Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۴ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۶| 26/09/2017 |کاتژمێر:
ئەدەب

” ئازادی یا مەرگ ”

25/04/2017 | 09:00:49
fathii
 عەلی فەتحی

”ئازادی یا مەرگ” دەستەواژەیەکە کە بەدرێژایی تەمەنی خوێنی لەبەر دەچۆڕێ. دەکرێ بڵێم بەتایبەت، هیچ لاپەڕەیەکی مێژووی کوردیش نییە ئەگەر بەو خوێنە سوور هەڵنەگەڕابێ. ”ئازادی یا مەرگ” وەک دروشمی هەر تاکێکی کورد بۆ ئەوە بوو، کوردی کۆیلە بکاتە شۆڕشگێر و شۆڕشگێڕەکانیش بکاتە قارەمان و قارەمانەکانیش ببنە بنیاتنەر. واتە بنیاتنانی وڵاتێکی سەربەخۆی خاوەن دەسەڵات و پڕ لە یەکسانی و دادپەروەری. ”ئازادی یا مەرگ” هزرێک بوو بۆ ئاڵایەکی شەکاوە لەنێو میللەتانی حەساوە، بۆ ناسنامەیەکی گەشی سێ‌ڕەنگ، بۆ خۆری سپێدەی سەرکەوتن و پڕشەنگ.

لەو ڕۆژەوە کورد هەستی بە کۆیلەبوونی خۆی کردووە، ڕێگەی ڕزگاریی ڕەچاوکردووە. نووسەری یونانی ”ڕیغاس فێرێ‌ئۆس” دەڵێ: ساتێک ئازادی، بەنرخترە لە چل ساڵ زیندان و کۆیلەتی”، مرۆڤی کوردیش بە دروشمی ”ئازادی یا مەرگ”، ”یان کوردستان یان نەمان” بەدرێژایی مێژووەکەی هەڵوەدای ئەو چرکە ئازادییە بووە. لەپێناو ئەو چرکە ئازادییەدا گیان و خوێن و ماڵ و سامان و کەسانی خۆی فیداکردووە. هەرچەند تووشی ململانێی سەخت و نابەرابەر لەهەمبەر دوژمنانی هاتووە، بەو حاڵەش تێنوێتی ئازادی و عەشقی ڕزگاریی هەردەم ئەوی لە مەیداندا ڕاگرتووە. بۆ هەستێکی ئەوتۆ بەهێز، پۆل ئێلواری شاعیری فەڕانسەوەی لە شێعرێکیدا، بەبۆنەی شۆڕشگێڕانی بێ‌ناو و نیشانی جیهانی، جوانی گوتووە:

” بەهێزی وشەیەک

من دیسان دەژیمەوە

بۆ ناسینی تۆ

من لەدایک‌بوومەوە

تاکوو ناوت بخوێنمەوە، هۆ ئازادی”

گەلێک جاریش هەبووە ئەگەر شۆڕشگێڕانی ئەو نەتەوەیە یەکەم هەنگاویان ناوە، جیا لە دوژمنان، لەلایەن خەڵکی پێنەگەیشتوو و تێنەگەیشتووش تانەیان لێدراوە. گوفتاری ناهەموار، لەگەڵ هەستی شۆڕشگێڕیی ئەوان ناسازگار، لە دەم و زمانی ئەو کۆمەڵە دەرکەوتووە: ”ئەوانە شێتن”، ”ئەوانە خولیان، ”ئەوانە چیایین” و دەیان شتی‌تر، بێخەبەر لەوەی کە شۆڕشگێڕ دەبێ شێتی و خولیایی و جوامێری بکاتە هەوێنی جوڵەی تا بتوانێ بەرگەی شۆڕشێکی ڕزگاریخوازیی بگرێ.

بەڵێ، ئەگەر بۆ دروشمی ” ئازادی یا مەرگ” پۆل‌پۆل لە مرۆڤەکان ڕێگای سەختی چیاکانیان گرتەبەر، ئەگەر کۆمەڵ کۆمەڵ ژن و پیاو، پیر و لاو پشتی هۆگرانی ” یا کوردستان یان نەمان”یان گرت و بە پارە و سامان، بە پشتیوانی ڕوحیی بێ‌ئامان بوونە پاڵپشتی ئەوان و سەنگەری خۆڕاگری‌یان مەحکەمتر کرد، لەبەر ئەوە بوو نەسڵی داهاتوو بەختەوەر و سەروەر بژی و گیان‌بەختکردووانیش لەژێر خاکی نیشتماندا وەحەسێن.

بەڵام با پرسیارێک شی‌بکەینەوە. داخوا ئەو وەچەیەی ئێستا، وڵامێکی شایستەی بە هەست و خواستی گیانبەختکردوان داوەتەوە؟ با ئێمە سەیری نموونەیەکی بچووک بکەین. ڕۆژی دامەزرانی یەکەم کۆماری کوردستان ٢٢ی ڕێبەندانە و ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی لەسێدارەدرانی پێشەوا و هاوڕێیانە. بەواتایەک ٦٧ ڕۆژیان نێوانە. کاتێک بەرەوپیلی ڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان دەچین، زۆربەی خەڵک و حیزبە کوردیەکان، بەتایبەت ئەوانەی ڕۆژهەڵات، چەند مانگ پێشتر وەخۆدەکەون بەمەبەستی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئەو ڕۆژە. بە خەرجکردنی کۆڵێک پارە کێبەرکێ لەسەر بانگهێشتی گۆرانیبێژ و تیپەکانی مۆسیقا و دابین کردنی خواردن و خواردنەوە دەکەن. مەبەستیش پڕکردنی ساڵۆنەکانە. گرینگ ڕوحی سیاسی ئەو ڕۆژە نییە، بەڵکوو ململانێ بۆ خۆدەرخستنی لایەنی بەڕێوەبەرییە. تاکوو وەها بنوێنێ کە ئەو میراتگری کۆمارە و هەر ئەویش خاوەن ئەو ڕێبازەیە و مەیداندارە. بێخەبەر لەوەی ئەگەر لە سەدان بەشداری ئەو شەوە بپرسی چ باسە؟ وڵامت ئەوە دەبێ: حەفلەی دیموکڕاتە، زۆر خۆش و خاسە. ڕاست ئەو شەوە کە سەیری دیوارەکانی ژووری مەراسیمەکە بکەی تەنیا سێ چوار وێنەی دامەزرێنەرانی کۆمار دەبینی. لەپای وێنەکانیشدا بە هەزاران کەس هەڵدەپەڕێ. بەو زستانە ساردە و لە ڕێگای دوورەوە خەڵک دێت و هیچ ساڵۆنێک نییە دووسێ هەزار کەسی تێ‌نەخزێ.

دوو مانگ و حەوتوویەک دواتر، قازی و یارانی لە سێدارە دەدرێن و کۆمار بەکردەوە خامۆش دەبێ و خەم و تەم جەستەی کوردستان دادەگرێ. خەڵکەکەمان کە هەر بۆی گرینگ نییە چی قەوماوە، حیزبەکانیش وەکوو ئەوەی هەواڵی ڕۆژنامە کۆنێکیان پێدراوە، ئەگەر زۆر خۆیان هیلا‌کردبێ، ئەوە بە پەلەپروزە یەکدوو کۆبوونەوە پێکدێنن و چ جارێکیش ژمارەی بەشدارانی ئەو بۆنەیە خۆی لە ژمارەی پەلێکی پێشمەرگەی ئەو ڕێبازە نەداوە. ڕەنگە هەر هەموو لایەک ئەو چەند بەیتە شێعرەی سۆهرابی سپێهری‌یان بەهەڵە لێک‌دابێتەوە کە دەڵێ:

وەختێ سەردانی گۆڕم دەکەن

نەرم و نیان هەنگاوبنێن

مەبادا درزی تێکەوێ

شووشەی تەنکی دڵی من.

تۆ بڵێی خەڵکی ئێمە کە تەنانەت سەردانی گۆڕی شەهیدانیش ناکەن، ئەو ڕۆژەیان بەلاوە گرینگ نەبێ، یا ناخوازن شووشەی دڵی شۆڕشگێڕەکانمان درزی تێکەوێ؟ یا دەبێ وای بۆ بچین کە خەڵکی ئێمە بێ دەهۆڵ و زوڕنا ناتوانن سەردانی هیچ شوێنێ بکەن!!!!

من پێموایە خەڵکی ئێمە هێشتا باش لەوە تێنەگەیشتوون کە ئەوانەی لەپێناو ڕزگاریدا گیانی خۆیان بەخت‌کردووە، جیاوازییەکیان لەنێوان خۆیان و بێ‌هەڵوێستەکان بەدی کردووە. شاملوو بەجوانی پێناسەی ئەو گیانبەختکردووانە دەکا:

ئەوانە خاوەن خۆشترین دەنگ بوون لە وڵاتی من

هاواریان، هاواری جوامێرانێکی لەشکان نەهاتوو بوو،

ئەوان لە دەروازی مەرگ تێپەڕین و

بەر لە نەمانی خۆیان، لەداهاتوودا ژیابوون.

بەڵام، لە بەردەم شکۆی ئەو سەردارانەدا، ئێوەی بێ‌موبالات، سەردەمێکتان خوڵقاندووە. سەردەمێک پڕ لە ناخۆشی، پڕ لە فرمێسکی ناهومێدی و تژی لە شک و گومان. ئێوە لە ساڵانێکی بێ‌خۆڕاگریدا دەژین. لە ساڵانێکدا کە جوامێری سواڵ دەکا و پیشەی گەدایی ڕەچاوکردووە. ئەگینا چۆن لە دووی ڕێبەندان چوار وێنە دەچنە سەر دیوار و دوو هەزار وەسەما دەکەوێ، زوڕنا شێت دەبێ و دەهۆڵ دەدڕێ و جێی هەڵپەڕین دەست‌ناکەوێ. بەڵام لە دەی خاکەلێوەدا وێنەی شەش هەزار پێشمەرگە لەسەر دیوارە و پەنجا کەس لە ژوورەکاندا دەست‌ناکەوێ!؟

بە واتایەک: ” ژمارەی زیندووانی سەر دیوارەکان، پترن لە مردووانی نێو دیوارەکان.”

تۆ بڵێی ساڵ و ڕۆژەکانی کورد بەدرێژایی مێژوو هەروابووبن؟ ئەگەر وایە، کۆیلەتی چۆناوچۆن کۆتایی دێ. ئەگەر وابێ خوێنی ئەو شۆڕشگێڕانەی یەک بەدوای یەکدا بۆ ” ئازادی یا مەرگ ” ڕژاوە، چی بەسەر دێ؟ پرسیارێکە و هەر تاکێکی کورد پێویستە بۆ وڵامەکەی سەردانی ویژدانی خۆی بکا. بپرسێ، بە میلیۆن شەهید، بە میلیۆن ئاوارە، بە میلیۆن سەقەت و بەمیلیۆن هەژاری بێچارە، لە پێناو چیدا….

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٢.