لە تازەترین لێدوانیدا وەزیری بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە پێوەندی لە گەڵ رۆڵی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئیران لە ناوچەکەدا دەلێ: ئێستایش ئێران هەر وەک رابردوو پشتیوانی لە تاقم و گرووپە تێرۆریستییەکان دەکات.
جیمز مەتیس، وەزیری بەرگریی ئامریکا لە تازەترین لێدوانیدا وتوویەتی: ئێران هەر وەک رابردوو خەریکی ناردنەدەرەوەی تێرۆریزم بۆ جیهان و پشتیوانی کردن لە تاقم و گرووپە توندرەو تێرۆریستییەکانە.
هەواڵدەریی “رویتێرز” بڵاوی کردەوە کە ژنڕاڵ مەتیس لە کۆنفڕانسێکی خەبەریدا لە لەندەن لە وڵامی پرسیاری یەکێک لە هەوالنێراندا کە قسەیەکی پێنج ساڵ خۆی لە سەر بە تێرۆریست زانینی ئێران وەبیر هێنایەوە وتی: ئێران لە ماوەی ئەم پێنج شاڵەدا هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووەو ئێستایش هەر پشتیوانی لە رەوتە تێرۆریستییەکان دەکات و دەستی لە ئاڵۆزی و بشێویەکانی ناوچەکەدا هەیە.
وەزیری بەرگری ئامریکا لە درێژەی قسەکانی دا وتی: پێنج ساڵ پێش ئێستا کە ئەو قسانەم کرد، سەرۆکی ناوەندی فەرماندەیی ئامریکا بووم و ئێران سەرەکیترین هەناردەکەری تێرۆریزم بۆ هەموو جیهان بوو. بە سەداقەتەوە دەڵێم کە ئەوکات لە پێش هەموو ئەو دەوڵەتانەوە بوو کە پشتیوانینان لە تێرۆر دەکرد و ئێستایش دوای تێپەرینی پێنج ساڵ بە سەر ئەو قسەیەی مندا، کۆماری ئیسلامی ئیڕان هەر وەک رابردوو، پشتیوانی سەرەکی تێرۆریزمی نێونەتەوەیییە.
مانگی رێبەندانی ساڵی پاریش جیمز مەتیس لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لە گەڵ وەزیری بەرگریی عەرەبستانی سعوودی، ئێرانی بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمەتبار کردبوو و دڵنیایشی کردبۆوە کە ئامریکا بە هیچ شێوەیەک بەرانبەر بەم سەرەرۆییانەی رێژیمی ئێران بێدەنگ نابێ و هەڵوێستی دەبێ.
ناوبراو لەم کۆنفڕانسە خەبەرییەدا لە گەڵ هاوتای خۆی، وەزیری بەرگریی ژاپۆن، جارێکی دیکە ئێرانی بە “گەرەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جهان” لە قەڵەم دا.
ژنڕال مەتیس پێنچ ساڵ پێش ئێستا لە وڵامی پرسیاری هەواڵنیرێک دا کە لێی پرسیبوو، گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئامریکا کێیە، وتبووی: رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستایش گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمەو وەک گەرەترین دوژمنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکایش حیسابی لە سەر دەکرێ.