Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۳۱ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۶| 22/09/2017 |کاتژمێر:
جۆراوجۆر

تڕامپ چۆن دەتوانێ رێژیمی ئێران فەلەج بکا

25/04/2017 | 09:31:26
qalam
ریوئێل گێرێشت

وەرگێر  : کەماڵ حەسەنپوور

لە واشینگتۆن دی‌سی بۆ “پاشەکشە کردن” بە ئێران هاوڕاییەک هاتۆتە ئاراوە. دێموکراتەکان و کۆمارییەکان کارێکی زۆر  ئاقڵانە دەکەن ئەگەر لە دەورانی شەڕی سارد فێر بن: لە ترسی خستنە مەترسیی کۆنترۆڵی چەک‌وچۆڵ، لە میدانی شەڕدا سازش مەکە. ئێمە دەبێ پێش بە ئێران بگرین و پاشەکشە بە لەشکری میلیشیا بەکرێگیراوەکانی بکەین. ئێمە دەبێ پاژنەی ئاشیلی رێژیمی مەلاکان نیشانە بگرین، واتە بێزاریی خەڵک لە سیستەمی تێئۆکراسی [حکومەتی دینی]. مافەکانی مرۆڤ دەبێ ببێ بە ئەولەوییەتی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران.

جوڵانەوەی سەوز، کە لە ٢٠٠٩ پاش ناکۆکی لەسەر ئاکامی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی سەری هەڵدا، رەنگبێ لە واشینگتۆن لە بیری زۆر کەس دا کاڵ بووبێتەوە، بەڵام لە ئێرانێ کۆتایی نەهاتووە. بە پێچەوانەی بۆچوونی بەڕێوەبەریی ئۆباما، نائارامییەکانی هاوینی ٢٠٠٩ هەڕەشەیەکی جیددی بوو بۆ سەر بەڕێوەبەریی ئیسلامیی. لە لێدوانێک دا لە ٢٠١٣، رێبەری مەزن ئایەتوڵڵا خامەنەیی ددانی بەوەدا نا کە، جووڵانەوەی سەوز رێژیمی تا “لێواری هەڵدێران” برد. ژەنراڵ موحەممەد عەلی جەعفەری سەرۆکی سوپای پاسداران، بە هەمان شێوە باسی سەردەمی پاش هەڵبژاردنی کردووە کە “هەڕەشە بۆ سەر سیستەم و شۆڕشی ئیسلامیی لە کاتی شەڕی ئێران و ئێراق مەزنتر بوو”. جەعفەری گوتی “لەو سەرهەڵدانەدا ئێمە تا سنووری رووخان چووین”. دامودەزگا ئەمنییەتی‌یەکانی رێژیم نیشانیان‌دا کە ناتوانن جێگای مەتمانە بن. ناڕەزایەتی‌یەکان تەنانەت لە ناو پاسدارانیش دا تەشەنەی کرد. خامەنەیی ناچار بوو کە چەندین فەرماندە لەسەر کار لادا. ئێلیتی خاوەن دەسەڵات کە ستراتێژی وەڕێخستنی خۆپیشاندانی زەبەلاح بۆ پشتیوانیی لەرێژیمی، تا ئاستی بێ خەوشی بردبوو، بۆ ماوەی ٦ مانگ نەیدەوێرا لایەنگەرەکانی بێنێتە سەرشەقامەکان. هەموو یادەوەری‌یەکان ببوونە دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی.

جووڵانەوەی سەوز پەیوەندی‌یەکانی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی گۆڕیوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرگیز دیکتاتۆڕی‌یەکی ئاسایی نەبووە. چونکە دەرفەتی دەربڕینی بیرۆڕای لە رێگای هەڵبژاردنی کۆنترۆڵ کراوەوە رەخساندووە. ئەگەری رێفۆرم لە رێگای سندوقی دەنگدانەوە وەک سوپاپێکی دڵنیایی بووە بۆ دەسەڵاتداران. روناکبیران و چالاکوانان هیوایان بە ئاڵوگۆڕی ئاشتیانە لە رێگای هەڵبژاردن هەبو. تەنانەت دوای تێکشکاندنی جووڵانەوەی دووی جۆزەردان کە بووە هۆی زیندانیی کردن، ئەشکەنجە و ئاوارە بوونی زۆر لەو کەسانەی کە لە ١٩٩٧ مەلای بە بزە و هەندێک رێفۆرمخواز موحەممەد خاتەمی‌یان کرد بە سەرکۆمار. بەڵام سەرکوتی دوای هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ رەوایی رێژیمی لەناو برد، “ئۆپۆزیسیۆنی وەفادار” کە یەکەم و دووهەم جیلی شۆڕشگێڕان بوون کە هیوایان بە بەڵێنیی، کەمتر دیکتاتۆربوونی دەوڵەتی ئیسلامیی هەبوو، بێ‌بەزەییانە قەڵاچۆ کران.

مانەوەی رێژیم ئێستا بەستراوەتەوە بە هێزە ئەمنییە لەرزۆکەکان و توانایی کڕینەوە بە پارە کە لەگەڵ نرخی نەوت سەر و خوار دەکا. هەڵبژاردنە شانۆییەکان و نیزامە بی‌ڕەنگەکەی، بە سەرکۆمار حەسەن روحانیشەوە، یەکێک لە دامەزرێنەرانی وەزارەتە ترسناکەکەی ئیتتلاعات کە دروشمی ریفۆرمخوازی دەدا، نەک هەر نەیانتوانیوە ببنە ئیلهامدەری خەڵک، بەڵکوو لە قانع کردنیشیان دا شکستیان خواردووە. ئەوڕۆ، رێژیمی ئیسلامی بیرهێنەرەوەی یەکیەتیی سۆڤیەتە لە حەفتاکاندا، سیستەمێکی بێ‌توانا کە نەیدەتوانی خۆی ئیسلاح بکا لە کاتێکدا کە لە بەرتیلخۆریی دا نوقم ببوو لە ژێر باری ئێمپێریالیزمە پڕ تێچوونەکەی دا چەمابوەوە.

ئەگەر واشینگتۆن بەڕاستیی دەیهەوێ ئێران تووشی هەمان چارەنووسی یەکیەتیی سۆڤیەت بکا، دەبێ حکومەتی تێئۆکراسیی، بە زەخت خستنە سەری لە هەموو بەرەکاندا لاواز بکا. سەپاندنی ئابلۆقەی ئیفلیج‌کەر بۆ سزادانی رێژیم بە هۆی پێشێلکاری‌یەکانی ئەو بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ پێویستە. هەنگاوێکی ئەوتۆ نەک تەنیا تاران بۆ پێشێل کردنی بەها ناونەتەوەی‌یەکان سزا دەدا، بەڵکو ئەو پەیامەش بە خەڵکی ئێران دەگەیەنێ کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی حەز و ئاواتەکانی ئەوانە. کاربەدەستانی ئەمریکایی دەبێ لەسەر ئازادکرانی هەموو بەندی‌یەکانی پاش جووڵانەوەی سەوز پێداگر بن. ئەوە دەبێ هەروەها رێبەرانی جووڵانەوە، میر حوسێن موسەوی و مەهدی کەڕوبیش بگرێتەوە کە بە دۆخی تەندروستی ناگیرەوە لە ماڵەکانیاندا دەستبەسەرن. باراک ئۆباما تەنانەت بۆ یەک جاریش باسی ئەو پیاوانەی نەکرد. دۆناڵد تڕامپ نابێ ئەو هەڵەیە دووپات بکاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی تڕامپ دەبێ هەروەها سەکۆی ئازادیی بێ بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بوونە قوربانیی سەرکوتەکانی دوای رێککەوتنە ناوکی‌یەکە. ئۆباما بەتەواوی ئەو خەڵکەشی پشتگوێ خست، کە رێژیم بۆ نیشان دانی ئەوەی کە رێککەوتنی ناوکیی نابێتە هۆی کرانەوەی زۆرتر و رێفۆرم و خستنیە ناو زیندان. ئۆباما لە ترسی دەستوەردان لە وڵاتانی ئیسلامیی، ویدەچێ لە شەرمی پشتیوانیی ئەمریکا لە شا، بە تەنیا جەختی لەسەر دیپلۆماسیی ئەتۆمیی دەکردەوە و خۆی لەرێز گرتن لە نەیارانی ئێرانی دەبوارد، هەمان رێز کە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەردەمێک لەو کەسانەی دەگرت کە نەیاری یەکیەتیی سۆڤیەت بوون.

لە راستیدا ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر مەلاکان دا دەستی باڵای هەیە. تواناکانی ئێمە بە سەر هی ئەوان دا زاڵە. بێ باوەڕیی ئێمە بە خۆمان لە بەراورد لەگەڵ نا دڵنیایی خامەنەیی کە دەبێ بە سوپای پاسداران قەرەبووی بکاتەوە هیچ نیە. دەمێکە کاتی واشینگتۆن بۆ خۆش کردنی ئاگری گڕکانی ژێر تاران و بە چالش کێشانی رێژیم لە سنوورەکانی ئیمپراتورییە شیعی‌یەکەی تێپەڕ بووە.

ئەوە گران تەواو دەبێ و دەخوازێ هێزەکانی ئەمریکا لە سوریە و عێراق زیاد بکرێن. بەڵام ئەگەر ئەوە نەکەین، ئێمە کۆتایی شەڕە تایفی‌یەکان کە کانگای پەروەردە کردنی جیهادی‌یەکانن، نابینین. ئێمە دەبێ چرکەکان تا کۆتایی کاتی رێککەوتنە ناوکی‌یەکە بژمێرین و چاوەڕوانی وەکارکەوتنی سانترفیوژە پێشکەوتووەکان بین. هەروەک یەکیەتیی سۆڤیەت و رۆنالد رێگان. بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەمریکا، مەلاکان دەبێ لێشاوی پارە رەوانەی بەرنامەکانی دەرەوەی سنوورەکانیان بکەن یاخود سەرشۆڕانە پاشەکشە بکەن. ئەوان هەروەها دەبێ چاویان لە ناوخۆش بێ، بە نیگەرانییەوە چاوەڕوانی سەرهەڵدانێکی جەماوریی تر بن.

زۆر کەس لە واشینگتۆن لە ١٩٨٠ پێیان وابوو کە یەکیەتیی سۆڤیەت زۆر لە چوون بۆ ناو زبڵدان دوور بوو. ئێمە نابێ وا بیر بکەینەوە کە سیستەمی مەلاکان سەقامگیرترە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٢.