Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۱ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۶| 23/09/2017 |کاتژمێر:
بابەتی رۆژ

تەحریمی “هەڵبژاردن” جۆرێک لە خەبات بۆ ئازادییە!

03/05/2017 | 09:19:38
hayaskardoooo
هەیاس کاردۆ

خەباتی گەلی کورد لە ئێران بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکانیەتی. ئەم خەباتە دەیان ساڵە بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە و بێگومان هەتا سەرکەوتن هەروا بەردەوام دەمێنێ. گەلی کورد لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری قوربانی زۆری داوە، فیداکاریی زۆر کردوە و ماڵوێرانیی زۆر دیوە.
ڕەمزی مانەوەی کورد وەک نەتەوە، ڕاوەستان لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی زاڵم و دژە کورد بووە و هەیە. هەرکات کورد مل بۆ زاڵم نەوی بکا، بێگومان ئاسەوارێک لە ناسنامەی نەتەوەیی نامێنێ و دەبێ خۆی دەنێو نەتەوەی فەرمانڕەوادا بتوێنێتەوە. بۆ کورد بوون و مانەوەی وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ بەڵام بە مافی بەرامبەر دەگەڵ گەلانی دیکە گرینگی خۆی هەیە.
ئێمە لەئێرانێکدا دەژین کە نابەرابەریی نەتەوەیی بە هەموو وجوودمانەوە هەست پێ دەکەین. نەتەوەی باڵادەست هەموو هەوڵێک دەدا بۆ ئەوەی گەلێکی خاوەن شارستانییەت و بە ڕابوردوو بکاتە پاشکۆی خۆی. هەموو دەسەڵاتدارەکانی ئێران بە درێژایی سەدان ساڵ گەلی ئێمەیان تەحقیر کردوە و بەوپەڕی دڕندەیی دەگەڵی جووڵاونەتەوە. ئەوان هەرکات کەوتوونەتە تەنگانە بە بەژن و باڵای کوردیان هەڵگوتوە و وەک “ئێرانییە ڕەشید و جەنگاوەرەکان” ناویان هێناوە. بەڵام هەرکە خۆیان گرتۆتەوە و بەهێز بوون یەکەم کاریان پەلاماری کوردستان و خەڵکی خۆڕاگری ئەم دەڤەرە بوە. هەر وەک دیتوومانە و دەبینین لە هەموو ماوەی دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیدا بەشی کورد لەم وڵاتە تەنیا کوشتن و بڕین و سەرکوت و ماڵوێرانیی بووە و ئێستاش ئەم ڕەوتە هەر درێژەی هەیە. لەڕاستیدا ئەم ڕیژیمە لە بنەڕەتڕا دژی کوردە و بە هیچ جۆر خۆی بە ئەرکدار لە بەرامبەر مافی کورد نازانێ.
هەتا ئێستا چەندین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران کراون و کەسانی جۆراوجۆر جێگوڕکێیان پێ کراوە. یەک بە ناوی ڕیفۆرمخواز، یەک بەناوی ئیسلاحتەڵەب، یەک بەناوی وەحدەت‌تەڵەب و ئەوی دیکە لەژێر ناوی بناژۆخواز هاتوون و ڕۆیشتوون. ئێستاش دیسان لەسەر هەمان بەرنامە و بە هەمان شێوە ژمارەیەک لەو ئاخوند و جینایەتکارانە خەریکن داستانەکە دووپاتە دەکەنەوە. بێگومان هیچکام لەو کەسانەی خۆیان داناوە ببنە سەر کۆماری ئێران نە بە فکر و عەقیدە و نە بە توانا و زەرفییەت و نە تەنانەت بە پێی قانوونیش بۆیان نیە چووکترین هەنگاو بۆ باس و چارەسەری بۆ مافی نەتەوەیی ئێمە هەڵبگرن. ئەوەی ئەوان دەیانەوێ و نیزام ناچاریان دەکا ئەوەیە چوارچێوەی ئێرانی ئیسلامی و تەک‌نەتەوەیی بپارێزن و لەو ڕێوشوێنانە پێرەوی بکەن کە وەلی فەقیهـ بۆیان دەستنیشان دەکا. هەر بۆیە چاوەڕوانیی ئەوەکە فڵان کاندید ڕەنگە بتوانێ دەرگایەک بکاتەوە یان فیسارە کاندید ڕەنگە مەیلی ئاڵوگۆڕی هەبێ، رەنگبێ دوور لە واقعییەت بێ.
گەلی کورد بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر ئەو هەموو نابەرابەری و بێ عەداڵەتییە و بۆ دەرخستنی تواناکانی خۆی لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری، و گەیاندنی پەیامی مافخوازانەی خۆی هیچ ڕێگایەکی دیکەی نیە جگە لە تەحریمی ئەمجارەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری. ئێستا کە بەشی هەرە زۆری حیزبە کوردییەکان لەسەر تەحریمی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو یەکدەنگ و یەک‌هەڵوێستن، چاوەڕوان دەکرێ خەڵکی خۆڕاگری کوردستانیش یە‌ک‌هەڵوێست و هاوهەنگاو دەنگی “نا”ی خۆیان بەرز کەنەوە و لە ڕۆژی دەنگداندا سەندووقەکان بە بەتاڵی بۆ دەسەڵاتداران بەجێ بێڵن. مادام دەنگی ئێوە تەنیا بۆ بەهێز کردنی دەسەڵاتی سەرکوتکەرە و مادام ڕۆژێک دوای دەنگدان فەزای زەبروزەنگ لە جاران زیاتر پەرە دەگرێ، ئیتر خۆ ماندوو کردنتان هیچ مانای نیە. نەورۆزی جامانەکان دەریخست ڕۆڵەکانی کورد هەرکات بیانەوێ دەتوانن ئیرادەی خۆیان وەگەڕ بخەن و هەستی نەتەوەیی خۆیان بە جوانترین شێوە نیشان بدەن. دەبا ئەمجار شۆڕشی جامانەکان وەڕێ بخرێ و هەموومان یەک‌دەنگ و هاوئاهەنگ بەو هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی بڵێین نا!
هەیاس کاردۆ
١٧/٥/٢