Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۱ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۶| 23/09/2017 |کاتژمێر:
سیاسی

یادی هاوکارێکی لەمێژینە

22/03/2017 | 12:13:18
farhaikawiannn

دەستەی نووسەرانی «کوردستان» وەک نەریتێک بۆ دەرچوونی هەر ١٠٠ ژمارەی ڕۆژنامە جێژنێکی چووکەڵەی خۆمانە دەگرێ بۆ ئەوەی لەلایەک ڕێز لە هەوڵ و ماندووبوونی نووسەران و وەرگێڕان و بەگشتی پێرسۆنێلەکەی بگرێ و لە لای دیکە یادی بەخێری ئەو هاوڕێ و هاوکارانە بکاتەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەو سەنگەرەدا خزمەتیان بە حیزب و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردی ڕۆژهەلات کردوە و ئێستا بە هەرهۆیەک بووە لێی‌دابڕاون. لە کۆڕی ژمارە ٧٠٠ی ڕۆژنامەکەمان‌دا جێگای هێندێ هاوکاری دڵسۆزمان بەتاڵە کە هەر کامەی بە هۆیەکی تایبەت بەخۆیان ماوەیەکە لە هاوڕێیانیان هەڵ بڕاون. ئەم باسە ئەو هاوکارە چالاک و قەڵەم بەبڕشتانە ناگرێتەوە کە لەبەر دووریی جێگای ژیانیان لە کۆڕە خنجلانەکەی ژمارە ٧٠٠ی «کوردستان»دا ئامادە نین، چونکە پێڕسۆنێلی ڕۆژنامە هەمیشە جێگای ئەو خۆشەویستانە بە پڕڕەنگی لە تەنیشت خۆیان هەست پێ‌دەکەن.
یارێک و هاوکارێکی بەوەج و لەمێژینە کە لە کۆڕی ئەم ژمارەیەی کوردستان‌دا لەنێومان نیە ، بەڵام سێبەری سووکی هەروا بەسەر سەرمانەوەیە و بەسەر سەرمانەوە دەمێنێ نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا، نەمر «کاک فەتاحی کاویان»ە کە دوومانگ لەمەوبەر لەنەکاو و بێ‌خەبەردان و بێ‌ماڵ‌ئاوایی، ماڵ‌ئاوایی لێ کردین.
فەتاحی کاویانی نووسەر، وەرگێڕ، شاعیر، زمانزان و بە هەموو مانای وشە فازیل و لێزان بۆ پێڕسۆنێلی ڕۆژنامەی «کوردستان»و بۆ زۆری دیکە لە هاوڕێ و هاوئامانجەکانی تەنیا هاوکارێکی سادە نەبوو. ئەو کە تەمەنێکی درێژی لە کاری ئیداری و مامۆستایەتی و لە خەباتی سیاسی لە هەموو بوارەکان‌دا بەسەر بردبوو و لەو ڕێگایەشەوە ئەزموونێکی زۆری وەسەر یەک نابوو بەڕاستی مامۆستا بوو، سەرمەشق بوو و لە زۆر بواردا یار و یاوەر و غەمخۆری هاوڕێیانی بوو. خاترمان نەگرتوە ئەگەر بڵێین بێجگە لە هونەری نووسین و شێعر و وەرگێڕان لە زۆر بواری دیکەش‌دا بۆ لێ‌فێربوون دەبوو. هەر بۆ نموونە:
– مشوورخۆری و شێلگیری لە وەدواکەوتنی هەر ئەرک و کارێک‌دا کە دەکەوتە سەر شانی. بە پێچەوانەی هێندێک کەس کە دەست بۆ هەرکارێک دەبەن پێیان وایە هەزار ساڵ تەمەنیان بۆ نووسراوە، کاک فەتاح پێشبڕکەی لەگەڵ زەمان دەکرد و پێداگر بوو کە هەموو ئەرکێک زووتر لە کاتی پێشبینی‌کراو ڕاپەڕێنێ. بەڕاستی ئەو کاتانەی کارێکی بەبایەخی بەئەستۆوە دەبوو ئارام و ئۆقرە و خەو و خۆراکی لێ هەڵ‌دەگیراو تەنیا ئەو وەختە دەحەسایەوە و ئۆقرەی دەگرت کە ئەرکەکەی بەجێ دەگەیاند و بە ئەرخەیانی پاڵی لێ‌دەدایەوە.
– ئۆگری بە خوێندنەوە. دەکرێ بڵێین لەو بارەیەوە کاک فەتاح نموونەی نەبوو. ئاخر هەرکام لە ئێمە ئەگەر زۆریش ئۆگری خوێندنەوە بین هەر ئەو شتانە دەخوێنینەوە کە بابەتی ڕۆژن و بۆ بەرەژووربردنی وشیاریی زانستی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و… پێویستمانن. نووسەری ئەم دێڕانە لە ژیانی‌دا جگە لە فەتاحی کاویان کەسی نەدیوە کتێبی لۆغەتنامە بخوێنێتەوە، هەرکام لە مەمانان تەنیا ئەو کاتە کتێبی فەرهەنگ لێک ‌دەکەینەوە کە بۆ مانای وشەیەک تێ‌مابین. بەڵام کاک فەتاح کتێبی فەرهەنگی بەدەستەوە دەگرت و لە ئەلف تا یێی دەخوێندەوە. بۆ وێنە فەرهەنگی ئاکسفۆردی ئینگلیسیی نەک جارێک بەڵکوو سێ جار لە هەوەڵ تا ئاخر خوێندبوەوە.
– ئۆگری بە فێربوون وفێرکردن. ئەو مرۆڤە هەرگیز لە فێربوونی شتی تازە تێر نەدەبوو کە هیچ، هەوڵی دەدا لە هەموو کەس و تەنانەت لە هەموو شتێکیش فێر بێ. ئەوانەی پتری لێ‌نزیک بوون باش دەزانن کە فەتاحی کاویان چ-گەنجینەیەکی بەنرخی لە زانیاریی گشتی و بەتایبەتی لە بواری ئەدەبیات‌دا وەسەریەک نابوو. خۆ لەبواری فێرکردنیش‌دا زۆربەی زۆری هاوڕێ و هاوکارەکانی لەبیریانە کە چەند دەورەی فێرکردنی زمانی ئینگلیسیی بۆ هاوڕێیەکانی کردوونەوە و بە چ‌ئۆگری و حەوسەلەیەکەوە هەوڵی داوە هاوڕێیەکانی لەم بوارە و لە هەر بوارێکی دیکەدا شت فێر بن.
– بەفەرهەنگ‌بوون. چەندی بتەوێ لەوەی پێی دەگوترێ «آداب معاشرت» شارەزا بوو، قسەکردنی دەگەڵ کەسانی لەخۆی گەورەتر، هاواڵ و هاوتەمەنەکانی و تەنانەت کەسانی لەخۆی چووکتر هەتا دەگەیشتە منداڵانی کەم‌تەمەن جێگای سەرنج و شیاوی لێ‌فێربوون بوو. زۆر جارمان دەدی کە منداڵی دەدوازدە ساڵەی لە جیاتی ناوی چووک بە ناوی بنەماڵە بانگ دەکرد بۆئەوەی ڕێزی گرتبێ و کەسایەتیی پێ‌دابێ. لەوەش گەڕێ کە دەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی لێیان نزیک و دۆست و یەکدڵ بوون بە چ‌زمانێکی شیرین دەدوا و چەندە خۆمانە بوو. لەسەر سفرە و مێزی نان‌خواردن چاوت لێ‌کردبا دەرست لێ‌وەردەگرت و هەر جوان بوو ڕێوڕەسمی هاودەمی و هاوسفرەیی لێ فێربی.
– دڵفرەوانی. بەبێ‌شک ئەویش وەک هەمووی ئێمە بۆی رێ‌دەکەوت دەگەڵ هاوڕێیەکی تووشی دڵ‌ئێشان یان دڵ-ئێشاندن بێ. بەڵام لەو حاڵەتانەش‌دا پاکی و بێ‌کینەیی لەو پیاوەدا بەشێوەیەکی کەم‌وێنە خۆی دەنواند. ئەگەر زانیبای لە دڵ‌ئێشی‌دا بۆخۆی خەتابارە، بەجۆرێک داوای لێبووردنی دەکرد کە لایەنی دڵ‌ڕەنجاو نەک‌هەر هیچی لەدڵ‌دا نەدەما بەڵکە هەستی بە جۆرێک قەرزدارییش دەکرد. خۆ ئەگەر لایەنی بەرامبەریش خەتابار بووایە، تەنیا داوای لێبووردنێک و ماچ‌کردنێک بەس بوو بۆ ئەوەی کاک فەتاح دڵی دەگەڵ چاک بکاتەوە و دڵ‌ئێشی‌یەکە لەبیر بباتەوە.
– خۆش‌مەجلیسی و خۆش‌مەشرەفی. کەمتر کەسێک لە هاوڕێ دوور و نزیکەکانی فەتاح کاویان و تەنانەت خەڵکی بێگانەش هەبووە جارێک لە مەجلیسێکی دۆستانەدا دەگەڵی کۆ بووبێتەوە و بیرەوەری‌یەکی شیرینی لەو ماوە کورتە هاونشینی‌یە لە مێشکی‌دا تۆمار نەکردبێ.
ئەمانە و زۆر سروشتی بەرزی ئەخلاقی و ئینسانی بەشێک لە یادگارەکانی کاک فەتاحی کاویان هاوکاری لەمێژساڵەی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی «کوردستان»ن کە وەک ئۆلگوویەک لە لای هاوڕێ و هاوکارەکانی دەمێننەوە. بە داخێکی گرانەوە لەو ساڵانەی دوایی‌دا هێندێ نەخۆشیی بەردرێژ بەربینگیان بە کاک فەتاح گرت و سەرەنجام ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٥ بە یەکجاری کۆڕی هاوڕێیانی بەجێ هێشت. بەڵام بەو حاڵەش تا دواهەناسەکانی ژیانی لە «کوردستان» دانەبڕا و هەرچی لەدەستی هات بۆی کرد. یاد و ناوی هەمیشە زیندوو و ئاوات و ئامانجە وەدی¬نەهاتووەکانی بەرقەرار بن.

دەستەی نووسەرانی «کوردستان»

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.