مافی مرۆڤ لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە شێوەیەکی هاوسەنگ لە بەستێنی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتیی و کولتوریدا گەشەی نەکردوە. لە بازنەی نێونەتەوەیی دا زیاتر لە سەر هاوتابوونی یاسا نێوخۆییەکان لە گەڵ نێودەوڵەتییەکان کار کراوە و بەهۆی کێشەی ئایدۆلۆژی،کولتوریی و سیاسی نێوان دەوڵەتەکان سەرکەوتنێکی بەرچاو دەستەبەر نەبوە.مافی مرۆڤ، لە سەردەمی شەڕی سارد لە ئاکامی سرووشتی ململانەی نێوان جەمسەر و هاوقەتارەکانیان نەدەکرا ببێتە جێگای سەرنجی هەموو لایەک. پاش کۆتایی هاتنی جیهانی دوو جەمەسەری، دەرفەتێکی باش بۆ دەرکەوتنی رێکخراوی ناحوکومی و کۆمەڵگای مەدەنی رەخسا و تێکۆشانێکی گەورە و بەرین لە پێناوی مافی مرۆڤ لە هەموو رەگەزەکانیدا دەستپێکرد. کۆتایی شەڕی سارد شەپۆلەکانی لیبڕاڵیزمی بەتەوژمتر کرد و هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی ماف وئازادییە تاک و کەمایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەیان کرد. پارێزگاریکردن لە مافی مرۆڤ و کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر پێشێلکردنی مافی تاکەکان، کەمایەتیەکان و هتد. لە نێوخۆ و دەورەی سنووری دەوڵەتەکاندا گەشەی کرد و لە بەستێنی جیهانی و نێونەتەوەییدا یەکیان گرتەوە. لێرەدا بە کورتی چاوێک بە روانگەی تێۆری رێالیزم، لیبڕاڵیزم و کۆنستراکتیڤیزم لەمەڕ پرسی مافی مرۆڤ و رۆڵی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆڕ و کۆمەڵی تایبەت بە مافی مرۆڤدا دەخشێنین، کە تیشکی زیاتر دەخەنە سەر پرسی مافی مرۆڤ لە سەردەمی ئەمڕۆدا.
رێالیستەکان لە گەڵ بنەماکانی پڕاگماتیسم یەکدەگرنەوە. ئەوان بۆ بەرگریکردن لە بیرۆکەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەستێرە ناسراوەکانی ئەو رەوتە، کە ماکیاوێلی و هۆبزن. رێالیستەکان بایەخ و قورساییەکی زۆر بە پرسی مافی مرۆڤ نادەن و جێگەی و پێگەی دەوڵەت و ئامانجە بە ناو نیشتمانییەکان لە سەرووی پرسەکانی دیکە دەبینن. لە روانگەی هەڵگرانی تێۆری رێالیسمەوە مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی وتە و دەربڕیندا جێدەگرێ و لە تەنگانە و دژوارییەکاندا جێگای مشت و مڕ نییە. رێالیستەکان لە سەر بناخەی سروشتی ئانارشی نێودەوڵەتیی و هەروەها تایبەتمەندی بەرژەوەندییە نیشتمانیەکان بە چاوێکی نەرێنی لە مافی مرۆڤ دەڕوانن. ئەوان مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی ئەخلاق و مۆڕاڵدا دەبینن، کە ناکرێ لە گۆڕەپانی کردەوەدا رۆڵ و نەخشی بەرچاو بگێڕێ. مۆڕگێنتاو(١٩٤٨) و کار (١٩٤٦) وەک دوو گەورە رێالیستی سەرەتاکانی سەدەی رابردوو یاسای جیهانی پێوەندیدار بە مۆڕاڵو ئەخلاق بە تکنیکی شاردنەوەی بەرژەوەندییە خۆییەکان دەناسێنن. هەموو دەوڵەت و زلهێزە گەورەکان ئەو ئیدعایەیان کردوە و لەو پێوەندییەدا ناکرێ سەرمان سووڕ بمێنێ. سیاسەتی کۆڵۆنیالیزم و دواتر دێموکراسی لەو تکنیکانەن، کە لە رابردوودا رەچاو کراون و دەکرێن.
لیبڕاڵیزم بە رکابەری سەرەکی رێالیزم لە پێوەندییە نێودەوڵەتیەکان دەژمێردرێ. لیبڕاڵیزم بیرۆکەیەکی رۆژئاواییە و باوەڕی بە رێزگرتنی بەرپرسە گشتییەکان لە ماف و ئازادییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگایە. روانگەکانی لیبڕاڵیزم رەنگاوڕەنگن، بەڵام کڕۆکی زۆربەیان ئەوەیە، کە تاک مافی دەربڕینی ئازاد و دەرفەتی کەڵکوەرگرتن لە رەوتی یاسایی عادلانە و هاوشانی سیاسی هەبێ. لیبڕاڵەکان بۆ سەلماندنی بیرۆکەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ بیرمەند و رابەڕانی وەک جان لاک و کانت. نووسراوە بە ناوبانگەکەی کانت “ئاشتی هەمیشەیی” بناخەی تێۆری لیبڕالیزمی دامەزراند، کە تاکەکان بە هاوتای یەکتر پێناسە دەکات و باوەڕی وایە، کە پێشێلکرانی ماف مرۆڤ لە گۆشەیەکی دنیا کاریگەری لە سەر هەستی مرۆڤ لە ناوچەیەکی دیکە دەبێ. زۆر ئاساییە، کە لیبڕالیزم بە ئوتۆپیا بناسێندرێ، چوونکە لە قۆناخی چەند سەد ساڵەی مێژووی جیهاندا پێوەندی دەوڵەتەکان بە قەیران و توندوتیژیدا تێپەڕیوە. لیبڕاڵەکان باوەڕیان وایە، کە بیرۆکەکەیان کاری خۆی کردوە و چۆتە بنج و بناوانی سیاسەتی نێودەوڵەتی. لە ماوەی دوو سەدەی رابردوودا ئاڵوگۆڕی گەورە و زۆر لە پرسی مافی مرۆڤ و لە پێوەندی نێوان دەوڵەتەکاندا خوڵقاوە. رێکخراوی جیهانی سازکراون و رێککەوتننامەی گرینگ مۆرکراون. لەو ماوەیەدا، ئاوڕ لە زۆر بواری پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ دراوەتەوە وەک نەمانی کۆیلەتی، ئازادی دەربڕین، مافی ژنان، منداڵان، کەمایەتییەکان، زیندانی و دیلەکان و هتد.
کۆنستراکتیڤیزم، لە رێالیست و لیبڕالەکان جیا دەبێتەوە و وەک تێۆری پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ چاوی لێناکرێ. ئەو تێۆرییە، لە سەر رێکار و روانگەکانی بیرکردنەوە لە پێوەندی نێوان نۆڕم و بەرژەوەندییەکان قوڵ دەبێتەوە. کۆنستراکتیڤیستەکان لە سەر ئەو باوەڕەن، کە گرژی نێوان بەرژەوەندی دەوڵەت و چوارچێوە مۆڕاڵیەکان سازکراون . بە لێکدانەوە و تێگەیشتنی ئەوان، جۆری دامەزرانی دەوڵەت، نۆڕم و بایەخە باوەکان لەو نێوەدا کاریگەرن وتێگەیشتن لەو دینامیکە بۆ تەتەڵەکردنی مافی مرۆڤ مەرجی بنەڕەتییە. بە باوەڕی کۆنستراکتیڤیزم دەوڵەتەکان ناچارن بایەخە جیهانییەکان قبوڵ بکەن و ئەگەر دژیان بوەستنەوە نرخی زۆر دەدەن. ئەو تێۆرییە پێداگرە، کە رەوتێکی نەگۆڕ لە پێوەندییە نێودەوڵەتیەکان و پرسە جیهانییەکاندا نییە، بەڵکو بە گوێرەی رەوتی مێژوو و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەم دێن. لیبڕڵیزمەکان ماف بە تایبەتمەندییەکی سرووشتی دەزانن، کە بەشێکی دانەبڕاو لە مرۆڤە. ئەگەر دەوڵەتەکان نەتوانن مافی هاوڵاتیان بپارێزن سەروەرییان دەکەوێتە ژێر پرسیار. کۆنستراکتیفەکان چۆنیەتی بیرۆکەی مافی مرۆڤ و گواستنەوەی بۆ بەستێنی نێونەتەوەیی و بوون بە نۆڕمێکی جیهانی بە رەوتێکی جێگەی تێڕامان دەزانن. لە روانگەیەکی دیکە باس لە بە کۆمەڵایەتی کردنی مافی مرۆف لە ٩٠ کاندا دەکرێ، بە قۆناخی زێڕینی ئەو پرسە دادەنرێ. لە روانگەی کۆنستراکتیڤیزم کۆمەڵگا، سەروەری دەوڵەت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی زەماندا ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت و بۆیە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و باقی پێوەندییەکان چەسپاو و نەگۆڕ نین، بەڵکو سەرەڕای چەتوون بوونی رەوتەکە بەردەوام لە گۆڕاندایە.
متمانەی گشتی لە ئاستی جیهانی، ناوچەیی و لۆکاڵیدا بەرامبەر بە پرسی مافی مرۆڤ و هەنگاونان بۆ جێبەجیکردنی بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ لاوازە. لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا زۆر دیتراوە و بینراوە، کە زلهێزەکان و دەوڵەتان لە پێناو بەرژەوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانیاندا چەندە و چۆن مافی مرۆڤیان پەراوێز خستوە و بە کردەوە لە بیریان کردوە. پاراستنی بازاڕی فرۆشی بەرهەمە پیشەییەکان، نەوت، مامەڵەی چەک و تەقەمەنی و درێژەدان بە سیاسەتی باڵادەستی خەڵکێکی زۆر لە وڵاتانی نادیموکراتی کردوەتە قوربانی. بۆ وێنە لە پرسی هەوڵەکانی ئێران بۆ چەکی ناوکی رۆژئاوا بە کردەوە بارودۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێرانی پشتگوێ خست. سیاسەتی رۆژئاوا و بەرەی بەهێزی نێو رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە روانگەی ئامراز و تاکتیک چاویان لە پرسی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی سنوورەکانیان کردوە، بۆیە بە گوێرەی پێویست متمانەیان پێنەکراوە. راپۆرت و شیکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و باقی رێکخراوەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ لەمەڕ چۆنیەتی ورێژەی پێشێلکرانی مافی مرۆڤ نەبوونە هۆی شکڵگرتنی پاڵەپەستۆی یەکلاکەرەوە لە سەر ئەو دەوڵەتانەی، کە مافی مرۆڤ بە خەستی پێشێل دەکەن.
پرسی مافی مرۆف یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە. بۆ یەکەمجارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە رێکخراویکی جیهانی لە سەر پرسی مافەکانی مرۆڤ بە راشکاوی بدوێ و چوارچێوەی کاری هاوبەش بۆ پەرەپێدانی ئەو بابەتە پێشکەش بکا. رێککەوتننامە نێوەنەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ لە چوارچێوی رێکخرای نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاریان لە سەر دەکرێ و لە ئاستی لۆکاڵ و ناوچەکاندا ریشەیان داکوتاوە. داڕشتەی جاڕنامە و هەروەها کۆنوانسیۆن و بڕیارنامەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوچە و وڵاتەکاندا بە ئاشکرا دەیسەلمێنێ، کە ئامانج گەشەپێدان و باشترکردنی بارودۆخی مافی مرۆڤە. رێژەی جێبەجێبوونیان بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک فاکتەر، کە بەشێکیان لە کۆنتڕۆڵی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نین. سرووشتی سیستمی نێودەوڵەتی لە بناخەدا کەلێن و بۆشایی زۆر بۆ پێشێلکرانی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان دەخوڵقێنێ. یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان زەمانەتی جیبەجێکردنیان لاوازە، چوونکە لە گەڵ سەروەری دەوڵەتان تێکدەگیرین.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو جێبەجێکردنی بڕیار و ئامانجە هاوبەشەکاندا هاودەنگ و یەک هەڵوێست نییە. بۆ هەر کەیسێک هەڵوێستی جیاوازی هەیە و هەڵوێستەکانیش لە سەر بناخەی بەرژەوەندییەکان هەڵدەچنرێن. لە ئاکامدا سیاسەتی “بانێک و دوو هەوا” لە گۆڕەپانی رووداوە ناوچەیی و جیهانییەکاندا بەرچاودەکەوێ. قەوارە و ساختاری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە تایبەت ئەنجوومەنی ئاسایش کاریگەریی لە سەر درێژەکێشانی دابڕانی قووڵ لە تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی مافی مرۆڤدا هەیە. دەوڵەت و زلهێزە گەورەکانی جیهان وێکڕا و بە یەک ئامانج چاو لە پرسی مافی مرۆڤ ناکەن و بەشێک لەوان ئامادە نین رێز لە ئیدارە و کولتوری دێموکڕاتیک بگرن. بڕیارە گرینگەکان و پارێزگاری کردنی ئەکتیڤ لە مافی مرۆڤ، پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە، کە زۆر جار ئەندامەکانیان ئامادە نین بە ئاسانی سنووری بەرژەوەندییەکانیان ببەزێندرێ. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جێگرەوەی نییە، بەڵام دەکرێ بە هاوکاری دەوڵەتە کاریگەر و زلهێزەکان بەڕۆژ بکرێتەوە و نەخشەرێگای تازە بۆ چارەسەری پرسی مافی مرۆڤ، مافی گەلان و کەمایەتییەکان دابڕێژرێ.
شەپۆلی بە کۆمەڵایەتی و بە کولتورکردنی مافی مرۆڤ رەوتێکی ئەرێنی بۆ باشترکردنی مافی مرۆڤ خوڵقاندوە. رێکخراو و کۆمەڵە نادەوڵەتییەکان و هەروەها رێکخراوی نەتەوەیی مافی مرۆڤ لەو دیالۆگ و باسانەدا ئەکتەری چالاک و شوێندانەرن. ئەو گروپ و کۆمەڵانە زیاتر لە ژێر رێنوێنی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کار دەکەن، کە ئێستا ناوی بۆتە ئەنجوومەی مافی مرۆڤ. ناوەند و دەزگا ناوچەیی و نەتەوەییەکان بۆ کار و تێکۆشانی خۆیان یاسا و رێسای تایبەت دادەڕێژن، کە بە کۆی سیستمی مافی مرۆڤ لە ئاستی نێونەتەوەییەوە گرێدراون. لە دەیەی ١٩٧٠ و ٨٠دا چەند یەکەیەکی مافی مرۆڤی تایبەت بە دەوڵەتەکان دامەزران. ئەو رێکخراوانە نەبەستراوەن و بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ تێدەکۆشن. ئەوان زانیاری لە سەر رەوتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکانیاندا کۆدەکەنەوە و بۆ دەزگا بەرپرسەکانی مافی مرۆڤ رەوانەی دەکەن. ئەو رێکخراوانە، لە چوارچێوەی یاسای وڵاتەکانیاندا دادەمەزرێن و بە شێوەیەکی نەبەستراوە و سەربەخۆ کارەکانیان رادەپەڕێنن. ئەوان هەوڵدەدەن بۆشایی نێوان مافی هاوڵاتیان و بەرپرسیاریەتی دەوڵەت پڕ بکەنەوە و بۆ سەرکەوتن لەو پڕۆسەیەدا لە مێتۆدی جیاواز کەڵک وەردەگرن. لە کۆبوونەوەی بنەماکانی پاریس (٧-٩ ئۆکتۆبری ١٩٩١) لە چەند خاڵێکدا ئەرک و بەرپرسیاریەتیی و چۆنیەتی کاری ئەو رێکخراوانە دیاریکراوە، کە لە کۆنفڕانسی مافی مرۆڤی ڤییەن دا (١٩٩٣) بە سەرنجراکێش و جێگای بایەخ ناسێندران. کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ریکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بایەخی زۆری بەو رێکخراوانە داوە و داوا دەکا، کە لە وڵاتانی دیکە رێکخراو و ناوەندی هاوشێوە دابمەزرێن. ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١١دا بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک جێگە و پێگەی رێکخراوە نەتەوەییەکانی مافی مرۆڤی بەرز نرخاند.
بەستێنی کاری رێکخراوە نیشتمانیی و نێودەوڵەتەییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ هێشتا کرچ و کاڵە، بەڵام دەرفەتی گەشەکردن و پێگەیشتنی هەیە. کارکردنی کۆمەڵە و رێکخراوە نادەوڵەتییەکان و بەسترانەوەیان بە رایەڵکەی جیهانی تەوژمی مافخوازی تاک و کەمایەتییەکانی زیاتر کردوە. گەشەکردنی تێکنۆلۆژی و تکنیکی کۆکردنەوە، بە دۆکۆمێنت کردنی رووداوەکان و گواستنەوەیان لە ماوەیەکی کورتدا، دەوڵەت و ناوەندە ماف پێشێلکەرەکانی خستۆتە ژێر پاڵەپەستۆ و تەنگەتاوی کردوون. بەهێزبوونی رەوتی مافخوازی و زۆربوونی زانیاری لە سەر ماف و ئەرکەکان دەنگی چەوساوە و مافخوراوانی بەهێزتر کردوە و دەرفەتی دوان و دەربڕینی بۆ بەرەی مافپێشێلکراو خوڵقاندوە. راستییەکی حاشاهەڵنەگرە، کە دەوڵەتەکانی جیهان لە سەر بناخەی تێگەیشتنی بەڕێوەبەران و جۆری سیستمەکانیان چاو لە پرسی مافی مرۆڤ دەکەن. دەوڵەتەکان بە پشتبەستن بە تێزی مافی سەروەریی دەوڵەت ئامادە نین لە بازنەی سیستمی باوی جیهاندا بەشێک لە دەسەڵاتەکانیان بۆ رێکخراوە جیهانییەکان رابگوازن. پابەندبوونی دەوڵەتەکان بە رێککەوتننامەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ چەند ئاستێکی جیاواز لەخۆ دەگرێ. لە ئاستی رێزگرتن لە مافەکاندا دەوڵەت پابەندە، کە بەڕێوەبەر و کاربەدەستەکانیان مافەکانی مرۆڤ پێشێل نەکەن. لە ئاستی پارێزگاریکردن لە مافی مرۆڤ دەوڵەت بەرپرسە، کە کەسانی دەرەوەی دەزگای دەوڵەت مافی مرۆڤ و رێککەوتننامەکانی پێوەندیدار خەوشدار نەکەن.لە ئاستی جێبەجێکردنی یاسا و رێساکاندا دەخوازرێ، کە دەوڵەت هیچ هاوڵاتییەک ئەو مافانەی لێزەوت نەکرێ، کە لە رێککەوتننامەکەدا ئاماژەیان پێکراوە. رێککەوتننامە مۆرکراوەکان بە یاسای رەق دەناسێندرین، چوونکە دەوڵەتەکان هاندەدا لە گەڵ یاسا نێودەوڵەتەییەکان خۆیان بگونجینن و ئەرکی سەرشانیان راپەڕێنن. لە گۆڕەپانی مافی مرۆڤدا هێندێک راگەیاندن و بڵاوکراوە هەن، کە بە یاسای نەرم بەناو بانگن. ئەو یاسایانە بە رێگای ناڕاستەوخۆ و مێتۆدی جیاواز لە سەر پەرەپێدانی مافی مرۆڤ و هەروەها پابەندبوونی دەوڵەتان بە یاسا و رێساکان شوێندانەر دەبن.
لە جاڕنامە و بەڵگەنامەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ زۆر وردەکاری هەیە، کە دەکرێ لە داهاتوودا دەوڵەمەندتر بکرێن. وردکردنەوەی زیاتری مافی مرۆڤ و هەڵنەواردنی مافی گەلان بە کردەوەیەکی گونجاو پێناسە دەکرێ. پڕاکتیزەکردنی مافەکانی مرۆڤ پێویستی بە میکانیزمی گونجاوە، کە هێشتا لە بە نیوەچڵی ماونەوە. کاراکردن و بەهێزکردنی میکانیزمە لۆکاڵی، نەتەوەیی و نیشتمانییەکان پاڵنەری کاریگەر لە رەوتی گەشەپێدانی مافی مرۆڤ بەئەژماردێن. دەستەبەرکردنی مافی مرۆڤ لە ئاستی تاک و کۆدا بابەتێکی جیهانییە، بەڵام بۆ سەرکەوتن پێویستی بە وزە و فاکتەرە ناوچەیی و دەوڵەتییەکانە. بەختەوەری مرۆڤایەتی لە دوارۆژدا بەندە بە چارەسەرکردنی پرسی مافی مرۆڤ لە هەموو بوارەکاندا و قەیرانە زۆر و زەوەندەکانی جیهان دەرهاویشتەی دۆخی دژواری مافی مرۆڤەکانە. وانە مێژووییەکان دەیسەلمێنن، کە مافی هاوڵاتیەتی، سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتیی و کولتورییەکان بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی مرۆڤ پێکدێنن و زەوتکردنیان قەیرانی زیاتر و چارەڕەشی زۆرتر دەخوڵقێنێ. دابینکردنی ئازادی و مافە سەرەتاییەکان بە مەرجی بنەڕەتی دوورکەوتنەوە لە قەیرانە تاڵ و کوشەندەکانی جیهان دەژمێردرێن، کە داتاشراوی سیستم و سیاسەتی ناعادڵانە و مێژووییەکی پڕ لە زوڵم و چەرمەسەرییە. بۆ رزگاربوون لە شکاندنی شکۆی مرۆڤ و مافە زەوتکراوەکانی دەستێوەردانی ماف پارێزانە لە وڵاتان ماف و ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە.
ژێدەر و سەرچاوەکان:
Asia Pacific Formum (2012) International Human Rights and the International Human Rights System: A Manual for National Human Rights Institutions
Transnational Politics, International Relations Theory, and Human Rights Author(s): Kathryn Sikkink ( Source: PS: Political Science and Politics, Vol. 31, No. 3, (Sep., 1998), pp. 516-523 Published by: American Political Science Association)
Basde Gaay Fortman (Jul 30.2011) Human Rights in the Context of International Relations
Peter R.Baehr Human Rights and International Relations, International Relations- Vol.II
Tim Dunne and Marianne Hanso (2008) Human rights in international relations
http://www.academia.edu/26387087/Human_Rights_in_International_Relations
نسرین مصفا و نبی اللە ابراهیمی: جایگاە حقوق بشر در نظریەهای روابط بین الملل (١٣٨٧) فصلنامە سیاست، مجلەی دانشکدە حقوق و علوم سیاسی، دورە ٣٨، شمارەی ٤، زمستان ١٣٨٧، ٢٥٩-٢٧٧
لە ژماره ٦٩٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه