کۆمیسیۆنی سیاسی-نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچیدوایی پێشمەرگەی دێرین مام عەلی گوڵی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە
لە بەشێک لە ڕاگەیاندراوی کۆمیسیۆنی سیاسی –نیزامی حدک سەبارەت بە کۆچی دوایی مام عەلی گوڵی دا هاتووە؛ مام عەلی گوڵی ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە گوندی “مەڵڵاڵەر”ی ناوچەی ئەحمەدی کۆری بۆکان لە دایکبوو.
مام عەلی یەکێک لە تێکۆشەرانی کورد لەو ناوچەیە بوو کە هەر لە سەردەمی پاشایەتیدا بە هەستکردن بە زوڵم و زۆری دەسەڵات بڕیاری دەستهەڵگرتن لە ژیانی ئاسایی و خەباتی دابوو، بۆیە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی خۆپیشاندانەکان لە شاری بۆکان بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی ڕۆڵی بەرچاوی بینی.
ئەوکە بە دڵگەرمیی زیاترەوە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی بۆ خەبات و تیکۆشانی سیاسی هەڵبژاردبوو، بە ئیمان بە ڕەوایی خەباتی نەتەوەکەی دڵسۆزانە هەموو ئەرکە پێسپێردراوەکانی ڕادەپەڕاند.
مام عەلی گوڵی کە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوییەوە لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا سازمان درابوو، تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی بە شێلگیرییەوە بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی تێدەکۆشا.
کۆمیتەی شارستانی بۆکان، نەخۆشخانەی٢٥ی گەلاوێژ، کۆمیسیۆنی ماڵی و ڕادیۆ دەنگی کوردستان ئەو چەند ئۆرگانە بوون کە مام عەلی بە دڵسۆزییەوە تەمەن و تێکۆشانی سیاسیی خۆی تێیدا بردەسەر.
مام عەلی گوڵی هەروەها کوڕێکی بەناوی حوسێن گوڵی لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکڕاتدا پێشمەرگە بوو کە دوای برینداربوونی لە شەڕێک لە گەڵ هێزەکانی ڕێژیمدا بۆ چارەسەری بەڕێی دەرەوەی وڵات کرا، کە بە داخەوە ساڵی ١٣٩٠ بەهۆی نەخۆشی کۆچیدوایی کرد و تەرمەکەیان هێنایەوە کوردستان و لە گۆڕستانی تێکۆشهرانی حیزب بە خاک سپێردرا.
شایانی باسە مام عەلی گوڵی دوای بەسەربردنی تەمەنێک تێکۆشان ئێوارەی ٢٩ی ڕیبەندان ماڵاوایی لە هاوسەنگەرانی کردو، پێشنێوەڕۆی رۆژی شەممە ٣٠ی رێبەندان بە بەشداری کادرو پێشمەرگەکانی حیزب لە مەزارگەی تێکۆشەرانی تەرمی ناوبراو بە خاک سپێردرا.
لە درێژەی رێورەسمی پرسەوسەرەخۆشی مام عەلی گوڵی کە لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب بەڕێوەچوو، هاورێ قادر وریا لەسەر ژیان وبەسەرهاتی مام عەلی گوڵی بەتایبەتی لە ئۆرگانی راگەیاندن چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
رایەگاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ئەمەگناسی بۆ تێکۆشانی مام عەلی گوڵی و پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی خۆی لەسەرجەم بنەماڵەو هاوسەنگەرانی ئەو ئازیزە، خۆی بە شەریک وبەشدار لە خەمیان دەزانێ