Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۶| 24/07/2017 |کاتژمێر:
جۆراوجۆر

تڕامپ زەخت دەخاتە سەر کردارە تێرۆریستییە نێونەتەوەییەکانی ئێران

22/03/2017 | 11:13:14
qalam
ماتیو ر.ج.برۆسکی

وەرگێرانی : کەماڵ حەسەنپوور

دوای هەوڵە بێ ئاکامەکەی، وێدەچێ بەڕێوەبەرایەتیی تڕامپ ئامادەی دەرکردنی بڕیارێکی سەرۆکایەتیی، پاش لێکدانەوەی لایەنە جیاجیاکانی یاسایی، بێ کە جاری یەکەم بەسەریان دا تێپەڕ ببوو.
نابێ مرۆڤ لەوە شۆکە بێ کە بڕیارەکە ئەوجاریش هەمان ٧ وڵات دەگرێتەوە، واتە: ئێران، عێراق، سوریا، یەمەن، سومالی، سودان و لیبی. جیاوازیی سەرەکیی ئەوەیە کە ئەو کەسانەی کە کارتی سەوز (گرین کارت)یان هەیە یا خود هاووڵاتیی دووانەی ئامریکایی و یەکێک لەو وڵاتانەیان هەیە بۆیان هەیە کە بە ئازادیی سەفەر بۆ ناو و دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکەن. جگە لەوە دام‌ودەزگاکانی ئەمریکایی چیتر پەنابەرانی سوریایی لەو بڕیارە هەڵناوێرن. لە کاتی پێداچوونەوە بە داوای ڤیزا و پەناخوازانێک کە بە هۆی ئایینییەەوە قەڵاچۆ دەکرێن هیچ پێداچوونەوەیەکی تایبەتیی بۆ کەیسەکەیان ناکرێ. سەرەڕای ئەوە، بڕیاری نوێ بە دوای ئەو بڕیارەدا دێ کە بە شێوەیەکی کاتیی دانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەندێک وڵاتی خاوەن موشکیلەی راگرت.
لە کاتێک دا کە وڵاتان و رێکخراوەکانی پشتیوانی تێرۆریزم کە بە هیوای زیان گەیاندن بە ئەمریکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن، ئەوان زۆر جار پشت بە وڵاتان یا کاربەدەستانی گەندەڵ لە دەرەوەی ئەو ناوچەیە بۆ وەدەست‌هێنانی توانایی دارایی لە رێگای زنجیرەیەک ئاکاری نایاسایی، دەبەستن. ئەوەی کە لە مشتومڕە سیاسییەکان لە بارەی ئەو کٶچبەرانە دا ون دەبێ پیوەندیی نێوان دوژمنانی ئامریکا، وەک ئێران و حیزبوڵڵا، و رایەڵەی شاراوەیان بۆ پشتیوانیی دارایی تێرۆریستان لە سەرانسەری جیهانە. ئەو باسکە داراییانە دەگەنە ئەمریکای باشوور و تەنانەت ویلایەتە یەکگرتووەکانیش، ئاماژە بە پێویستیی بەرگریی ئێمە بۆ پێش گرتن بە دزە کردنی تێرۆریستان بۆ ناو وڵاتی ئێمە و جڵەو کردنی بەرهەڵستکارەکانمان لە رێگای زەرەرلێدان لە کیسە‌‌باخەڵەکانیانە.
لەو پەیوەندییەدا، چەند راپۆرتی نوێ لەوانەیە بەرچاوڕوونی لە بارەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نوێ لە دژی تێرۆریسم بدەن. هەرچەند کە زۆربەی هەواڵەکان جەختیان لەسەر جێبەجێ کردنە ناسەرکەوتووەکەی پلانی سەرەتایی کردەوە، ناوەرۆکی سیاسەتی نوێ بە بێ پەیوەندیی بە رووداوی ترەوە نەهاتە کایە. لەراستی دا وێدەچێ کە ئەوە بەشێک بێ لە هەوڵەکانی سەرکۆمار ترامپ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران و نوێنەرە تێرۆریستەکەی، حیزبوڵڵا و هەروەها داعیش و گروپە تێرۆریستییە سوننییەکانی تر.
جگە لە بڕیاری سەرۆکایەتیی، وەزارەتی دارایی ئابلۆقەی نوێی خستتە سەر 13 کەس و ١٢ کۆمپانیا کە پەیوەندییان بە بەرنامەی مووشەکی بالیستیکیی ئێران و پشتیوانیی لە سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانەوە هەیە. کاربەدەستانی کۆشکی سپی ئەوە وەک هەنگاوی «دەستپێک» باس دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە نەخشەیەکی تۆکمەتر بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ چالاکییە گێرەشێوێنەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە رێککەوتنی ناوەکیی بە چارەسەرنەکراوی مابوونەوە، بەڕیوەیە.
ئەو ٧ وڵاتەی کە لە بڕیاری سەرۆکایەتیی ترامپ دا ئاماژەیان پێدەکرێ هۆی چوونەسەری پێوەری ئەو هەەڕەشانەن کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدەرەوە ڕا بەرەوڕوویان دەبێتەوە. ئەوانە وڵاتانێکن کە لەوێ داعیش بە شێوەی بەرچاو چالاکە یا وڵاتی ناسەرکەوتوون کە وەک شوێنی پەروەردە کردنی تێرۆریزمی ناودەوڵەتیی کەڵکیان لێوەردەگیرێت.
جێگای ئاماژەیە کە ئێران لە هەرکام لەو شەش وڵاتانەی تر بەشێوەی سیاسیی یا لەشکەریی چالاک بووە، لەشەڕی ناوخۆی عێراق، سوریا و یەمەن را بگرە تا سومالی و سودان و تەنانەت لیبی، ئەو شوێنەی کە تێوەگلانی سوپای قودس لە هێرشی بێنغازی لە ٢٠١٢ لە لایەن راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی پێشوو مایکێل فلین، کە ئەو کات وەک بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی هێزی بەرگریی کاری دەکرد، ئاشکرا کرا.
جێگای ئاماژەیە کە بڕیاری یەکەم لە بارەی کۆچبەرانەوە بە شێوەیەکی کاتیی پێشی بە داهاتی ئێران و حیزبوڵڵا گرت. بە گوێرەی هەواڵێک ئەوە کاردانەوەکەی لە باشووری کالیفۆرنیا، شوێنی ژیانی ٣٠٠ تا ٥٠٠ هەزار ئێرانی-ئەمریکایی، هەستی پێکرا.
فەرهاد بەشارەتی، کە ئاژانسێکی سەفەری لە وێستوود، گەڕەکێکی لۆس‌ئانجێلێس کە بە «تێهرانجێلێس» بە ناوبانگە، گوتی کە سەرەڕای تووڕەیی لە بڕیاری تڕامپ، سنووردارکردنی سەفەر دەتوانێ رایەڵەی دارایی حیزبوڵڵا تێکدا. لە ماڵپەڕی لوبنانی نەهارنێت دا بەشارەتی گوتی «هەندێک خەڵکی دەوڵەمەندی ئێرانی هەن کە بە میلیۆن یاخود بە میلیارد دۆڵاریان هەیە و ئەوان ٥٠٠ هەزار دۆلار بۆ کارتێکی سەوز سەرف دەکەن. ئەوانە خەڵکی ئاسایی نین کە بۆ خوێندن یاخود کار دێن. ئەوانە کەسانێکن کە پشتگیریی لە سوریا و حیزبوڵڵا دەکەن».
لە کاتێکدا کە کڕینی کارتی سەوز لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان نرخێکی بەرزی هەیە، رێگای هەرزانتر بۆ کڕینی بەڵگەی وەها هەن کە رێگا بە تێپەڕ کردنی سنوورەکان دەدەن.
بۆ وێنە بڕواننە کەیسی ڤێنێزوئێلا و جێگری سەرکۆمارەکەی، تاریق ئەلئەیسامی، کە یەکێکە لەو کەسانەی کە بە هۆی قاچاخی ماددەی سڕکەر بەر ئابلۆقە نوێکەی بەڕێوەبەرایەتیی تڕامپ کەوتووە. بە گوێرەی لێکۆڵینەویەکی سی ئێن ئێن کە ساڵێکی پێچووە، پەیوەندی نێوان تاریق و ١٧٣ پاسپۆرتی ڤێنێزوئێلایی کە بۆ خەڵکانی خۆرهەڵاتی ناوین، کە هەندێکیان پەیوەندییان بە حیزبوڵڵاوە هەبووە، سەلماوە. بە گوێرەی راپۆرتێکی هەواڵگریی لە ٢٠١٣ کە دەست سی ئێن ئێن کەوتووە، ئەلئەیسامی بەرپرسی «دانی ڤیزا و مافی هاووڵاتیی بوون بە خەڵکی وڵاتانی تر بووە، بەتایبەتی سوریایی، لوبنانی، ئۆردونی، ئێرانی و عێراقی». ئەو چالاکییانە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٢ بەڕێوەچوون، کاتێک کە ناوبراو وەزیری کۆچبەریی و فەرماندار بووە.
گەندەڵیی سیستەماتیک لە پەیوەندیی لەگەڵ بەڵگەی تەزویر تەنیا لەناو سنوورەکانی ڤێنێزوئێلا دا بەڕیوەناچێ. لێکۆڵینەویەک دەریخستووە کە لانی کەم تا کۆتایی ٢٠١٤، پاسپۆرت، ڤیزا، بەڵگەی لەدایکبوون و دۆکومێنتی تری ڤێنێزوئێلایی بە هەزاران دۆلار لە باڵویزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا فرۆشراون. لە هەمان کاتدا، غازی نەسرەدین دیپلۆماتی ڤێنێزوئێلایی کە لە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە سوریا کاری دەکرد، ئێستاش لە لایەن ئێف بی ئای بە هۆی «پارە کۆکردنەوە» بۆ حیزبووڵڵا و ئاسانکاری بۆ سەفەری ئەندامانی حیزبوڵڵا بۆ ڤێنێزوئێلا و لەوێڕا، داواکراوە.
لە کاتێکدا بۆ سەفەر لە ڤێنێزوئێلا ڕا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویست بە ڤیزا دەکا، پاسپۆرتی ئەو وڵاتە بۆ سەفەر بۆ ١٣٠ وڵات، لەناویاندا ٢٦ وڵاتی یەکیەتیی ئوروپا، پێویستی بە ڤیزا نیە.
لە ١٣ی فێوریە، بەرپرسانی وەزارەتی دارایی ئەمریکا، تاریق ئەلئەیسەمییان پاش لێکۆڵینەوەیەکیی درێژخایەن لە بارەی پەیوەندییەکانی ناوبراو بە هەناردەکردنی ماددەی سڕکەر و ئیسلامیی تووندڕەو خستە ناو لیستەی ئابڵۆقەکانیانەوە. بە گوێرەی کاربەدەستانی وەزارەتی دارایی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کۆنترۆڵی دارایی خەڵکی بیانیی (OFAC)، ئەو کردەویە پێش بە دەستڕاگەیشتنی ناوبراو بە سامانە ٣ میلیاردییەکەی دەگرێ. بە وتەی بەڕێوەبەری ئۆفاک، جان ئی. سمیت « ئەو پەروەندەیە نێشانەی جەخت کردنە لە سەر هەناردەکەرانی ماددەی سڕ کەر و ئەو کەسانەی کە یارمەتییان دەکەن کە داهاتە نایاساییەکانیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بشۆنەوە».
چەند رۆژ دوای بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوکەی سی ئێن ئێن، ڤێنێزوئێلا پەخشی کاناڵی سی ئێن ئێن ئیسپانۆلی راگرت. بە گوێرەی لێدوانێکی کۆمیسیۆنی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نەتەوەیی، هەواڵنێریی ناوبراو « دەستدرێژیی راستەوخۆ دەکاتە سەر ئاشتی و سەقامگیریی دیموکراتیک» لەو وڵاتە و « کەش‌وهەوای پێکەوە هەڵنەکردن دروست دەکا».
هەموو ئەوانە نیشاندەری هەڵسوکەوتێکی جێگرتوون. بە وتەی راپۆرتێکی تازەی کارناسێکی دژە سیخوڕیی، ماتییو لێڤیت، جموجۆڵێکی بەرچاو لە بەڕیوەبەرایەتیی پەیوەندیی دەرەوەی حیزبوڵڵا، « کە ئەندامەکانی بەفەرمیی وەک ئاڵقەی پەیوەندیی لە ناو تاراوگەنشینە شیعەکانی سەرانسەری جیهان کار دەکەن، بەڵام بە شێوەیەکی پەرەگرتوو خەریکی کاری نایاسایی و تێرۆریستیین، هاتوەتە ئاراوە». کاربەدەستانی هەواڵگریی کاناداش باسی چالاکیی هاوشێوەیان کردوە.
بێگومان کۆمپانیا تاوانکارەکانی حیزبوڵڵا هەموو جیهانیان تەنیوەتەوە. بە وتەی لێڤیت «کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە ‹بەشێکی بەرچاو› لە داهاتی رێکخراوە تێرۆریستییەکانی خۆرهەڵاتی ناوین بەگشتیی لەو ٢٠ تا ٣٠ میلیارد دۆڵارانەوە دێ کە بە تەنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە رێگای نایاسایی وەدەست دێ». جا ئەوە ماددەی سڕکەر، ماشێنی دەستی دوو، کۆمپانیای شۆردنەوەی پارە دەگرێتەوە. پۆلیسی ئامریکا پێی وایە کە دەست و پێوەندەکانی حیزبوڵڵا پشکی شێریان لەو پەیوەندییەدا پێ بڕاوە.
لەناو جەرگەی رایەڵەی ئێرانی-حیزبوڵڵای باشووری ئامریکا و کۆمپانیاکانی حیزبوڵڵای تێرۆریست، سوپای مەلاکان، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییە. ئەوان گرنگترین دامەزراوەی ئاسایشیی، سەربازیی و سیاسیین کە بەرژەوەندیی ئابووری‌یان لە زۆربەی کەرتە ئابووری‌یەکانی دەوڵەت‌دا هەیە. سوپای قودسی ئەوان، کە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە جیهانییەکانە، بە فەرمیی لە ٢٠٠٧ لە لایەن وەزارەتی دارایی ویلایەتە یەکگرتووەکان، وەک تێرۆریست ناسێندرا. حیزبوڵڵا لە ١٩٩٧ وەک تێرۆریست ناسێندرا. بەڕێوەبەرایەتیی تڕامپ وێدەچێ هەست بکا کە کاری زۆرتری لەپێشە.
راگەیاندنی ئەو دواییانەی ئابڵۆقەی نوێ لە سەر تاکی ئێرانیی و ڤێنێزوئێلایی و چەند کۆمپانیای تر، دەستپێکێکی باشە. لە کاتی خستنەسەری زەختی زۆرتر، بە سەدان ئەنجامدەر و یەکەی سەر بە سوپای پاسداران هەن کە دەتوانن ببنە ئامانج. بە لەبەرچاوە گرتنی ئەو راستییە کە هەڵگرتنی ئابڵۆقەکان [پاش رێکەوتنی ئەتۆمی] میلیاردها دۆلاری خستە ناو خەزانەی ئێران ، سنووردار کردنی دابین کردنی دارایی شەڕەکانی ناوخۆ، تێرۆریزم و چالاکیی نایاسایی سوپای پاسداران و حیزبوڵڵا هەنگاوێکی هەستیارە بۆ کۆنترۆڵ کردنی بڵندخوازییە جیهانییەکانی ئەوان.
بڕیاری تڕامپ لە بارەی کۆچبەرانەوە وڵاتە ناسەرکەوتووەکان دەکاتە ئامانج کە شوێنی پەروەردە کردنی تێرۆریزمن یا وڵاتانێکن کە لەوێ تێرۆریستان بە ئازادی چالاکن یاخود لە ژێر فەرمانی دەسەڵاتداران دان. لەهەمان کاتدا ئابڵۆقەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی پەرەئەستێن وڵاتە گەندەڵەکان و ئەو کاربەدەستانە دەکەنە ئامانج کە بە شێوەی نایاسایی سوود لە چالاکییەکانیان لە ئاستی جیهانیی دا وەردەگرن.
لە دونیای دژەتێرۆر دا، هەموو ئەو شتانە بەیەکەوە پەیوەندییان هەیە. ئاخۆ بڕیاری نوێ لەبارەی كٶچبەرانەوە ئەو ئامانجە دەپێکێ یا نا، یەک شت مسۆگەرە: تێکەڵاوی هۆشیاریی لەسەر سنوور، پشکنینی تۆکمە لەکاتی دانی ڤیزا و ئابڵۆقەی ئامانجدار لە لایەن وەزارەتی دارایی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، ئامرازێکن کە بەڕێوەبەرایەتیی تڕامپ بۆ پاشەکشە بە ئێران و داعش، بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ دابین کردنی دارایی بۆ تێرۆریزم و بۆ وشک کردنی ئەو لماوەیە کە لەوێدا ئەوانەی کە هەڕەشە لە ئەمریکا دەکەن خەریکی ئەنجامدانی بازرگانیی نایاسایین.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.