Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۲ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۶| 23/11/2017 |کاتژمێر:
هزروکولتور

لە ئێران شەڕیک لە ئارا دایە، لەسەر ئیمپراتوریی ئابووریی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی

05/02/2017 | 21:53:44
qalam
ئێریک لۆب و نادر حەبیبی

 

وەرگێڕان : کەمال حەسەنپوور

هەندیک کەس پێیان وایە کە سوپای پاسداران بە هۆی کۆنترۆل کردنی ٢٥لەسەدی  ئابووری وڵات، ئیمپراتۆرییەکی ئابوورییە. ئەوە لە پاش هاتنە سەر کاری حەسەن رووحانی لە  ٢٠١٣  و سەرەڕای داواکاریی پەیتاپەیتای ناوبراو بۆ کەم کردنەوەی چالاکی ئابووریی و بازرگانیی سوپای پاسداران کە لە ماوەی ٨ ساڵ سەرکۆماریی ئەحمەدینەژاد‌‌‌ دا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهاتووە.

هەوڵەکانی روحانی بۆ بەدەستەوەگرتنی جڵەوی ئابووریی سوپای پاسداران دوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی بەرجام لە ٢٠١٥، کە سەرکۆمار هەستی بە پێویستیی راکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکیی بۆ بەشە سەرکییەکانی ئابووری وڵات کرد، چڕتر بوەوە. توانایی روحانی بۆ بەستنەوە و هاوئاهەنگ کردنی چالاکییە ئابوورییەکانی سوپای پاسداران، بۆ زیندوو کردنەوەی ئابووری وڵات حەیاتییە و بە سووک کردنی ئابلۆقەکان و وەبەرهێنانی راستەوخۆ کە لە بەرجام دا وەبەرچاوگیراون و بەتایبەت لە ئەگەری پەسەند کرانی لە لایەن رێبەری کۆماری ئیسلامی ئایەتوڵڵا خامنەیی یەوە، بە هێزتریش دەبێ.

سوپای پاسداران لە گوێڕایەڵیی تەواو بۆ هەوڵەکانی روحانی لەمەڕ کەم کردنەوەی دەوری ئابووریی ئەوان بەگومانە. بە لەبەر چاو گرتنی ئەو راستییە کە سوپا لە ژێر فەرمانی راستەوخۆی رێبەر دایە و بەرامبەر سەرکۆماری هەڵبژێراو وەڵامدەر نیە، زۆر جاران گوێی پێنەداوە یا خود بە پێچەوانەی هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ سنووردار کردنی تێوەگلانیان لە ئابووری دا جوڵاوەتەوە. ئەو شتە چەند مانگ لەوەپێش، کاتێک کە دەوڵەتی روحانی رێککەوتننامەیەکی راگەیاند کە سوپای پاسداران دەوری سەرەکیی لە چالاکییەکانی گەشەساندنی ئابووری لە ناوچە سنوورەکانی ئێراق و پاکستان پێ ئەسپێردراوە، ئاشکرا بوو. لە روانگەی هەندێک لایەنەوە ئەو رێککەوتننامەیە وەک سەرکەوتنێک بۆ سوپای پاسداران باسی لێوەکرابوو. بەڵام لەجیاتی هەڵسەنگاندنی ئەو رێککەوتننامەیە وەک رێخۆشکەریی بۆ پەرەئەستاندنی رەهای ئابووریی سوپای پاسداران، دەبێ وەک بەشێک لە بەرنامەی سەرکۆمار بۆ پێشگرتن لەو پەرە ئەستاندنە سەیر بکرێ.

تێوەگلانی سوپای پاسداران لە ئابووریی وڵات دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دەیەی نەوەدی  زایینی. بەڵام لەوکاتەوە، سوپای پاسداران پێداگری لەسەر پرۆژەی زەبەلاحی ئەندازیاریی، وەک قۆنتەراتچی و لەو دواییانەش دا لە بەشی دارایی کردووە. ئەو رێککەوتننامە چالاکیی وەک کردنەوە و پەرەپێدانی شیرکەتی هەرەوەزیی ،دانی قەرزی وەبەرهێنان و ناوەندی بازرگانیی سنووریی و هەروەها پرۆژەی ژێرخانی ئابووریی (وەک رێگا و بان، پرد و کارەبا)  ئەویش بە شێوەی سەرکیی کۆمپانیای ئەندازیاری و بینا سازیی قەرارگای خاتەم ئەلئەنبیا، لەخۆ دەگرێ. رێککەوتننامەکە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ لە چالاکیی ئابووریی سوپای پاسدارانە کە ڕێگە بە رێکخراوەکە دەدا کە چالاکییە ئابووری و ئامنییەتییەکانی لە ناوچە سنوورییەکان، کە دواکەوتوو ترین ناوچەکانی وڵاتن،  لێک گرێ بدا.

دەوری پەرەگرتووی سوپای پاسداران، بە هۆگریی ئایدیۆلۆژیکی، سامان و دەسەڵاتی بەربڵاو، دەتوانێ مەرجەکانی ئابووری-کۆمەڵایەتیی ئەو ناوچانە باشتر بکا. بە شێوەی گشتیی، گەشەسەندنێکی لەو چەشنە دەتوانێ دانیشتووە ئەتنیکییە نائارام و پەراوێزخراوەکانی ئەو ناوچانە بێنێتە ژێر رکێف و بە تایبەتیی لاوەکانیان لە پەیوەست بوون بە لایەنی جیاییخواز و جەنگاوەر، لە کوردستان و بەلوچستان پاشگەز بکاتەوە. هەروەها رێککەوتننامەکە دەتوانێ رێگا بە سوپای پاسداران، کە هەر ئێستا حوزوری بەرچاوی سەربازیی و ئەمنییەتیی لەو ناوچانەدا هەیە بدا کە ,رایەڵەی هۆگر و سیخوڕیی لە ناو دانیشتووانی ئەو ناوچانە کە قازانجی ئابووریان پێ دەگا بەرینتر بکا.

لە نیوەی یەکەمی ٢٠١٦، دەوڵەتی روحانی خۆی لە دانی ١٠ قۆنتەراتی زەبەلاح بە قەرارگای خاتەم ئەلئەنبیا بواردووە. هەر لەو دواییانە دا دەوڵەتی ناوبراو فرۆشتنی ٥٠لەسەدی پشکی شیرکەتی موخابەراتی ئێران بە کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی هەڵوەشاندەوە.  رێککەوتننامەی زیاد کردنی تێوەگلانی سوپای پاسداران لە گەشەسەندن و بەرێوەبەریی بازرگانیی سەرسنوورەکان نموونەی جۆرێک لە قەرەبوو کردنەوە لە لایەن سەرکۆمارە ،کە پێشی بە ئەو قۆنتەرات و کڕینەوانە گرتووە.

گریمانەی دیکەش لە ئێران هەیە کە دەڵێ، روحانی دەوری بەرچاوتر لە گەشەسەندنی ناوچە سنووریەکانی، کە بەپێی نەریت بەرپرسایەتیی وەزارەتی کشتوکاڵ بووە، بۆیە داوە بە سوپا تا تێوەگلانی سوپا لە کەرتی گەورەتر و سوودهێنەرتر وەک نەوت، گازی سروشتیی، پێترۆشیمی و دارایی کەمتر بێ. ئەو کەرتانە پێویستیی بەپەلەیان بە وەبەرهێنانی بیانیی هەیە، کە ئەگەر بێتو کەمتر لە کۆنترۆڵی سپای پاساداران دابن بەشیوەیەکی سەرکەتووتر رادەکێشرێن. پاش دانووستانی درێژمەودا، ئێران توانیویەتی رێککەوتننامەی چەندین میلیارد دۆلاری لەگەڵ تۆتالی فەرانسەیی و شێلی هۆلەندی لە نوڤامبر و دێسامبر دا واژۆ بکا.

رووداوەکانی دوای واژۆ کردنی رێککەوتننامەی گەشەسەندنی ناوچەسنوورییەکان، ناسکیی رێککەوننامەکە و هەروەها گرژییە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان سەرکۆمار و سوپای پاسداران لە بارەی دەوری ئەو لە ئابووری ناوخۆ نیشان دەدەن. لە ئۆکتۆبر بەرپرسی باڵای سوپای پاسداران موحەممەد عەلی جەعفەری گومانی خستە سەر پێشکەوتنی جێبەجێ کردنی رێککەوتنەکە. بەبێ ناوبردن لە رێککەوتنەکە و بێ ئەوەی کە ئاماژە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ دەوڵەت بکا، جەعفەری تاک‌لایەنانە رایگەیاند کە سوپای پاسداران بەتەمایە بنکەی سەرەکیی پێشکەوتن و گەشەسەندن لە هەمان ناوچە سنوورییانە دا بکاتەوە کە رێککەوتنەکە ئامانجییەتی.

لە جیاتی وەڵامدانەوە بە راگەیاندنەکەی سوپای پاسداران یا روونکردنەوەی ئەوەی کە ئاخۆ بنکەی سەرەکیی پێشکەوتن وگەشەسە‌ندن بەشیکن لە رێککەوتننامەکە، سەرکۆمار بە کرداری تاک‌لایەنانەی خۆی وەڵامی دایەوە. لە ٢٠ی نۆڤامبر، ئەو یاسایەکی بەپەلەی رەوانەی مەجلیس کرد بۆ پەسەند کردنی بودجە بۆ پرۆژەی کارخولقێن لە ناوچە دواکەوتووەکانی سنووریی کە سوپای پاسداران بەتەمایە بنکەی سەرەکیی پێشکەوتن و گەشەسەندن دامەزرێنێ. راگەیاندنی یاسای پێشنیارکراو لە لای روحانی ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەکەی بنکەی سەرەکیی پێشکەوتن و گەشەسەندن نەکرد، کە بووە هۆی ناڕوونی هاوئاهەنگیی لە نێوان سەرکۆمار و سوپای پاسدارانی ئێران.

راگەیاندنە تاک‌لایەنەکان و کردارەکانی سوپای پاسداران و سەرۆک‌کۆمار بەدوای واژۆ کردنی رێککەوتننامەکە، دەکرێ وەک فەسڵێکیتر لە ململانێی سیاسی ئەوان لە سەر دەوڵەتداریی و سیاسەتی ئابووریی سەیر بکرێ. راگەیاندنی دامەزراندنی بنکەی سەرەکیی پێشکەوتن و گەشەسەندن لە لایەن سوپای پاسدارانەوە نیشانەی تووڕەیی ئەوان لە جێبەجێ کردنی خاو یا دواخستنی رێککەوتنەکە لە لایەن روحانییەوەیە. وێدەچێ روحانی ئەو پرۆژە یاسایەی بۆیە پێشنیار کردبێ تا لە ئاست ناوی حیزبەکەی واتە حیزبی میانڕەویی و گەشەسەندن دابێ بۆ ئەوەی کە لەو ناوچانە بایەخی بمێنێ و پشتیوانیی سیاسیی ئەوان لە بەرەبەری هەڵبژاردنی سەرکۆماریی لە ژووەنی ٢٠١٧ بپارێزێ.

خامنەیی خۆی لەو کێشانە بە دوور گرتووە بەڵام داوای لێبڕاوانەی ناوبراو بۆ “ئابووریی خۆڕاگرانە” لە رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئابلۆقە درێژکراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەوایی بەخشیوە بە دوەری پەرەئەستێنەری سوپای پاسداران بۆ دەرەوەی بینا سازیی و دارایی بۆ ناو گەشەسەندنی ناوچە سنووریەکان. کاتێک کە جەعفەری بڕیاری دامەزراندنی بنکەی سەرەکیی پێشکەوتن و گەشەسەندنی راگەیاند، ناوبراو ئاماژەی بە داوای رێبەری مەزن لەمەڕ ئابووری خۆڕاگرانە وەک بەڵگەی لۆژیکیی بۆ ئەرکی نوێی سوپای پاسداران کرد، وەک نیشانەیەک لە بڕیاری ئەوان بۆ شوێندانەریی لەسەر ئابووری ناوخۆ.

بە پێی نۆرمی تا ئێستا، تەنانەت پێش سەرکۆماریی ئەحمەدینەژادیش، روحانی یا هەر سەرۆک‌کۆمارێکی داهاتوو وێدەچێ توانای پەراویز خستنی تەواوی سوپای پاسداران وەک یاریکەرێکی بەرچاوی ئابووری نەبێ. رێککەوتنی ئەو دواییانەی ناوچە سنووریەکان و هەنگاوە نا هاوئاهەنگەکانی دوای ئەو، نیشان دەدەن کە چاوەڕوانییە سەرەتایی‌یەکانی روحانی لەبارەی سنووردار کردنی چالاکییە ئابوورییەکانی سوپای پاسداران دوور لە راستیی بوون.

بە بێ پشتیوانیی قورس و قایمی خامنەیی بۆ کورت کردنەوەی دەستی سوپا لە ئابووریی، وێدەچی باشترین شت کە روحانی بتوانێ بیکا دانووستان و مامەڵە بێ لەگەڵ سوپای پاسداران بەو هیوایە کە بتوانێ چالاکیی ئابووریی ئەوان بە چەند کەرتێکی دیاریکراوەوە ببەستێتەوە. لە هەمان کاتدا، ئەگەر بەرجام لە ماوەی سەرکۆماریی دۆنالد ترامپ دا درێژەی هەبێ و روحانی بتوانێ رێژەیەکی بەرچاوی وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانیی راکێشێ، وێدەچێ لە داهاتوو دا دەسەڵاتی چەنە لێدانی ناوبراو لەبارەی چالاکییە ئابوورییەکانی سوپای پاسداران باشتر ببێ.

لە ژماره‌ ٦٩٧ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌