لە ریورەسمێکدا کتێبی فەرماندەرانی شەهید لە ئامادەکردن و نووسینی هاوڕێ برایم چووکەڵی کەوتە بەر دیدەی خوێنەران.
پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ٩٦ی هەتاوی له هۆڵی کتێبخانهی زهیتون له شاری ههولێر بەرهەمێکی دیکە لە هاوڕێ پێشمەرگە کاک برایم چووکەڵی لە ژێر ناوی فەرماندەرانی شەهید پەردەی لەسەر لادرا و روونوێنی لێ کرا.
لەو رێورەسمەدا بە ئامادەبوونی چەندین کەس لە سیما ناسراوەکانی لایەنە سیاسییەکان و، هەروەها بە بەشداریی بەشێک لە کادر وپێشمەرگە و ئەندامان و دۆستانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە هەوڵ وماندووبوونی کۆمیتەی ئەندامانی حیزب نیشتەجێی لە دەڤەری هەولێر، کتێبی فەرماندەرانی شەهید کە هەڵگری بەشێکە لە گیانبازی و فیداکاریی فهرماندهرانی شههیدی حیزبی دیموکرات پهردهی لهسهر لادرا.
سەرەتا رێورەسمەکە بە راوەستان وڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی حیزب وگەل دەستیپێکرد.
پاشان بەرێوەبەری رێورەسمەکە خاتوو لهیلا قادری کورتەیەک لە ژیان وبەسەرهاتی نووسەری کتێبەکە بەرێز برایم چووکەلی خوێندەوە.
لە درێژەی رێورەسمی پەرەلادان لەسەر بەرهەمی نوێ برایم چووکەڵی،بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە هەولێر، چیا مهلاک پەیامی ئەو کۆمیتهیهی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
لە پەیامەکەی کۆمیتەی حیزب لە هەولێردا هاتبوو، ئەگەرچی لە ساڵ دەیان کتێبی کوردی لە چاپ دەدرێ بەڵام گرینگی لایەنە شاراوەو نامۆکەکانی سەربردهی خەباتی خوێناوی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بایەخ و گرینگی تایبەتی هەیەو بێگومان نووسینی بیرەوەرییەکانی سەردەمی خەباتی شاخ و، شۆرشی چەکداریی بۆ هەمووکات و بەتایبەتی بۆ نەوەی نوێ ئەرکێکی نەتەوەییە و دهبێ رێزی لێ بگیردرێ. دوابەدوای پەیامی کۆمیتەی حیزب لە هەولێر پێشمەرگەی دێرینی ناو ریزەکانی حیزبی دیموکرات و، کەسهیایەتی سیاسی وفەرهەنگی ناسراو، بەرێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە پەردەی لهسهر کتێبی فەرماندەرانی شەهید لادا.
دواتر هاورێ سمایل بازیار هاوسەنگەری نووسەری کتێبی فەرماندەرانی شەهید و، مامۆستای زانکۆ لەسەر دوایین بەرهەمی برایم چووکەڵی چەند وتەیەکی پێشەکەش بە ئامادە بووان کرد.
هاوڕێ سمایل بازیار لەسەر ئامانج و گرینگی کتێبی فەرماندەرانی شەهید بە باس کردن لە ناوەڕۆکی ئەو کتێبەدا گوتی: سەرەتا ئەم کتێبە وەفایەکە بۆ یادکردن لەو رۆڵە فیداکارانه، کە لە پێناوی ئازادی وسەربەستی نیشتمانهکهیان، گیانیان بەختکردوو و رێچکەی رزگاری نەتەوەی کوردییان بە خوێن نەخشاندوە.
سمایل بازیار لە درێژەی وتەکانی دا گوتی: باس کردن لە مێژووی هاوچەرخی کورد بە بێ لەبەرچاوکردنی جێگەوپێگەی حیزبی دیموکرات و خهباتی ئهو حیزبه مێژوویهکی ناتەواو و نوقسانە.
ناوبراو لەسەر تایبەتمەندیی ئەو بەرهەمە چهند خاڵی دهسنیشان کردو گوتی: یەکەم خاڵی بەرچاو ئەوەیە که نووسهری ئهو کتێبه، له هەموو ناوچە جیاجیاکانی کوردستان نموونەی هێناوەتەوە، هەر لە فەرماندەرانی شەهید خهڵکی داڵاهۆی کرماشانهوه هەتا مۆکریان،لە سنە هەتا شنۆ، له مهریوان تا ماکۆ، ئەمەش کارێکی گرینگە و جێی بایەخە.
سمایل بازیار لە درێژەی قسەکانی دا گوتی:خاڵی تراژدیا وتاڵی ئەو کتێبە ئەمەیە کە کە بەداخەوە بەشێک لەو فەرماندەرانە لە شەڕی نگریسی براکوژی بونەتە قوربانی و، هیوادارم ئەم کتێبە ببێتە هۆی ئەوەی کە بۆ هەمیشە شەڕی کورد لەگەڵ کورد حەرام بکرێ.
ناوبرا بە خستنە بەرباسی هیوای سەرەکیی چەک هەڵگرتنی گەلی کورد ورۆڵەئازاکانی ئەو گەڵە، لەوبارەوە گوتی: بە شاهیدی هەموو ئەوهاوسەنگەرانم و، ئەوانەی وا شەهید کراون ، شۆڕشگێڕانی کورد هیچکات نەیانویستووە کەس بکوژن یان بکوژرێن، بەڵام ئیدی هەلومەرجی نەخوازراو، کاروانی شەهیدانی ئێمەی تا ئێستا درێژ کردووتەوە.
پاشان بەرێز رەزا کەعبی جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵگەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کورتهیهکی پێشکهش کردو، وێڕای رێز لێنان لە زەحمەتی هاورێ برایم چووکەلی بە ئاماژەدان بە گرینگی ئەدەب و بەرهەمی بەرگریی هەوڵ وماندووبوونی ناوبراوی لهوبارهوه بەرز نرخاند.
دواتر پەیامی هاوڕێ هەیاس کاردۆ وەکوو نووسەری پێشەکیی ئەو کتێبە و، هاوکاری ههرهنزیکی نووسهری کتێبهکه لە ژێر ناوی “پەیامێک کورت بۆ کارێکی گەورە”، خوێندرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی رێورەسمەکەدا تابلۆی نەخشراو بە دیزاینی رووبهرگی کتێبی فەرماندەرانی شەهید لە لایەن سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بهرێز مستهفا مهولوودی ئیمزا کرا.
لە کۆتایی رێورهسمهکهدا خاوەنی بەرهەمی فەرماندەرانی شەهید هاوڕێ برایم چووکەڵی لەسەر چۆنیەتی ئامادەکردن ونووسینی کتێبەکانی که 7بهرگ کتێبه ، بەتایبەتی تازەترین بەرهەرمەکەی چهند وتهیهکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و به رێز لێنان له ههموو هاوکاران ویارمهتیدهرانی بۆ ئامادهکردن و، له چاپدانی کتێبی فهرماندهرانی شههید، دهسخۆشی لێیان کرد.
شایانی باسە کتێبی فەرماندەرانی شەهید لە زنجیرە بەرنامەیەک ههر بهو ناوه له تلویزیۆنی کوردکاناڵ بڵاوکراوەتە.