جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بهرپرسی نائارامییەکانی ناوخۆی عێراق تۆمەتبار کرد.
سایتی “عالهم”ی ئێران، گفتوگۆیهکی ئەیاد عەللاوی جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی بڵاوکردوەتەوه کە تیایدا عەللاوی ئاماژە بە هەڵەی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئامریکا لە ناوچەکە دەکا و هیواخوازە کە دۆناڵد تڕامپ سەرۆکی ئەمریکا هەڵەکانی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی قەرەبوو بکاتەوە.
ئەیاد عەللاویی لە بەشێکی وتووێژهکهدا دەڵێ، “هەڵەی سەرەکیی ئۆباما دوورکەوتنەوە بوو لە عێراق، لەکاتێکدا بەغدا پێویستی بە پشتیوانیی ئەمریکا بوو، لەوکاتەدا عێراق توانای ئەوەی نەبوو لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێ و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بە ئێران سپارد”، هەربۆیە عەللاوی ئێران بە هۆکاری شەڕ و نائارامییەکان دەزانێ و ئاماژە بەوە دەکا کە “بەهۆی سیاسەتی ئەوکاتی سەرۆکی ئەمریکا، لایەنگرانی ئێران لە عێراق دەسەڵاتیان گرتە دەست”.
شایانی باسە، ئەو لێدوانەی ئەیاد عەللاوی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، لەکاتێکدایە کە حکومەتی بەغدا پێشوازی کردووە لە بوونی هێزەکانی ئێران لە ناو عێراق دهکا و وەک ڕاوێژکاری سەربازی و پێداگره لەسەر مانهوهی ئەو هێزانە و بۆ بهرهنگاربوونهوهی شهڕی داعش به پێویستیان دهزانێ.
میلیشیاکانی سەر بەسپای پاسداران کە بەناوی شەڕی دژە داعشەوە خەرێکی تێکدان و دەستێوەردانن لە ئاسایشی عێراق، خەریکی کێشەنانەوەن لەو وڵاتەدا.
چەند کەس لە پارلمانتاران و سەرۆک عەشیرەتەکانی عێراق بەتایبەتی لە دەوروبەری شاری موسڵ داواکاران کە ڕێگە نەدرێ بە ملیشیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق دەستێوەردانیان هەبێ، چونکە بە کوشتنی خەڵکی مەدەنی و پەرەپێدان بە فرقە گەرایی و تۆڵە ئەستاندەوە لە خەڵکی سوننە تاوانبارن.