پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەمە ٢٢/١/٢٠١٧ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حیزبی و حکومی یادی کۆماری کوردستانی کردەوە.
رێوڕەسمەکە سەرەتا بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ساتێک بە بیدەنگی وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان بەڕێز نەوزاد هادی پاریزگاری هەولێر بە چەند وتەیەک سەبارەت بە کۆماری کوردستان و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێستای کورد و، نەوەی نوێ، رێوڕەسمەکەی کردەوە،.
پاشان پەیامی هاوبەشی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن پێشەوا عەلیپوور پێشکەش کرا، پێشەوا عەلی پوور لە قسەکانیدا وتی”دیاردەیەکی بەهێزی کۆماری کوردستان کە سەنەدیەتیدا بە مان و مەوجودیەتی نەتەوەی کورد ئەوە بوو کە قەرادادێکی نەتەوەیی هاتە گۆڕێ و هەنووکە ٧١ ساڵ دوای کۆماری کوردستان ئێستاش لەنێو هەموو چین و توێژەکانی نەتەوەکەمان لە هەرچوار بەشی کوردستان و لەهەموو مەیدانێکی سیاسی بۆنەتە شتێکی حاشا هەڵنەگر و رۆژ بە رۆژ زیاتر نەهادینە دەبن، ئاڵای کوردستان، مێژووی کوردستان، سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب. لەهەموو دنیادا نەتەوەکان بە رابردوویان پێناسە دەکرین، رابردووی ئێمەش ئاڵای کوردستان و مێژووی خەبات و تێکۆشان و سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیبە. ”
لە برگەیەکی دیکە لە و ڕێورەسمەدا سرودێک لەلایەن کۆڕی هونەری یەکیەتیی لاوان پێشکەش کرا، بڕگەیەکی دیکەی رێوڕەسمەکە تەرخانکرابوو بە پێشکەشکردنی دێکۆمێنتاریەکی کورت سەبارەت بە کۆماری کوردستان کە ناوەندی راگەیاندنی یەکیەتیی لاوان ئامادەی کردبوو،
لە بەشێکی دیکەی ئەو رێورەسمە لە تێکۆشانی هەردوو هونەرمەند ئاسۆ مامزادە و شۆڕش ئاهی کە چەند پڕۆژەی میلیان سەبارەت بە پێشەوا قازی بەڕێوە بردوە رێزیان لێگیرا و دوابەدوای ئەوەش شاعیری نیشتمانپەروەر رەسووڵ سوڵتانی شێعرێکی پێشکەش کرد.
لە کۆتاییدا بە سرودی ئافەرین قازی محەمەد ئافەرین، کۆتایی بە رێوڕەسمەکە هات.