Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۶| 24/07/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

میوانی ئەمجارەی کۆشکی ئێلیزە

07/05/2017 | 13:59:36
asazmastoooo
ئازاد مستۆفی

هەڵبژاردنی سەرکۆماریی فەڕەنسا هەمیشە بەگرنگی‌یەکی زۆرەوە سەیر دەکرێت چونکە ئەم وڵاتە ناوەندی بڕیاری سیاسیی یەکێتیی ئەورووپایە. تاکە وڵاتی ئەم یەکێتی‌یەیە کە خاوەنی مافی ڤیتۆیە و بەهۆی پێگە ژێئۆپۆلۆتیکی‌یەکەیەوە ڕۆڵی گرنگ لە سیاسەتی ئورووپادا دەبینێت و هەروەها ئەوەی بۆ نەتەوەی کوردیش گرینگە ، ئەم وڵاتە پشتیوانێکی بەهێزی خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کوردە کە بناخەی ئەم دۆستایەتی‌یە، دەگەڕێتەوە بۆ پێوەندی شەهید قاسملوو لە گەڵ سەرۆک‌کۆماری کۆچکردووی فەڕانسە، فرانسوا میتران.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرکۆماریی فەڕەنسا، یانزە پاڵێوراو بەشدار بوون کە پێنج کەسی سەرەکی‌یان بریتین لە: ١-ئێمانۆئێل مەکرۆن، سەرۆکی حزبی بەرەوپێش. ٢-بنوا ئامون، پاڵێوراوی حزبی سۆسیالیست. ٣-ماریەن لۆپەن، سەرۆکی بەرەی نەتەوەیی ٤-ژان لوک ملانشۆن، دامەزرێنەری بزووتنەوەی فەڕەنسای خۆڕاگر. ٥-فڕانسوا فیۆن، پاڵێوراوی حزبی کۆماریخوازان.[1] ئەم پێنج کەسە بێجگە ئامون لە ڕاپرسییەکاندا لە سەدا بیست هەتا بیست و پێنجیان تۆمار کردبوو بەڵام لە ڕۆژی ٢٣ی ئاوریل ئەوە مەکرۆن و لۆپەن بوون کە توانیان لە نێوان ئەو یازدە کەسەدا خۆ بگەیەننە خولی دووەم بۆ یەکلایی بوونەوەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری.

چاودێرانی سیاسی فەڕەنسا هەندێ جار دەستەواژەی “کۆماری شەشەم”[2] بەمەبەستی گرنگی‌پێدان بەم خولەی هەڵبژاردن بەکار دێنن چونکە هەڵبژاردنێکە سەرکۆماری ئیستا خۆی دووبارە نەپاڵاوتووە و لە نێو بەربژێرەکان‌دا نیە. پاش شەست ساڵ کەسێکی وەکو مەکرۆن لە سەرووی ڕاپرسی‌یەکانەوەیە کە خۆی لە ڕاست و چەپدا نابینێتەوە، بریتانیا لە یەکیەتیی ئورووپا نەماوە و ڕاستی توندڕەویش هەمان بانگەشەی جیابوونەوە لە یەکیەتیی ئورووپا دووبارە دەکاتەوە، ئابووری فەڕەنسا پێویستی بە هەوڵێکی جیددی‌یە و باسی پەناخوازان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسلامی سیاسی لە فەڕەنسا کاریگەریی بەسەر وڵاتانی تری یەکیەتیی ئورووپا دادەنێت و خاڵی گرنگی سیاسەتی نێودەوڵەتیش کە ئایا فەڕەنسا لەگەڵ بەرەی ڕۆژئاوا و ئەمریکا دژی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەت دۆخی سووریا چ هەڵوێستێکی دەبێت؟ لەم هەڵبژاردنە دیاری دەکرێت.

فەڕەنسا لە نێوان لیبراڵ و ڕاستی توندڕەودا

لە کاتێکدا گۆڕەپانی سیاسی فەڕەنسا خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکرد کە فڕانسوا فیۆن-ی کۆماریخواز ببێتە سەرکۆمار و بەپێی ڕاپرسی‌یەکان لەسەرووی هەموو پاڵێوراوەکانەوە بوو بەڵام لەناکاو دۆسیەیەک لەو درایە مەحکەمە و بێ ئەوەی ئاکامەکەی دیار بێت میدیای لێ ئاگادار کرایەوە و لەم بەرەبەری هەڵبژاردنەدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر لایەنگریی لە فیۆن دانا و ڕێگەی بۆ مەکرۆن و لۆپەن خۆشکرد.

-مەکرۆن Emmanuel Jean-Michel Frédéric Macron، لەدایکبووی ٢١-١٢-١٩٧٧ ماستەری فەلسەفەی هەیە و ساڵی ٢٠٠٤ لە قوتابخانەی بەرزی ئیدارە و ئەعمالی دەوڵەتی، کە زۆربەی سیاسەتمەداران و کارگوزارانی وڵات لەوێ خوێندوویانە، خوێندنی تەواو کردووە و چاوەدێر و سەرمایەگوزاری بانکێک بووە. لە ساڵی ٢٠٠٦ هەتا ٢٠٠٩ ئەندامی حزبی سۆسیالیست بووە و لە ٢٠١٤ هەتا ٢٠١٦ وەزیری ئابووری بووە و پاشان خۆی حزبێکی داناوە و ئامادەکاریی بۆ پاڵاوێراویی سەرکۆماریی وڵاتەکەی کردووە. ناوبراو هەرچەند ئەوکاتەی ئەندامی حزبی سۆسیالیست بووە لەگەڵ کۆتلەی “ڕێگەی سێهەم” بوو بەڵام چاودێرانی سیاسەتی ئەورووپا، مەکرۆن بە کەسێکی سۆسیال لیبراڵ و هەندێکیش بە سۆسیال دیموکراتی وەسف دەکەن. خۆیشی لە دیمانەیەکی لۆمۆند لە ساڵی ٢٠١٥ خۆی بە کەسێکی لیبراڵ پێناسە دەکات و لە گوتارەکانیدا پشتگیریی لە بازاڕی ئازاد دەکات.

مەکرۆن هەر بەوجۆرەی کە لە سیاسەتی ئابووریدا شەفافە لە سیاسەتی دەرەوەشدا زۆر ڕاشکاوانە ڕای خۆی دەردەبڕێت و لە فێوریەی ٢٠١٧ لە دیمانەیەکی لەگەڵ دەیلی تێلێگراف سەبارەت بە ئێستێعماری ئەلجەزایەر بەدەست فەڕەنساوە بە “جینایەتی دژی مرۆڤایەتی” ناساند و ئیدانەی کرد و لە پڕوپاگەندەکانی هەڵبژاردنیشدا لە ئاورریلی ٢٠١٧ سەبارەت بە سووریا پشتیوانی خۆی بۆ دەستێوەردانی سەربازیی ڕاگەیاند. دەربارەی مانەوەی فەڕەنسا لە یەکیەتیی ئوورووپا بەهیچ شێوەیەک رازی نییە لەبارەی چوونەدەری فەڕەنسا لەو یەکیەتی‌یە. ئێمانۆئێل مەکرۆن کە کوڕی دایک و باوکێکی پزیشکە بە دروشمی “فەڕەنسا دەبێ بۆ هەمووان هەلی سەرکەوتن بێت” هاتە نێو گۆڕەپانی هەڵبژاردنەوە و پلانی سەرکۆماریی خۆی بە “پلانێک بۆ دروستکردنی فەڕەنسای نوێ” ڕاگەیاند.

-ماریەن لۆپەن Marion Anne Perrine Le Pen لەدایکبووی ٥-٨-١٩٦٨، پاڵێوراوی حزبی ڕاستی توندڕەوی “بەرەی نەتەوەیی” یاسای خوێندوە و لە تەمەنی ١٨ ساڵی‌یەوە ئەندامی حزبەکەی باوکی واتە بەرەی نەتەوەیی‌یە و لە ساڵی ٢٠١١ لەجێی باوکی دانیشت. ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە نوێنەری پارلەمانی ئورووپایە. ژان ماری لۆپەنی باوکی، لە ساڵی ١٩٧٤ەوە هەتا ٢٠٠٧ پێنج جار پاڵێوراوی سەرکۆماری بووە و دەنگی نەهێنابۆوە ئیتر ئەم بەرپرسیاریەتی‌یەی بە کچەکەی دا. هەڵبژاردنی ٢٠١٧ی سەرکۆماریی فەڕەنسا، سێهەم جارە کە ماریەن لۆپەن بەشدارە و ئەوەی ناوبراوی جیاواز لە پاڵێوراوانی تر، نواندووە؛ بیروڕای ڕاستی توندڕەوانەیەتی.

ماریەن لۆپەن لە کەمپەینێکی نێوخۆیی حزبەکەیدا لە ١٠-١٢-٢٠١٠ لە شاری لیۆن، نوێژخوێندنی موسڵمانان لە شەقامەکانی فەڕەنسای بە داگیرکاریی وڵاتەکەی لە جەنگی جیهانیی دووەم بەدەست ئەڵمانی‌یەکان شوبهاند. ئەم وتەیەی ناوبراو هەم کێشەی لە نێوان سیاسەتمەدارەکان و هەمیش لە نێو ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و گرووپەکانی ئیسلامی نایەوە و پاشانیش لە دادگە مەحکووم کرا. لۆپەن کە نایشارێتەوە لەگەڵ مسکۆ و خاوەنی کۆشکی کرێملین واتە ڤێلادیمێر پوتین نزیکە لە دیمانەیەکی لەگەڵ تەلەفزیۆنی راشاتودەی لە ٢٩-٦-٢٠١٥ دەربارەی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا وتی: “یەکیەتیی ئورووپا کۆنتڕۆڵی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بەقازانجی ئەمریکا لەدەست داوە… ئێمە لە ژێر کاریگەریی واشنگتۆن تووشی هەڵەی گەورە بووین کە خراپترینەکەی سووریا بوو”. ئەو دەربارەی دۆخی سووریا لایەنگریی ڕووسیایە و دەربارەی ئەفغانستانیش ڕای وایە کە دەبێ سەربازەکانی فەڕەنسی بکشێنەوە. هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات کە پێویستە سنوورەکانی فەڕەنسا دابنرێتەوە و لە یەکیەتیی ئەورووپا و یۆرۆش جیا بێتەوە.

 

کۆچبەران و توندڕەویی ئیسلامی و هەڵبژاردنی فەڕەنسا

کار، تەناهی و جیهانیبوون لە تەوەرەکانی هاوبەشی پڕوپاگەندەی پاڵێوراوانی سەرکۆماریی فەڕەنسا بوون بەڵام ئەوەی زیاتر زەق بوو و میدیاکانی بەخۆوە سەرقاڵ کردبوو باسی ئەو کۆچبەرانەیە کە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەریی ڕوو لە فەڕەنسا دەکەن. بەپێی دەستووری فەڕەنسا دووچاوەگی بەهۆی نەژاد و ئایین هەروەها سەرژمێریی حەشیمەتی وڵات لەسەر بنەمای نەژاد و ئایینەوە قەدەغەیە.

پاش هێرشی تیرۆریستی “شارلی ئێبدۆ” و تیرۆری حەوت ڕۆژنامەنووس بەدەست ئەو تیرۆریستانەی کە ڕەچەڵەکی عەرەبی موسڵمانیان هەبوو[3]، بابەتی کۆچبەران یان ئەو هاووڵاتییانەی کە ڕەچەڵەکی وڵاتانی تریان هەیە یەکێک لە باسگەلی سەرەکی پڕوپاگەندەی پاڵێواراوانی هەڵبژاردنە، کە دەیانەوێ سەرنجی دەنگدەر بۆ لای خۆیان ڕابکێشن بەڵام ئەم سەرنجڕاکیشانی دەنگدەرە بەشێوازی جۆراوجۆرە. بۆ نموونە پاڵێواراوێک دەڵێت پێویستە کەڵک لەو کۆچبەرانە وەربگیرێت و پاڵێوراوێکیش دەڵێت هەر نابێ ڕێگەی وڵاتیان پێ بدرێ و ئەوەشی مافی مانەوە و ژیانی هەیە، لێی بسەندرێتەوە. فەڕەنسا بەهۆی ئەوەی هەندێ وڵاتی ئیسلامی وەکو ئەلجەزائیر و مەراکش و.. پێشتر ژێردەستەی بوون و هەنووکە سەفەری ئەو وڵاتە عەرەبی- ئەفریقیانە بۆ فەڕەنسا ئاسانە گرفتێکە کە ڕووبەڕووی بووەتەوە و بەپێی هەندێ ئامار لەسەدا بیست و پێنجی دانیشتووانی فەڕەنسا لەخۆ دەگرن و توندوتیژی و هەروەها ڕووداوگەلی تیرۆریستیش پتر لە ئەستۆی ئەوانە.

لە بەشێک لە پڕوپاگەندەکانی هەڵبژاردن باسی ئەوە دەکرێت کە بەهۆی ئەو نافەڕەنسیانەوەیە کە بێکاری هەیە بەڵام باسی ئەوە ناکرێت کە ئەو کارە سەختەی ئەو بەشەی حەشیمەتی فەڕەنسا خۆی لێ دەدات، فەڕەنسییەکان خۆی لێ نادەن و هەروەها هەندێ کۆمپانیای زەبەلاحی فەڕەنسیش بەکەڵک‌وەرگرتن لە یاساکانی ئورووپا بۆ خۆدزینەوە لە باج ڕوو لە پۆلەند (لهستان) دەکەن و هەروەها هێزی کاری ئەوێ هەرزانتریشە بۆیان.  نژادپەرستی لە فەڕەنسا زیاتر لە کاتێکدا باسی لێوە دەکرێت کە باری ژیان و ئابووری خەڵک لاوازە یاخود بەوپێیە نییە کە چاوەڕوان دەکرا. خاڵی جێی سەرنج لەوەدایە ئەو شوێنانەی کە ماریەن لۆپەن دەنگی هێناوەتەوە، شار و ناوچەی بچووکن کە خەڵک لە داهاتووی ژیانی ئاسوودەیی و تەناهیی خۆی دەترسێت و دەنگدەرانی ئێمانۆئێل مەکرۆن زیاتر لە شارە گەورەکان.

بێگومان بوونی دیموکراسی‌یەکی ڕەها باشترین کەشە بۆ توندڕەویی ئیسلامی کە سەلەفی‌یەکان لە فەڕەنسا زۆر باش کەڵکی لێ‌وەردەگرن. هێز و جەماوەری بۆ کۆدەکەنەوە و بەهۆی لاوازیی ئابووریی فەڕەنسا ڕێکخستنی بەقووەتی خۆیان لە هەموو شارەکاندا گەشە دەدەن و ئەوەی دەتوانێ پێشگیریی لەم دۆخە بکات تەنیا پەروەردەیەکی تۆکمە و ڕێک‌وپێکە کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە وشیار بکاتەوە. چونکە بێگومان هەم تەشەنەی سەلەفیگریی لە فەڕەنسا و هەمیش لە بەرامبەریدا نژادپەرستی، هەڕەشەیەکی سەرەکین بۆ دیموکراسییەت و ئازادی.

 

“فەڕەنسایەکی چوار لەت” و گرفتەکانی مەکرۆن بۆ سەرکۆماریی

ئاکامی هەڵبژاردنی خولی یەکەمی سەرکۆماری فەڕەنسا لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیشەوە زانیاریی نوێی کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتە دەردەخات. ژێرۆم جێفرێ بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوە و ناسینی بیروڕای گشتیی فەڕەنسا لە دیمانەیەکدا لە لۆمۆند، لەمبارەوە ڕای وایە کە ئەم هەڵبژاردنە فەڕەنسای کردوەتە چوار بەشەوە. ناوبراو لە چوارچێوەی کۆمەڵناسی هەڵبژاردندا بەمجۆرە باسی لێکۆڵینەوەکەی خۆی دەکات: “فەڕەنسای یەکەم ئەو فەڕەنسییانەن کە لە شار ئەژین، چینی دەوڵەمەندی کۆمەڵگەن، خوێندنی بەرزیان تەواو کردوە، زۆربەیان دەنگیان بە ئێمانۆئێل مەکرۆن داوە. فەڕەنسای دووەم ئەو فەڕەنسییانەن خوێندنی بەرزیان تەواو کردووە و چینی دەوڵەمەندیشن، خانەنشینن، ئەوان زۆربەیان دەنگیان بە فڕانسوا فیۆن داوە. بەشی سێهەم ئەو گەنجانەن لە دەوروبەری شارەکاندا دەژین و چینی مامناوەندن و دەنگیان بە ژان لوک ملانشۆن داوە. فەڕەنسای چوارەم ئەو فەڕەنسییانەن کە لە گوند و شارە بچووکەکاندا دەژین و دەنگیان بە ماریەن لۆپەن داوە. “ئێمانۆئێل مەکرۆن لە پاریس ٣٤.٨٣% و ماریەن لۆپەن لە پاریس ٤،٩٩% دەنگی هێناوەتەوە”[4].

گرفتەکانی مەکرۆن پاش سەرکۆماریی، ڕاکێشانی سەرنج و ڕەزایەتی ئەم فەڕەنسا دابەشبووە نییە بەڵکو حزبەکەی خۆی کە فریای ئەوە نەکەوتووە بەتەواوی بیرۆکەکانی خۆی تێدا بهێنێتە ئاراوە و کۆتلە و بیری جۆراوجۆری تێدایە، هەتا چەند دەتوانێت پشتگیریی لێ بکات؟ سەرکۆمار کاتێک دەتوانێت پلانەکانی خۆی سەربخات کە پەرلەمانیشی بەدەستەوە بێت بەڵام ئەو لایەنانەی کە لە پڕا ماکرۆن گۆڕەپانی لێ بردنەوە، زەحمەتە بهێڵن پەرلەمانیش لەدەست بدەن. گلەیی کۆماریخوازان لە مەکرۆن ئەوەیە هەم کەسایەتی‌یەکی سیاسی نییە و هەمیش سیاسەتمەداری بەناوبانگی بە دەورەوە نییە. ئەوان دەڵێن پلانەکانی بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێکی گرنگ و گەورەی وەکو فەڕەنسا ورد و شەفاف نییە. لە بەرامبەریشدا لایەنگرانی مەکرۆن دەڵێن لە نەبوونی ئێمەدا ئورووپایەکی لاواز دێتەدی کە مەترسییە بۆ ئەورووپا و فەڕەنسا و ئاشتی جیهانی، ماریەن لۆپەن دەیەوێت لە یەکیەتیی ئورووپا نەمێنێت و هەروەها ئەوان دەڵێن فەڕەنسا نابێت بەرامبەر کێشە و قەیرانگەلیی نێودەوڵەتی خۆی تەریک بخاتەوە چونکە زلهێزەکانی‌تر پلانەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن و ئەوە ئێمەین کە دەتوانین کاریگەر بین لە پاراستنی هاوسەنگیی هێزی نێودەوڵەتی. ڕیچارد هاس[5] سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نووسینێکیدا لە ماڵپەری project syndicate دەربارەی هەڵبژاردنی فەڕەنسا کە زۆر بە گرنگ وەسفی دەکات و پێشنیاری خۆیشی دەربارەی دۆخی فەڕەنسا و هاوپەیمانێتیی ئەمریکا لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا بۆ ترەمپ دێنێتەئاراوە؛ ڕای وایە “سیاسەتەکانی پوتین بۆ یەکیەتیی ئورووپا زیانی بەدواوە بووە” و هەروەها بە شەفافی وشیاری دەداتە سیاسەتمەدارانی ئورووپا بەتایبەت فەڕەنسا و دەڵێت: “ئەوەی لە ئورووپا ڕوو دەدات دەتوانێ سەقامگیریی و چارەنووسی جیهان بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە”. بۆیە فەڕەنسا لەم قۆناغەدا پێویستی بە سەرکۆمارێکە بتوانێت لە یەکیەتیی ئورووپادا بمێنێتەوە و بەهەبوونی ئابوورییەکی بەهێز هەروەکو جاران ناوەندی قەراری سیاسی ئورووپا بێت.[6]

[1] -شەش کەسەکەی تر بریتی بوون لە: خاتوو ناتالی ئارتۆد پاڵێوراوی حزبی خەباتی کرێکاران. فڕانسوا ئاسێلیتۆ ڕێبەری یەکێتیی خەڵکیی کۆماریخوازان. ژان لاسال لە حزبی بەرخۆدان. ژاک شمیناد ڕیبەری حزبی یەکگرتن و پێشکەوتن. فیلیپ پوتو پارتی دژی سەرمایەداری. نیکۆلا دوپو ئانیان لە DLF.

[2] -مێژووی سیاسی فەڕەنسا بە پێنج قۆناغی کۆماریی دابەش کراوە کە قۆناغی یەکەم سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی شارڵ لویی ناپلیۆنی سووەمە کە لە ١٨٤٩ز هەتا ١٨٥٢ز بەناوی سەرکۆمارەوە دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو، لە ١٨٥٢ەوە هەتا ١٨٧٠ بەناوی ئیمپراتۆرەوە دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو. بەگشتیی هەتا ئێستە فەڕەنسا ٢٤ سەرکۆماری بەخۆوە دیتووە.

[3]  برایانی سەعید و شەریف کواشی، ئومیدی کولیبالی.

[4]  پاتریک ڕۆژێ، لۆمۆند، ٢٤-٤-٢٠١٧

[5] Richard N. Haass, President of the Council on Foreign Relations, previously served as Director of Policy Planning for the US State Department (2001-2003), and was President George W. Bush’s special envoy to Northern Ireland and Coordinator for the Future of Afghanistan.

 

[6] ئەم بابەتە پاش خولی یەکەمی هەڵبژاردنی فەڕەنسا نووسراوە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٣.