خه‌ڵکی کوردستانی خۆرنیشان، به پێی نه‌ریتی مێژوویی له ئاخرین ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌ی ساڵی کۆن، به ئاگرکردنه‌وه‌و گه‌شایی و شاییه‌وه، پێشوازییان له هاتنی نه‌ورۆزی نوێبوونه‌وه کرد.
ئه‌مساڵ خه‌ڵکی ناوچه جیاجیاکانی کوردستان به ره‌مزی ئاگرو جلوبه‌رگی ره‌نگینی کوردی وبەتایبەتی جامه‌نه له مل کردن، سه‌لماندیان به‌رانبه‌ر به هه‌رچه‌شنه هه‌ڕه‌شه‌ی له ناوبردن، یه‌کده‌نگ ویه‌کگرتوو هاوهه‌ڵوێستن و، به شێوازی جۆراجۆر ده‌نگیان هه‌ڵهێنا که “که‌س نه‌ڵێ کورد مردووه، کورد زیندووه”.
به پێی ئەو ههواڵانەی کە به ناوه‌ندی هه‌واڵی کوردستان و کورد گه‌یشتووه، خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له شار و شارۆچکه و گوند و ئاواییه‌کانی کوردستان، ئێواره‌ی سێ شه‌ممه له‌سه‌ر چوارشه‌ممه به کردنه‌وه‌ی ئاگریی مێژوویی چوارشه‌ممه سووری، سووربوونی خۆیانیان له‌سه‌ر ماف و که‌لتووریی نه‌ته‌وه‌یی سه‌لماند.
هاوکات که له مه‌هاباد مه‌کۆی هه‌ناسه‌و بزه‌ی پێشه‌وای کوردان له قه‌راخی به‌نداوی ئەوشارە ، به ده‌وری ئاگری چوارشه‌ممه سووری خه‌ڵک به یه‌کگرتوویی سه‌مای شاییان دەکرد، له بنکه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان مه‌ڵبه‌ندی درێژه‌ده‌رانی رێچکه‌و ڕیبازی پێشه‌واش ژنان و پیاوان و منداڵانی تێکۆشه‌ری دێموکرات ئه‌و بۆنه‌یان به‌رز ڕاگرت.
ئەگەرچی بە پێی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەکانی رێژیم ماوەیەک پێش هاتنی چوارشەمە سووری لە جموجۆڵدا بوون کە لە کوردستان ئەو رێورەسمانە بە کپی وبێدەنگی بەڕێوەبچێ ، بەڵام له ئیلام و کرماشانی دیرین و زێڕین ، لە خوارو ژووری کوردستان، له شاری قوروه‌ی کانزا‌کان و، سنه‌ی خوێناوی و هەورامانی سەربەرز و، سه‌قزی میژوویی و،بانەی ئاربابا و، هه‌وشاری دێموکرات ویست ، هه‌تا موکریانی کوردپه‌روه‌ر و ئاخرین گونده‌کانی شنۆ و پیرانشار‌و نه‌غه‌ده‌ی سه‌رفه‌راز ئاگری نه‌ورۆزی کرا به ره‌مزی هاوبه‌شی کوردان و به گه‌رمیی و بهیەکگرتوویی پێشوازییان له هاتنی نهۆرۆزی نه‌ته‌وه‌یی کرد.
چه‌ند ساڵێکه خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات له هه‌موو ده‌رفه‌تێک که‌ڵک وه‌رده‌گرن که بە ده‌سه‌ڵاتی پاوانخواز ڕابگه‌ێنن که واز له ویست ومافی خۆیان ناهێنن و یه‌کێک له‌و ده‌رفه‌تانه بۆنه‌کانی نه‌ورۆزه که خه‌ڵک به شێوه‌ی مه‌ده‌نیانه‌و ڕێکوپێک وخۆڕسک په‌یامی خۆیان ده‌گه‌ینن، ئه‌گه‌رچی هانده‌ری و پاڵپشتی کردنی لایه‌نه سیاسییه نه‌ته‌وه‌خوازه‌کان و، چالاکانی ماندوویینه‌ناس وخه‌مخۆر نابێ نادیده بگیردرێت.
ئه‌مساڵێش به هۆی ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رینی ساڵانی ڕابردوو، خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ژێر تیشکی ڕێکخراه‌کانی خۆیان له به‌ڕێوه بردنی بۆنه‌کانی نه‌ورۆز و ساڵی تازه، گیانی تازه‌تر ده‌به‌خشن به جه‌سته‌ی نیشتمان و، بۆ گه‌یشتن به مافه ڕه‌واکانی خۆیان، به گه‌رموگۆڕ تر هه‌وڵده‌ده‌ن.
ناوه‌ندنی ڕاگه‌یاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان له به‌ره‌به‌ری هاتنی ساڵی تازه وێڕای پێشکه‌ش کردنی گه‌رمترین پیرۆزبایی له خه‌ڵکی کورد به گشتی و، به‌تایبه‌تی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ساڵێک پڕ له سه‌رفه‌رازی و کامه‌رانییان بۆ به ئاوات ده‌خوازێ.