لە درێژەی هێرش کردن و تەقەکردن لە کۆڵبەران ئەمجارە لە سنوورەکانی هەورامان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە
لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە گەردەنەی تەتەی ناوچەی هەورامان چوار کاسبکاری دیکە بوون بە قوربانی.
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی جۆزەردان، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت لە ناوچەی هەورامان تەقەیان لە کۆڵبەرانی کورد کردوکوژرانی کۆڵبەرێک و بریندار بوونی سێ کۆڵبەری دیکەی لێ کەوتەوە.
کۆڵبەرەکان لە نزیک گوندی”دەرکێ” کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان.
شایەتحاڵێک بە کەمپەینی “مەعیشت وکار”، ڕایگەیاند کە لە هێرشی چەکدارانی رێژیم بۆ سەر کۆڵبەران ، بە تەقەی ڕاستەوخۆ کۆڵبەرێک گیانی لەدەست داو سێ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
ئەو سەرچاوەیە، شوناسی کۆڵبەرە بریندارەکانی بە”تەوفیق مستەفایی” تەمەن ٤٥ ساڵە خەڵکی گوندی”پیلە”ی شاری مەریوان و عەدنان شەهیدی خەڵکی گوندی بندۆڵی مەریوان و هۆشیار سەحرایی خەڵکی گوندی”وەلێنە”ی ئەو شارە ڕاگەیاندووە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، کۆڵبەرە بریندارەکان بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری پاوە کراون.
شایانی باسە ١٥٤ کۆڵبەر لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕووداوەکانی تەقەکردن، تەقینەوەی مین، سەرما و ڕاودۆنان کوژراو یان بریندار کراون.