رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا لە سەردەمی سەفەوییەکان و لە پاش شەڕی بەناوبانگی چاڵدێڕان لە ساڵی ١٥١٤ لە بەشەکە گەورەکەی کە کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆری عوسمانییەکانەوە دانەبڕاوە، بەڵکوو لە سەردەمی پەهلەوییەکانیش ئەو بەشە لە کوردستان لەنێوخۆدا بەسەر چەند پارێزگایەکدا دابەش کراوە کە یەکێک لەوان، پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوایە کە لە ئەدەبیاتی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە نێو خەڵکی کورددا بەپارێزگای ورمێ ناسراوە.
پاش تێکشکانی شۆڕشی سمکۆی شکاک و کوژرانی ناجوانمێرانەی بەدەستی هێزە سرکوتکەرەکانی رەزاشا لە ٣٠پووشپەڕی ١٣٠٩لە شاری شنۆ و هەروەها کوشتنی”شێخ خەزعل”، سەرۆکی عەرەبەکانی خوزستان لە ساڵی ١٣١٥دا، رەزاشا لەلایەک بۆ سەرکوتکردنی ئەگەری سەرهەڵدانی هەرچەشنە راپەڕین و شۆرشێکی دیکە و لەلایەکی دیکەش، بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی خۆی و دامەزراندن و بەکردەوەکردنی تێئۆری”دەوڵەتــنەتەوە” و کۆکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەند و سانترالیزە کردنی وڵات، نەخشەی دابەشبوونی وڵات(تقسیمات کشوری) بەپێی یاسای پەسندکراوی١٦ی خەزەڵوەری ١٣١٦دابەشکردنەوەی ئێران گۆری و بەو پێیە، شاری ورمێی(رەزایە) بوو بە یەکێک لە شارەکانی پارێزگای “باکووری رۆژئاوا”. پاشان هەر لە سێی رێبەندانی ئەو ساڵەدا ئەو شارە لەگەڵ شارەکانی خۆی، مەهاباد(ساوجوبڵاغیموکری)، مەراغە و بیجاڕ(گەڕووس) وەک پارێزگای چوارەم لە دە پارێزگای ئەوکاتی وڵات دیاری کران و لە دابەشکردنێکی دیکەدا مراغە و بیجاڕی لێدابڕا. ئەو پارێزگایە لە ساڵی ١٣٤٤ بەملاوە بە شێوەی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە بە بێ لەبەرچاوگرتنی زۆرینەی کوردی ئەو پارێزگایە و تەنانەت شارەکانی مەڵبەندی موکریان کە هەموو دانیشتوانی کورد بوون، نێوی “ئازەربایجانی رۆژئاوا”ی لێندرا.
سەرەڕای ئەوەی ئێمەی کورد”ئینکار”ی بوونی ئازەرییەکانمان لەو پارێزگایەدا نەکردوە و هەمیشە بە چاوی رێزەوە تەماشامان کردوون، بەڵام چ وەک راستییەکی مێژوویی و چ وەک”ئەمری واقع” ئەو پارێزگایە کوردستانە و کوردەکان سەرەڕای نەبوونی ئامارێکی فەرمیی و بێلایەن، زۆرینەی دانیشتوانی پێکدێنن و بەپێچەوانەی ئازەرییەکان، هەزاران ساڵە لەسەر زێدی بابوباپیرانیان دەژین. هەرئەوە کە لە موکریان و لەشارەکانی مەهاباد و بۆکان ،سەردەشت، پیرانشار و رەبەت، تەنیا کورد دەژین و لە باقی شارەکانی پارێزگای ورمێ، لە ماکۆ و بازرگانەوە بگرە هەتا تکاب و سایینقەڵا، کورد لە بەشێکیاندا زۆرینەیە، نیشان دەری ئەو راستییەیە.
ئێمە وەک کورد، لەگەڵ دۆستایەتی، پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و بەدوور لە کێشە و گرفتین لەگەڵ برا ئازەرییەکانمان؛ لەو سۆنگەیەوە هەر وەک چۆن لە سەردەمی حکوومەتی میللی ئازەربایجان و دەوڵەتی جمهووری کوردستاندا(کۆماری کوردستان) هاوشان و هاوسەنگەر لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەرکوتکەری تاران لەبەرەیەکدا بووین و پشت و پەنای یەک بوون، ئێستاش خوازیارین وەک نەتەوەی کورد لەگەڵ برا ئازەرییەکان لەچەپەرێکدا بین و بەگژ داپڵۆسێنەرانی دژی گەلی کۆماری ئیسلامیدا بچینەوە. بەڵام بەداخەوە هەر لە دوای هاتنەسەرکاری رێژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ، ئازەرییەکان بەگشتی و بەتایبەتی رەوتی دەمارگرژی ئازەری، چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و بەکردەوە کوردیان لەو ماوەیەدا قەڵاچۆ کردوە( هێزەکانی سپای پاسداران و جەلادانی نێو زیندانەکان و کەسانی وەک حەسەنی و قەتاری و …قوربانعەلی سەعادەت پارێزگاری ئێستا و علیرەزا رادفەر جێگرەکەی)، چ ئەوانەی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتدان و بەناو رووناکبیرو نوخبە و چالاکی مەدەنی و تەنانەت بەشێکی زۆر لە بەناو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و چالاکانی “فەزای مەجازی”، بەهەموو بۆنەیەکەوە، هاوتەریب لەگەڵ سەرکوتکەرانی کۆماری ئیسلامی بەدژی نەتەوەی کورد بەگشتی و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەوەستنەوە و لەراستیدا ئاو لەئاشی دووژمنی هاوبەشی کورد و ئازەرییەکان دەکەن. بەبێئەوەی بیر لە داهاتووی دوای کۆماری ئیسلامی بکەنەوە و بزانن چارەنووسی وڵاتانی”مورەکەب”ی وەک ئێران و فرەنەتەوە، لەئەگەری چارەسەرنەکرانی ئاشتیانەی کێشەکان، لەکاتێکدا شوێنیزم بەسەر هزر و لۆژیکی نەتەوەکاندا زاڵ ببێ و مافی خۆیان لە نەبوونی مافی نەتەوەیەکی دیکەدا ببینن، چ کارەساتێکی مرۆیی لێدەکەوێتەوە!
ئایا بێرێزی کردن بە زمان و کەلتوور و جل و بەرگی نەتەوەیەک کە بەپێچەوانەی هەوڵ و تێکۆشانی داگیرکەران توانیویەتی لەبەرانبەر تەوژمی توانەوە و ئاسێمیلاسیوندا خۆڕاگرێ، کردەوەیەکی مروڤانە و مەنتقییە؟ لابردنی هەموو هێماکانی کوردستانی بوونی شارەکانی ئەو پارێزگایە، تەنانەت شارەکانی مەڵبەندی موکریان، کە قەجەرە تورکەکانیش بەبەشێکی کوردستانیان دەناسی و زۆرینەی”موتڵەق”ی دانیشتوانی کوردن، چ داهاتوویەک بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی دوو نەتەوەی کورد و ئازەری لەو پارێزگایە تەرسیم دەکات؟ لەدوای شەڕی نەخوازراوی شاری نەغەدە کە بە فیتی کۆماری ئیسلامی و کەسانی وەک حەسەنی، ئیمام جومعەی ئەوکاتی ورمی، گۆمی خوێنی لێکەوتەوە و هەتا ئێستاش بەشێکی زۆری کوردی ئەو شارە، نەیانتوانیوە جێی راستەقینەی خویان بگرنەوە و وەک ئاوارە بوون، لە شارەکانی دیکەی پارێزگای ورمێ، بەناچاری نیشتەجێ بوون و تەنانەت ئەو کوردانەی ئێستا لە شاری نەغەدە، لە وڵات و شاری رەسەنی خۆیان دەژین، هیچ مافێکیان لە بەڕێوەبەری شارەکەدا نییە و پەڕاوێز خراون، ئەوە نیشاندەری چییە؟ ئەوە لەحالێکدایە کە تورکەئازەرییەکانی ئەو شارە و شارەدێی محمەدیار و ناوچەی لاجانی مەڵبەندی موکریان (قەرەپەپاغەکان) کە ئێستا زۆرینەی دانیشتوانی نەغەدە پێک دێنن! کەمتر لە دووسەد ساڵە روویان لە کوردستان کردووە و لەلایەن کوردەوە”خۆیی” کراون. نەتەوەی کورد خاک و زێدی هیچ نەتەوەیەکی داگیر نەکردوە و مێژوو نیشانی داوە تەنانەت باوەشی بۆ نەتەوە لێقەوماوەکانی دیکەش ئاوەڵا بووە و بە دڵفراوانییەوە پێشوازی لێکردوون؛ بەڵام کاتێک خانەخوێ دەبێ بە بێگانە و میوان دەبێتە بریاردەر و دەسەڵاتدار!، چ هەستێک لەلای تاکی کورد پێکدێ و چ داهاتوویەک بۆ ئەو ناوچەیە پێشبینی دەکرێ؟
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، زۆر جاران دیتوومانە لە پارێزگای ورمێ و لەو شارانەی کە دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەری بەیەکەوە دەژین، سووکایەتی بە کوردان کراوە. ئەو دیاردەیە تەنیا بە سووکایەتی کردن لەلایەن تاقمێک ئازەری رەگەزپەرست نەبەستراوەتەوە و لەڕاستیدا رەوتێکی خۆرسک نییە؛ بەڵکوو بە شێوەیەکی هەدەفمەند و سازماندراو لەلایەن دەزگا ئەمنییەتیەکان، ئیمام جومعە ئازەرییەکان و کاربەدەستانی باڵای پارێزگا و نوێنەرانی ئازەری زمانی مجلیسەوە دادەرێژرێ و بەڕێوە دەچێ.
دیار و ئاشکرایە کە چ لەسەردەمی رێژیمی پاشایەتیدا و چ پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە(بەشێوەیەکی ئاشکراو زەقتر)بەرەبەرە دەسەڵاتە بەڕێوەبەرییەکان لەهەمووئاستەکاندا لە پارێزگای ورمێ دراوە بە ئازەرییەکان و لەلایەن ئەوانەوە پاوان کراوە و کورد لە دارشتن و بەڕێوەبردنی کاروبارەکاندا، تەنانەت لەو شارانەی کە دانیشتوانی سەرجەم کوردن کەمترین رۆڵی هەبوە و هەیەتی. ئەوە یەکێک لە سیاسەتە دژیگەلییەکانی کوماری ئیسلامی بە دژی نەتەوەی کوردە و کەم وزۆر لە گەڵ نەتەوەکانی دیکەش رەچاو کراوە. بەڵام زۆڵم و ستەم، سەرەڕای ئەوەی جێی قەبووڵ نییە ودیاردەیەکی داگیرکەرانەیە، رادەی خۆی هەیە و ئەوەی لە پارێزگای ورمێ لەلایەن دەسەڵاتدارە ئازەرییەکانەوە دەکرێ لە خانەی”ئینکار”ی نەتەوەی کورددا خۆی دەبینێتەوە.
لەو ماوەیەدا و لەبەرەبەری هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی و شوورای شارو گوندەکان لەئێراندا، پارێزگار و دەستوپێوەندەکانی لە پارێزگای ورمێ، ١٠ کەسیان بۆ چاودێری رەوتی هەڵبژاردنەکان لەو پارێزگایەدا هەڵبژارد. سەیر ئەوەیە لە پارێزگایەک کە زیاتر لە نیوەی حەشیمەتەکەی لە نەتەوەی کوردن و لە شارستانی ورمێدا شیمانە دەکرێ کورد زۆرینە بێ، تەنانەت کەسێکی کورد لەلایەن پارێزگاوە بۆ چاودێری ئەو بەناوهەڵبژاردنانە، دەسنیشان نەکراوە و هەمووی چاودێرەکان لە ئازەرییەکانن!
دیاری نەکردنی تەنانەت کەسێک لە کوردەکان لەو لێژنەیەدا دەبێ بە چ مەبەستێک بێ و هەڵگری چ پەیامێکە بۆ گەلی کورد لەو پارێزگایە و لەداهاتوودا؟ ئایا لەئەگەری نەمانی کۆماری ئیسلامیدا، نەتەوەی کورد دەبێ دیسان شاهیدی تراژیدی وەک کوشتاری بەکۆمەڵی نەغەدە و گوندەکانی قارنێ و قەڵاتان و سەرچنار وسەوزی و ئیندرقاش و دەیان کوشتاری بەکۆمەڵی دیکە، ئەویش لە قەبارەیەکی گەورەتر و سامناکتردا بەدەست کەسانی وەک “معبودی” و “مراد قەتاری” و……بێ؟ نەتەوەیەک کە بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبوە و لەسەرەتاوە بەگژ سیاسەتی سەرکوتکەرانەی رژێمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامیدا چۆتەوە و کارنامەیەکی گەشاوەی لە خەبات بۆ ئازادی لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی ئەو رێژیمەدا تۆمار کردوە و لە راستیدا، لەبری هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران، خەباتی کردوە و خوێنی رژاوە .
بیگومان مەبەستی سەرەکی قوربانعلی سەعادت، پارێزگار و جێگرەکەی عەلیرەزا رادفەر و هاوکارەکانیان لە بەناو لێژنەی ئەمنییەتی پارێزگادا، لەلایەک دەستێوەردان لە دەنگی دەنگدەران و”موهەندیسی”کردنی فێل و تەڵەکە لە دەنگەکان لەو دوو هەڵبژاردنەیە و بەتەمان لە هەڵبژاردنەکانی شووڕاکان، لەو شارانەی هەر دووک نەتەوە بەیەکەوە دەژین، ئەنجوومەنی شووڕاکان لەپاوانی خۆیاندا بێ و لەلایەکی دیکەش دەیانەوێ بە هەموو خەڵکی ناوچە و ئێران و کوردستان بسەلمێنن کە نەتەوەی کورد لەو پارێزگایە کەمینەیەکە و ئەوە هەڵبژێرانی نوێنەرە ئازەرییەکان سەلمێنەری ئەو راستییەیە! بەتایبەت کە هەم لە زۆربەی هەرە زۆری هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا ،رێژەی دەنگدەری کورد قەت لەگەڵ رێژەی دانیشتوانەکەی وەک یەک نەبوە و هەم لەبەرئەوەی ئەو لێژنە دەکەسییە نوێنەری کوردی تێدانییە و هەمووی ئازەرین و تەواوی جومگەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبەری پارێزگایان لەدەست دایە، ئەگەری سەرگرتنی ئەو پیلانە زۆرە.
شک لەوەدانییە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەرەو نەمان دەڕوا و کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێران چارەنووسی دیاری دەکەن. بەڵام ئەوەی لەپاش کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ، کێیە و چ رەوت و جەرەیانێکە و چ برنامە و سیاسەتێکی دەبێ، داهاتوو روونی دەکاتەوە و پێشبینی ناکرێ؛ بەڵام ئەوەی هەر لەئێستاوە دیارە، دوو پرسیی گرینگە، یەکەم: هەردەسەڵاتێک لە ئێراندا بێتەسەرکار دەسەڵاتی ئیدئۆلۆژیک و توتالیتێر لە چەشنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نابێ و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران ئیزن بە هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی هاوشێوەی ئەو رێژیمە نادەن و رەتی دەکەنەوە. دووهەم: لەهەر حاڵەتێکدا دوونەتەوەی کورد و ئازەری، وەک چۆن بە درێژایی مێژووی سەدان ساڵە بە خۆشی و ناخۆشییەوە دراوسێ و جیرانی یەک بوون، لەداهاتووشدا هەر لەگەڵ یەک و لەسەر ئەو خاکەی لەسەری دەژین، تەنانەت لە مان و نەمانی جوغرافیای سیاسیی ئێرانیشدا، وەک جیران و دراوسێ دەمێننەوە؛ هەربۆیەش تەنیا رێگای ژیر و لۆژیک، سەردەمیانە و شارستانیانە، ئەوەیە کە لە بیری رەگەز پەرستی و دەمارگرژیی ومەزنخوازی و بەهێندنەگرتنی کوردەکان و سووکایەتی کردن بە پیرۆزییەکانیان خۆبپارێزن و بۆ بەچۆک داهێنانی ئەو رێژیمە سەرکۆتکەرە کە نەک هەر نەتەوەی کورد بەڵکوو ئازەرییەکانیشی لە مافەرەواکانیان بێبەش کردوە، هاورێ و پشت و پەنای نەتەوەکانی دیکە، بەتایبەت نەتەوەی کوردبن.
شک لەوەدانییە لەماوەی دەسەڵاتی دژی گەلی کۆماری ئیسلامیدا، ئەو رێژیمە بەکەڵک وەرگرتن لە هەستی مەزهەبی خەڵکی ئێران، ئەوانی بەگژ نەتەوەی ئازادیخوازی کورددا کردوەتەوە و جووڵانەوەی رەوای گەلەکەمانیان پێ سەرکوت کردوون و خوێنی مرۆڤە بێتاوانەکانی کوردیان بە ژن و منداڵەوە رشتووە. بەداخەوە ئازەرییەکان، بەحوکمی دراوسێتی، نەک هەر پشکی زۆریان لەو سەرکوت و کوشت و بڕەدا هەبوە، بەڵکوو ئێستاش لەسەر هەمان رێڕە دەڕۆن. رێڕەو و سیاسەتێک کە لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی بەرهەمەکەی دەچنێتەوە و لە داهاتووشدا جگە لە پەرەپێدانی رق و نەفرەتی نەتەوەیی و چاندنی تۆی دەمارگرژی و رەگەزپەرستی کە لەئەگەری هەرئاڵوگۆرێکی سیاسیدا رژانی خوێنی خەڵکی بێتاوان و بێدەرەتانی لێدەکەوێتەوە، هیچ سوودێکی بۆ کورد و ئازەرییەکان نییە. ئەوەش لەقازانجی بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە و برایانەی دوو نەتەوەی کورد وئازەریدا نییە کە لە ماکۆ را بگرە هەتا سونقوری کولیایی و هەمەدان بەیەکەوە دەژین.
لە ژماره ٦٩٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه