حوکمی ئیعدامی زیندانییەکی کورد لە زیندانی قوروە و زیندانیەکی دیکە لە زیندانی دیزلئابادی کرماشان جێبەجێ کرا.
بەیانیی رۆژی سێشەممە ،٣ی رەشەممە، زیندانییەک بە ناوی حوسێن دەروێشی کوچکی”تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی دێولان ،لە زیندانی قوروە لە سێدارەدرا.
بە پێی زانیارییەکان ئەو زیندانییە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابووو و ماوەی ٥ ساڵ بوو لە زینداندا بەندکرابوو.
سەرچاوەیەکی نیزیک لە بنەماڵەی دەروێشی گوتی: حوسێن لەگەڵ کەسێک لەسەر تێکردنی چەکی بانکی تووشی شەڕ و لێکدان ببوو و لەو تێکهەڵچوونەدا ئەو کەسەی کوشتبوو. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەشدا بنەماڵەکەی زۆریان هەوڵ بۆ ڕازیکردنی بنەماڵەی کوژراوەکە دا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لە زیندانی دیزلئابادی کرماشانیش زیندانییەک لەدار دراوە.
ئەو زیندانییە ناوی فەرشید سەجادی ئەسڵ و خەڵکی کامیاران بووە و بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک سزای قەساسی بەسەردا بڕابوو.
شایەنی باسە هەواڵی هیچ کام لەو ئێعدامکردنانە لە راگەیاندنە رەسمییەکانی ئێراندا بڵاو نەکراونەتەوە.