پاشنیوەڕۆی رۆژی شەمە ١٨/٠٢/٢٠١٧ شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرەستی پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتیی رێکخراو، بەمەبەستی پیرۆزبایی ٦٤مین ساڵڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتیی قوتابیانی کوردستان گەیشتنە بارەگای سکرتاریای یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و لە لایەن بەڕێز تەیمور تەیمور عەبداڵ سکرتێری یەکیەتیی لاوان و بەڕێز حەسەن شێخ عەلائیدین سکرتێری یەکیەتیی قوتابیان و هەروەها شاندی سکرتاریەتی هەردوو رێکخراو پێشوازیان لێ کرا.
بەڕێز تەیمور تەیمور عەبداڵ سکرتێری لاوانی پارتی دێموکرات وێڕای بەخێر هاتن کردنی شاندی لاوانی دێموکرات، خۆشحاڵی خۆی بە ئامادە بونیان دەربڕی و شاندی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانیش وێڕای پیرۆزبایی سالڕۆژی دامەزرانی رێکخراوی برا و هاوپیشەیان لە باشووری کوردستان، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان لە تێکۆشان بۆ خواستن و جەختیان لەسەر ئیدامەی کاری هاوبەش بۆ خزمەت بە دۆزی کورد و لاوانی کورد کردەوە.