لە پێوەندی لەگەڵ سەردانی سەرۆک وەزیری سوئێد لە ئێران و دانگدانەوەکانی ئەو دیدارە، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان نامەیەکی سەرئاوەڵەی روو بە ستیفان لۆڤین، سەرۆک وەزیری سوئێد بڵاوکردەوە
لە بەشێک لەو نامەیەدا هاتووە؛
حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گشتیی سیاسەتەکانی سوئێد و بەتایبەت سیاسەتەکانی پێوەندیدار بە ئێران و سوئێدەوە بە وردیی چاوەدێریی دەکا.
کۆمیتەکەمان لە رێی ئەم نامەیەوە دەیهەوێ سەرنجی دەوڵەتی سوئێد بۆ ئەوە رابکێشێ کە بە هۆی سیاسەتەکانی رژێمی ئیسلامیی ئێران لەم دواییانەدا ئێران کۆمەڵگەیەکی زیاتر داخراو بە رووی دەرەوەدا و هەروەها بێ بەزەییتر سەبارەت بە خەڵکی نێوخۆیەتی.
لە درێژەی ئەو نامەیەدا بە خستنەرووی سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەڵسوکەوتی نادێموکراتێکی ئەو رێژیمە لەگەڵ گەلانی دیکە لەو پێوەندییەدا هاتووە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری، بە پێرەوکردنی سیاسەتی داخراوی ئایینی هەوڵی داوە کە ناسنامەو کلتووری نەتەوەکان نێو جوغرافیای ئێران بنبڕ بکا.
لە بەشێک لەو نامەیەدا بە خستنەرووی رێژەی فراوانی ئێعدام کردن لە کۆماری ئیسلامی، سەرنجی سەرۆک وەزیری سوئێد بۆ ئەو خاڵە گرینگە ڕاکیشاوە و هاتووە:
“بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی،لە ساڵی ٢٠١٥ دا ٩٧٧ کەس لە ئێران ئێعدام کراون و رژێمی ئیسلامیی ئێران رژێمێکە کە زۆرترین مێرمنداڵی تێدا ئێعدام دەکرێ.
سوئێد لە مێژووی خۆیدا هەمیشە یاریدەری خەڵکی چەوساوە بووە و هەڵاواردن و رەگەزپەرستیی رەت کردووەتەوە. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە دەکرێ سوئێد درێژە بەو نەریتە مرۆڤانەیە بدا.
لە کۆتایی ئەو نامە دوور ودرێژەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستان داوا لە سەرۆک وەزیرانی سوئێد ستێفان لۆڤێن دەکا کە بە کەڵک وەرگرتن لە پێوەندییەکانی خۆی لە گەڵ وڵاتی ئێران هەوڵ بدا بۆ کۆتایی هاتنی ئێعدامی کوردەکان لە لایەن ئەو رژێمەوە