Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۶| 23/06/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

«کوردستان» وەک ئاوێنەی خەباتێکی سەخت و دوورو درێژ

22/03/2017 | 12:22:46
qaderweriyaaa
قادر وریا

ژمارەیەک کە ئێستا لە بەر دەستی خوێنەرانی «کوردستان» دایە، وەک هەموو ژمارە سەدەکانی پێش خۆی(ژمارەکانی ١٠٠، ٢٠٠، ٣٠٠، ٤٠٠، ٥٠٠و٦٠٠) ، جێگایەکی تایبەتی لە نیو ژمارە ئاساییەکانی ئەم ڕۆژنامە دا هەیە. ئەم بایەخ پێدرانەی ژمارە سەدەکانی «کوردستان» لە لایەن بەڕێوەبەران و نووسەران و کادری فەننیی ڕۆژنامەکە، دەکرێ بۆ ئەو کەسانەی زۆر شارەزای مێژووی ئەو ڕۆژنامەیە نین، کەمێکیش سەیر بێ. بۆ وێنە بپرسن لە کاتێک دا ئەو هەمووە ڕۆژنامەیە تەنانەت لە نیو کوردیش‌دا هەن کە ژمارەیان لە هەزار و چەند هەزار تێپەڕیوە، گەیشتنی ڕۆژنامەیەک بە ژمارە٧٠٠ی خۆی، بۆ چی دەبێ بکرێ بە بۆنەیەکی خۆش و بە گرنگییەوە، باسی بکرێ؟ خۆ ئەگەر بشزانن کە ئەم دەورەیەی ڕۆژنامەی «کوردستان» ٤٦ ساڵ و مانگێکی خایاندوە بۆ ئەوەی بگاتە ژمارە ٧٠٠ی خۆی، لەوانەیە بڕێکیش لۆمەی بەڕێوەبەران و نووسەرانی ڕۆژنامەکە بکەن کە چۆن دەبێ بە ٤٦ ساڵ ٧٠٠ ژمارە لە ڕۆژنامەکەیان بڵاو بکەنەوە؟! بەڵام ئەوانەی دەزانن «کوردستان» زمانحاڵی حیزبی دیموکراتی کوردستانە و ڕێبەران و تێکۆشەرانی ئەوحیزبەش لە چ بارودۆخێک‌دا کارو ئەرکی خەباتکارانەی خۆیان بەڕێوە بردوە، – سەرەڕای کەمیی ژمارە بڵاوبووەکان لە چاو تەمەن و ماوەی دەرچوونی ڕۆژنامەکە – جۆرێکی دیکە لە سەر بەردەوامی و بەچۆک دانەهاتوویی «کوردستان» قەزاوەت دەکەن.
لە ڕاستی دا «کوردستان» لە ڕووی فۆرم و ڕواڵەتەوە، هەر وەها لە باری ماوەی دەرچوونی دوو ژمارەی و تیراژیشەوە، ناگاتە زۆر ڕۆژنامەی کوردی. زۆربەی ئەوانەش کە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکان‌دا، ئەرکی بەڕێوەبەری و نووسین و وەرگێڕان و کاری فەننییان تیدا کردوە، … نەک دەرچووی ئەم و ئەو کۆلێژی ڕۆژنامەنووسی، بەڵکوو پەروەردەی قوتابخانەی تێکۆشان و سەنگەری پێشمەرگایەتی بوون و بە شێوەی ئەزموونیی پێ‌گەیشتوون. کە وایە شتێکی تر هەیە کە بە هەمووی ئەو راستیانەشەوە، ڕۆژنامەی «کوردستان»ی لای خوێنەرانی خۆشەویست و ڕێزدار کردوە. ئەم ئامانج و بیروباوەڕ و ڕێبازە سیاسییەی کە کوردستان لاپەڕەکانی خۆی بۆ بڵاوکردنەوەیان تەرخان کردوە، ئەو خەباتە پڕ لەقوربانیدانەی «کوردستان» لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە، بووە بە زمانحاڵی، بوون بە هۆی ئەوەی «کوردستان»بایەخ و گرنگیی خۆی هەبێ.
«کوردستان»، هەر لەو کاتە‌دا کە هەڵگری باوەڕ و پەیامی حیزبێکی خاوەن خەباتێکی دوور و درێژ و پڕ هەوارز و نشێوە، ئاوێنەی مێژووی ئەم حیزبە و خەباتەکەشیەتی. یەکەمین جار «کوردستان» وەک زمانحاڵی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بەفرانباری 1١٣٢٤ی هەتاوی دا بڵاو بوەوە. یەکەم دەورەی ئەم ڕۆژنامەیە کە لە سەردەمی ژیانی کۆماری کوردستان دا بووە، ١١٣ ژمارەی گرتە خۆ. دواتر و لە قۆناغ و بارودۆخی جیاوازدا، چەند دەورەی دیکەی «کوردستان» بڵاو بوونەوە. ئەم دەورەیەی ئێستاش لە ڕێبەندانی ١٣٤٩ی هەتاوی دەست پێ دەکا و یەکەم ژمارەی ئەو دەورەیەش لە بەغدا، چاپ و بڵاو بووەتەوە. کە چاو لە ژمارەکانی هەر دەورەیەکی «کوردستان» بە تایبەتی ئەم دەورەیەی ئێستا دەکەی، بە چاوگێڕانێک بە سەردێڕی بەیاننامەکان و بابەتەکان، ئەو ڕووداوانەت وەبیر دێنەوە کە بە سەر ئەم حیزبە و تێکۆشەرانی‌دا هاتوون. ڕوانگەی ئەم حیزبەت لە بارەی ئالوگۆڕە سیاسیەکانی پێوەندیدار بە نەتەوەی کورد لە ئێران و بەشەکانی دیکەی کوردستان لەقۆناغێکی تایبەت‌دا وەبیر دەخەنەوە. زۆر لەو کەسانەی لە مەقامی ڕێبەر و کاربەدەستی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم ڕۆژنامەیە دا وتاریان بڵاو بووەتەوە یا قەڵەمیان گێڕاوە، ئێستا لە ژیان دا نەماون بەڵام لە مێژووی ئەم حیزبە و خەباتی ئازادیخوازیی گەلی کورد دا ناوێکی نەمر و جێگایەکی دیاریان هەیە. هەر لەم دەورەیەی «کوردستان» دا کۆمەڵێک کەسایەتی ڕۆڵی جۆراوجۆریان گێڕاوە کە ئێستا چوونەتە ڕێزی شەهیدان و نەمران. لەوانە: هێمنی موکوریانی، کەریمی حیسامی، د.قاسملوو، د.شەرەفکەندی، عەبدوڵلا شەریفی، سەلام عەزیزی، عوسمان ڕەحیمی و نوێترین مامۆستای کۆچ‌کردوومان کاک فەتاح کاویان. ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە لە دواڕۆژەکانی ساڵی ٢٠١٦دا، «کوردستان»هاوکار و پشتیوانێکی بە نرخی لە دەست دا، ئەویش ناسر ئێرانپوور بوو. بێ ئەمەگی دەبێ ئەگەر لەم بۆنەیە دا، یادی نەکەینەوە، چونکە ئەگەر چی ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەم ڕۆژنامەیە و تەنانەت ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانیش نەبوو، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایی دا لە «کوردستان» غافڵ نەبوو و هەرکات «کوردستان» داوای نووسینی لێ کردبا یا بۆ خۆی وتارێکی خۆی بۆ «کوردستان» بە شیاو زانیبا، بە شانازییەوە هاوکاریی ئەم ڕۆژنامەیەی دەکرد.
ئەمەش کە «کورستان» زۆربەی هەرە زۆری ساڵانی تەمەنی خۆی لەم دەورەیە و چەند دەورەیەکی پێشووش‌دا لە دوورخراوەیی دا بەڕێ کردوە و بەڕێوەبەران، نووسەران و کادرە فەننی‌یەکانی ، دوور لە زێدی خۆیان و ڕۆژنامەکەیان، لە قۆناغێکی تەمەنەوە دەچنە قۆناغێکی دیکە و بە دیار «کوردستان»ەوە پیر دەبن، بەشێکە لە سروشتی ئەو خەباتە سیاسی و ئازادیخوازییەی، «کوردستان» بووە بە دەنگ و ڕەنگی، خەباتێک کە بە زۆری لە ژێر سەرکوت و لە دوورەوڵاتی دا درێژەی هەبووە.
هەر وەک ئێستا لە جیاتی «کوردستان»ێک، دوو «کوردستان» وەک زمانحاڵی حیزبی دیموکرات بڵاو دەبنەوە، لە ڕابردووش دا وا هەبووە «کوردستان» گیانێک بووە لە دوو جەستە دا. بەو واتایە کە دووبەشی لێک دابراوی حیزبی دیموکرات، هەر کامیان بە جیا «کوردستان»یان وەک ئۆرگانی خۆیان بڵاو کردوەتەوە. لەمەشەوە دەتوانین بگەینە ئەو ڕاستییە کە «کوردستان» لەم قەدەر و چارەنووسەشی دا، لە خاوەنەکەی واتە حیزبی دیموکرات دەچێ.
لە دۆخێک دا کە حیزبی دیموکراتی کوردستان و ڕێبەران و تێکۆشەرانی ئەو حیزبە و نووسەران و کادری فەننیی ئەو رۆژنامەیە پێی‌دا تێپەڕ دەبن، لەوانەیە ئاسان نەبێ بەڵێن بدەین کە «کوردستان» لە ڕووی فۆرم و چاپ و تیراژ و زوو زوو بڵاوکردنەوەی، باشتر دەکەین. چونکە وەک خوێنەرانیش هەستیان پێ‌کردوە تەنانەت هێندێک جار بۆ چاپی هێندێک لە ژمارەکانی لە ڕووی ماڵییەوە کەوتووینە تەنگانە‌. ئەوە کێشەیەکە کە هەر ئێستاش لە گەڵی بەرەوڕووین. وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ ئەو دۆستانەی کەهەر یەکەی بۆ ماوەیەک تێچووی چاپی ڕۆژنامە لە سەر کاغەزیان گرتووەتە ئەستۆ، لێرەوە داوا لە هۆگرانی ئەم ڕۆژنامەیە دەکەین لە ڕووی ماڵییەوە پشتیوانی بن تا ئەم چرایە هەر بە داگیرساوی بمێنێتەوە. جێی خۆیەتی لە قەڵەم بە دەستانی نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان، هەر وەها لە هۆگرانی کاری ڕۆژنامەنووسی ودڵسۆزی خەبات و تێکۆشانی ڕۆشنبیریی حیزبی دیموکرات داوا بکەین بە نووسین و وەرگێڕان و، هاوکاری لە ناردنی هەواڵ و ڕاپۆرتی جۆراوجۆر و دانی ئیدە و پێشنیاری بە سوود، پشتیوانی «کوردستان» بن. ئەوەش کە دەکەوێتە سەر بەڕێوەبەران و نووسەرانی ئێستای «کوردستان» ئەوەیە کە وێڕای بەردەوام ڕاگرتنی ئەم مەشخەڵە پیرۆزە، درێژەدەر‌و پارێزەری ئەو خسڵەت و تایبەتمەندییانەی «کوردستان» بن کە بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم ڕۆژنامەیەی لە نێو ڕۆژنامەکانی دیکە دا پێ دەناسرایەوە. زمانپاراوی و زمانخاوێنی، هەر وەها ڕاستوێژی و بەرپرسیاریەتی لە گرنگترینی ئەوتایبەتمەندیانەن.
بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی ژمارە 700ی «کوردستان»بە ڕێزەوە یادی هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە بەردەوامیی ئەم ڕۆژنامەیە قەرزداری کارو تێکۆشانی ئەوان لە «کوردستان» لە قۆناغە جۆراوجۆرەکان‌دا بووە. هەر وەها پیرۆزبایی و ماندوونەبوونی لە ستافی ئێستای بەڕێوەبەران و کارگێڕانی «کوردستان» و سەرجەم خوێنەران و هۆگرانی دەکەین.
بەو هیوایەی «کوردستان» هەر بەردەوام و، لە بەرەوپێشچوون دابێ.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.