پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە (٧ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی) دایکی شەهێدێکی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خەدیجە محەممەدبەیگ دایکێکی دڵسۆزو نیشتمانپەروەر لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بۆکان بە هۆی نەخۆشی و لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ناوبراو ساڵی ١٣١٣ ی هەتاوی لە ئاوایی وشتەپەی سەر بە شارستانی بۆکان هاتە دنیاوە و پاش پێکهێنانی ژیانی هابەش لەگەڵ رەشید شەهابی فەرد لە ئاوایی گۆلێ مەرزینگ و پاشان شارستانی بۆکان ژیانی بەسەر برد. خەدیجە محەممەد بەیگ جیا لەوەی کە دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی خالید شەهابی فەرد ناسراو بە (خالید پژگوڵ)ە، یەکێک لەو دایک و ژنە تێکۆشەرانە بوو کە لە ڕۆژە سەختەکانی خەباتدا بەردەام ورەبەخش و یارمەتیدەری پێشمەرگە بوو. ناوبراو بە هۆی هەستی هاوکاری و هاودەردی لەگەڵ بنەماڵە و کۆمەڵگەکەی، ببوو بە خۆشەویست و متمانەپێکراوی هەموو لایەک.
بەم بۆنەوە ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لە سەرجەم کەسوکارو بنەماڵەی خاتوو خەدیج محەممەد بەیگ، خۆی لە خەمیان بە شەریک و بەشدار دەزانێ.