانه‌وه هاوخه‌میی خۆمان له‌گه‌ڵ جه‌نابت و سه‌رجه‌م هاوڕێیانی حیزبی شیوعی و بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی ئه‌و گه‌وره نه‌مره راده‌گه‌یه‌نین.

 

له‌گه‌ڵ رێز و هه‌ستی برایانه‌

 

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

ده‌فته‌ری سیاسی

١ ی ژووئه‌نی ٢٠١٧