Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۶ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۶| 17/11/2017 |کاتژمێر:
جۆراوجۆر

لە بەخاکسپاردنی هاشمییەوە تا بەخاکسپاردنی رێژیم

22/01/2017 | 21:34:38
qalam
مازیار شەکوری

و:سمایل شەرەفی

رێژیمی ویلایەتی فەقیە لە دامەزرانییەوە تا ئێستا، بەردەوام كۆمەڵێك روومای بە كۆڵەكەی خۆی زانیوە و ناویهێناون. لەوانەیەسەرەكیترین روومایەك كەرژیم وەك كۆڵەكەی سەرەكیی دەسەڵات ناوی هێناوە، رەفسەنجانی بووبێ. ئەگەرچی لەو ساڵانەی دوایی‌دا وەفادارانی رژیم زۆر جاران ناڕاستەوخۆ بەڵام راشكاوانە پێیانگوت لادەر. راستییەكە ئەوەیە، ئەگەر شەڕ لەسەر كەلاكە پواوەكەی دەسەڵات لەبەرچاو نەگرین، ئەوا هاشمی رەفسەنجانی سەرەكیترین كۆڵەكەی رژیمی زاڵ بەسەر ئێران‌دا بووە و هەیە. چونكە ئەو بناغەدانەر و داڕێژەری سەرەكیی ماهیەت وشوناسی كۆماری ئیسلامی بە تایبەتی پاش كودتكەی جۆزەردانی ساڵی شێست بووە. كەسایەتییەك، كە هەندێك کەس ناویان ناوە پیاوە هەزار روخسارەكەی دەسەڵات، وەها كەسێك، خێر و شەڕی مردنەكەشی، لە گۆڕانكارییەكانی پاش خۆیدا دەوری هەردەبێ. بەوجۆرە لێكدانەوە و تاوتوێی كردەوە و هەڵسوكەوتی مێژوویی ئەو و هەروەها هەڵوێستی ئەو دواییانەی پیاوانی دەسەڵات لەمەڕ ئەو بێسوود نابێ.

یەکەم: رۆڵی هاشمی رەفسەنجانی لە بنیاتنانی دەسەڵاتی سەرەڕۆ.

بیرەوەرییەکانی هاشمی رەفسەنجانی سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە ناوبراو رۆڵێکی بەرچاوی لە کودەتای گەلاوێژی ساڵی شەست  دژ بە یەکەم سەرۆک کۆماری رێژیم دا هەبووە. ئەو یەکێک لە پشتیوانانی سەرسەختی «حیزبی جمهووری ئیسلامی» بوو کە لە ژێر دروشمەکانی؛ «ئێمە رێبوارانی رێگای قورعانین و حیزبیگۆپاڵبەدەستانمان ناوێ» ناسرابوو. رەفسەنجانی و هاوسەنگەرەکانی لە حیزبی جمهووری ئیسلامی بە فێڵ و تەڵەکەو تەقەلوبی بەربڵاو لە هەڵبژاردنەکان، یەکەمی پارلمانی کودەتاکەیان بنیات نا بۆ ئەوەی یەکەمین سەرۆک کۆماریی و بەدوای ئەودا بە گشتی «جمهورییەت» هەڵوەشێتەوە.

کەسێک کە بە قەولی زۆر کەسان لە گەڵ ئەوەیکە ئاماژەی بۆ چەپ دەنارد، بەڵام راست دەڕۆیی و ئەو کاتەی ئاماژەی بە راست دەدا، بە لای چەپدا وەردەسووڕا. خۆشحاڵبوو لەوەی «بازرگان» لە گۆڕستانی «بهشت زهرا» لێدانی دەخوارد. هەر ئەو بوو کە لە سەردەمی سەرۆک کۆماربوونیدا هەموو ئەو نەوەد کەسەی کە نامە بەناوبانگەکەی «نەوەد ئیمزا»یان مۆر کردبوو، دەستبەسەر و زیندانی کرد و ئازارو ئەشکەنجەدانیان تا ئەو رادەیە بوو کە خودی بازرگان ئەو رۆژانەی  وەک تاڵترین ساتەکانی ژیانی ناودەبرد. گوشارەکان هێندە بەژان و سامناک بوون کە «جەعفەر شیبانی» ئەندامی لەسەر کار بزووتنەوەی ئازادی لە چاوپێکەوتنێکی هاشمی رەفسەنجانیدا لە گەڵ نوێنەرانی ئەوکاتی پارلمان، نارەزایەتی بەرانبەر بە بەندکردنی هاوڕێیانی پیشووی خۆی دەربڕیبوو. بەڵام رەفسەنجانی لە وڵامدا وتبووی: «وازی لێبێنن، هاورێکانیمان گرتووە بۆ ئەوەی ببنە بەشەر! بۆیە نارەحەتە».

بە پێی بارودۆخێک کە لە ئارادابوو، هاشمی رەفسەنجانی رۆڵێکی بەرچاوی لە ئاورتێبەردانی گەشەی سیاسی و دامەزراوە مەدەنییەکاندا بەڕێوە برد. زورێک لە نوێنەرانی خولی سێهەمی پارلمان، بۆ خولی چوارەمی پارلمان رەدی سەلاحییەت کران. لەم سەردەمەدا رەفسەنجانی هەم سەرۆک کۆماری ئێران بوو هەم پێشنوێژی نوێژی هەینی لە تاران. ناوبراو لە نوێژی هەینی دا بەگاڵتەوە باسی لە رەدی سەلاحییەتەکان کردو وتی؛ «ئەوانەی رەدی سەلاحییەت کراون لەمەوبەولا دەتوانن سەرقاڵی کشتوکاڵ بن و پیازو یاراڵماسی بچێنن».

تەنانەت مەهدی کەڕووبی نارەزایەتی دەربڕینێکی دا بەرانبەر بە رەدی سەڵاحییەتەکان وتوویەتی کە؛ «لە داخی هاشمی رەفسەنجانی پەنا بردۆتە بەر شوورای نیگابان».

کوشتن و تێرۆری جیابیرانی لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات هەر لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی رەفسەنجانیدا گەڵاڵەی بۆ داڕێژراو هەر لە سەردەمی ناوبراویشدا بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە جێبەجێ کران. ناوبراو هیچکات وڵامی ئەو پرسیارانەی نەدایەوە کە سەبارەت بە دەستوورەکانی لە پێوەندی لە گەڵ قەتڵە زنجیرەیی یەکاندا رووبەرووی دەبوەوە. هەر لە پێوەندی لە گەڵ دەستێدابوون و دەستووردانی لە کردەوە تێرۆریستییەکاندا، چەندین مەحکوومیەتی نێو نەتەوەیی هەیە. بەرپرسیارێتی لە درێژەدان بە شەڕ، حەزف و سڕینەوەی ئایەتووڵا شەریعەتمەداری و بەمافیایی کردنی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات و دیاریکردنی «خامنەیی» بە رێبەری نیزام و هەمووی ئەمانە بەشێکن لە کارنامەی رەشی رەفسەنجانی. بەڵام ئێستا رێژیمی دەسەڵاتدار بە بێ کۆڵەکەی بنەڕەتی خۆی ماوەتەوە. مێعماری کۆماری ئیسلامی ئێران مردوە، یان مراندوویانە؟؟ چیەتیی کۆماری ئیسلامی و چۆنیەتی سبەینێی ئەم رێژیمە لە وڵامی ئەم پرسیارەدا شاردراوەتەوە.

دووهەم: سڕینەوە لە دەسەڵات.

شەریعەتی بەردەوام سێكوچكەی «زێڕ و زۆرداری وگزە»ی بەكۆڵەكەی تەواوو بێ ئەملاوئەولای ئیستیبداد و چەوساندنەوە و گێلكردنی خەڵك دادەنا. وەک بڵێی «زێڕ و زۆرداری وگزە» یەکجێ لە هاشمی رەفسەنجانیدا کۆببوونەوە. بۆیە کۆمەڵگای ئێران ناوبراویان بە رۆحی راستەقینەی رێژیمی دەسەڵاتدار دەزانی. دۆڕاندنی ناوبراو لە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پارلمان و  خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ساڵی هەشتاوچوار سەلمێنەری جیدیبوونی هەڵوێستی خەڵکی ئێرانە لەم پێوەندییەدا. ئەوەی لە ئێستادا زەین و بیری نووسەری ئەم دێرانەی داگیر کردوە وەبیرم دێتەوە کە لە میتینگی دوکتور «معین» لە گۆڕەپانی وەرزشی زانکۆی تاران بە چ شێوەیەک حەشیمەتی بەشداربوو یەک بەخۆ هاواریان دەکرد: «هاشمی پینوشه ایران شیلی نمیشه».

بەڵام ناوبراو دوای هەڵبژاردنەکانی هەشتاوچوار کەوتە بەر لۆمەو لاتاو و هێرشی دەسەڵاتێک کە خۆی بنیاتی نابوو و بەتەواوی هێزەوە هەوڵی سڕینەوەی دەدرا. بەدوای هەڵبژاردنەکانی هەشتاوهەشتدا ئەدەبیاتی باڵی دەسەڵاتدار،ناوی رەفسەنجانی خستە ریزی فیتنەگێڕانەوە. رێبەری نیزام، عەلی خامنەیی بۆ چەندین جار فیتنەی بە هێڵی سووری نیزام ناو هێنا. بۆیە دەکرێ رەفسەنجانی لە دەرەوەی بنەماڵەی رێژیمی ئێران قسەی لە سەر بکرێ. چەندین جار لە لایەن رۆژنامەی کەیهانەوە هێرشی کرایە سەر و تەنانەت باس لەوە کرا کە چیدیکە رەفسەنجانی وەک کۆڵەکەیەکی نیزام نایەتە ئەژماردن. هەروەها بە «منافق» ناوی هێنرا و باس لەوە هاتەگۆڕێ کە لەوانەیە تووشی دەستبەسەرکردن لە ماڵی خۆی و چارەنووسی هاوشێوەی ئایەتوڵڵا مونتەزری بێتەوە. لە سەر ئەساسی هەمووی ئەمانە لە رادەی هەرە سەرەوەی دەزگاکانی رێژیم دا بڕیاری لێبڕاویان دابوو کە بە هەر شێوەیەک بێت لە رەفسەنجانی بدەن. رەدکردنەوەی سەلاحیەتی ناوبراو بۆ کاندیدبوون لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٩٢ لە لایەن شوورای نیگابانەوە نیشانەی بەکردەیی کردنی ئەم نیەتەی باڵی دەسەڵات رۆیشتووی رێژیم بوو.

لەوانەیە چیدیکە لە روانگەی چاودێرانەوە ناوبراو توانایی ئەوەی نەمابووبێ کە بتوانێ گۆڕان لە سەرەوەی هێرەمی دەسەڵاتدا پیک بێنێ. بەڵام ئەوەی پێویستە سەرنجی بدرێتێ، چۆنیەتی روانینی حاکمییەتە بۆ ناوبراو.لەبەرئەوەی قاعیدەی هێز لە ئێران دەخوازێ و وا نیشان دەدات کە واقعییەتەکان هەمیشە لەبەرچاوی چاودێران نین. بە سەرنجدان بە قورسایییەک کە هاشمی رەفسەنجانی لە بواری بەڕێوەبەری و مێژووییەوە لە نێو دەسەڵاتدارانی رێژیم دا هەیبوو و هەروەها رۆڵێکی بنەڕەتی و یەکلاییکەرەوەی لە دەسنیشانکردنی خامنەیی وەک رێبەری رێژیمداگێڕا، وێدەچوو جارێکی دیکە بتوانێ قورسایی خۆی لە پێوەندی لە گەڵ دەست نیشانکردنی کەسێک بۆ جێگرەوەی خامنەیی بەکار بێنێ، بۆیە حەزف کردنی ناوبراو لەم روانگەوە پێویست بووە.

دیسان بە سەرنجدان بەوەیکە لە هەلومەرجی ئێستادا حاکمییەت پرۆسەی حەزف و سڕینەوەی زۆرێک لە هاورییانی پێشووی خۆی گرتۆتە پێش، حەزفی هاشمی رەفسەنجانی وەک دارێژەر و مێعماری بەشێک لەو رەوتە سیاسییەکە بە هیچ شێوەیەک بە مەیلی باڵی دەسەڵاتدار نەبوو، دەتوانێ دەرسی عیبرەتێک بێ بۆ باقی جیابیرانی دیکەی سەر بەم رەوتە.

سێهەم: نیشانەکانی حەزفی فیزیکی.

لەم پیوەندییەدا سەرەتا وا باشە لە جێگەو پێگەی هاشمی رەفسەنجانی لە بازنەی سەرەوەی دەسەڵات بڕوانین. رێبەرانی سیاسی هەروا لە خۆڕا بە بێ ئامانج و توانج هێندێک وشەو دەستەواژە بەکار ناهێنن چ بگات بە دەربڕینی بیروبۆچوونیان لە سەر کەسایەتییەکان. عەلی خامنەییش لەم تایبەتمەندییە بێبەری نەبووەو نابێ.

تێفکرین و وردبوونەوە لە پەیامی سەرەخۆشیی ناوبراو بۆ کەسایەتییەکان، جێگەو پێگەی هەرکام لەوان بەباشی دەردەخات. خامنەیی بە بۆنەی کۆچی دوایی خوشکی خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووی رێژیمەوە، سەرەخۆشی لە ناوبراو نەکردو پەیامەکەی تەنیا رووی لە دایک و باوکی کۆچکردوو بوو. دیارە کە خاتەمی نە لە ئێستاو نە لە سەردەمی سەرۆک کۆماریدا ئێعتبارێکی لای خامنەیی نەبووە. هەروەها لە پەیامەکانیدا بە بۆنەی کۆچی دوایی کەس و کاری کەسانی نزیک لە خۆی وەک «محەممەد گیلانی»، «میرزا عەلی مشکینی» و «ئەحمەد جەنەتی»، وێڕای دۆعای بەخشش بۆ کۆچکردووان، تەمەنای بۆ بەرزبوونەوەی دەرەجاتی عالی ناوبراوان کردوە. بەڵام لە پێوەندی لە گەڵ پەیامی خامنەیی بە بۆنەی کۆچی دوایی رەفسەنجانییەوە هیچکام لەم کەلیمەو دەستەواژانە بەکار نەهێنراوە.

ئەوە دەریدەخات کە پلەوپایەی کەسێکی وەک رەفسەنجانی، بەلای رێبەری دیکتاتۆری رێژیمەوە زۆر کەمترە لە جێگەو پێگەی هاوسەری کەسێکی وەک جەنەتی. ئێستا ئەو گومانە بەهێزتر دەبێت کە وێدەچێ رەفسەنجانی بە ئەمر و ئیرادەی جەنابی رێبەر کۆچی دوایی کردبێ. چونکی رۆژانێک خامنەیی وەک نزیکترین هاوڕێی خۆی ناوی رەفسەنجانی هێناوەو لانیکەم جارێکیش بە رەسمی وتوویەتی  «کەس بۆ من نابێتە رەفسەنجانی». بەڵام ئێستا چ رووی داوە کە رەفسەنجانی بەم شێوەیە لەبەرچاوی رێبەر کەوتووەو تابەم رادەیە رەش دەنوێنێ؟؟ بە سەرنجدان بە وەها گۆڕانێک لە روانین و پێگەدا دوور لە چاوەروانی نیە کە وا لێک بدرێتەوە کە مردنی ناوبراو بە ئەمر و دەستووری رێبەر ئەنجام درابێ.

ئێستا ئەگەر واز لە تەواوی ئەو باس وخواسانەی کە سەبارەت بە نەبوونی تیمی پزشکی و کەمکاری و کەمتەرخەمیی دوکتۆرەکان و پێشگیری لە «کالبدشکافی» دەکرێ بێنین، مەسەلەیەکی دیکە لە گۆڕێدایە کە جێی سەرنج و لێوردبوونەوەیە.

سایتی مەجلیسی خێبرەگان لە لایەن ئەرتەشی سایبێری سپای پاسدارانەوە چاودێری و پارێزگاری لێدەکرێ. بەڵام ئەم سایتە نیو کاتژمێر پێش لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرکەوتنی سەکتەی هاشمی رەفسەنجانی، پەیامی ماتەمین و سەرەخۆشیی بەناوی ئەندامانی مەجلیسی خێبرەگانەوە بڵاو کردوەتەوە. وەک بڵێی سایتی ناوبراو هەک کرابێ!. بەڵام لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ کە داخۆ ئەو هەککەرانە کێ بوون کە پێش لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی ناوبراو پەیامی سەرەخۆشییان لەم سایتەدا بڵاو کردوەتەوە.؟؟

ئەگەر نەکرێ ئێدیعای ئەوە بکرێ کە رەفسەنجانی راست لە لایەن رێژیمێکەوە کە خۆی بنیاتی ناوە کوژراوە، بەڵام دەکرێ باس لەوە بکرێ کە  بێ گومان ناوبراو لە لایەن خاوەنانی نامەشرووعی دەسەڵاتەوە هەوڵی حەزف و سڕینەوەی دراوە.

چوارەمین: بەخاکسپاردن و مانایەکی شاراوە.

پیاوی هەزار روو کە زۆر کەسی لە بنەماڵەی ئەو رێژیمە دەرپەڕاندبوو، ئێستا خۆی لەو ماڵە دەرپەڕیندراوە. بەڵام زۆرێک لەوانەی کە ئەو دەریپەڕاندبوون، پەیامی سەرخۆشییان بۆ ناردو لە رێورەسمی ناشتنەکەیدا بەشدار بوون.  حەشیمەتێکی بەرچاو و کەموێنە بەشداریی رێورەسمی ناشتنەکەیان کرد. ئایا رەفسەنجانی، مونتەزرییەکی دیکە بوو؟! یان ئەوەیکە دەبێ بە شیوەیەکی دیکە بخوێندرێتەوە؟

ئێستا بارودۆخی ئێران بە قۆناغێکی نائاساییدا تێدەپەڕێ. لە هەمانکاتدا خودی کۆمەڵگای ئەم وڵاتەیش لە بارودۆخێکی نائاساییدایە. لە رێوڕەسمەکەی رەفسەنجانی دا خەڵک و کەسایەتیی جۆراوجۆر و بە نیەت و مەبەستی جۆراوجۆرەوە هاتبوون. کە بە دڵنیاییەوە هۆکارەکان بۆ نووسەری ئەم دێرانە روون و ئاشکرا نین. بەڵام نیەت و هۆکارێک لە هاتنی هەموواندا هاوبەش بوو. بۆ کۆمەڵگای ئێران، رێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک پارادۆکسێک دێتە ئەژمارو خەڵک لە هەر دەرفەتێک بۆی هەڵکەوێ کەڵک وەردەگرێ، بۆ ئەوەی ئەم تەزادە پڕڕەنگ و دیارتر نیشان بدەن و زەربەیەک لە پەیکەرەی بوەشێنن. بەرزکردنەوەی درووشمی «زیندانیی سیاسیی دەبێ ئازاد بکرێ» لە رێورەسمی ناشتنی رەفسەنجانی دا نموونەیەکە بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە. بەڵام بەشداریی بەرینی خەڵک لە رێورەسمی بەڕێکردنی هاشمی رەفسەنجانیدا مانایەکی گەورەتر لە نارەزایەتییەکانی ساڵانی پێشووی هەبووەو هەیە.

ئێستا و راست لەرێورەسمی بەخاکسپاردنی کەسێکدا کە رێوشوێن بۆ حەزف و سڕینەوەی نەیاران و هەمووجۆرە گەندەڵییەک دیاری دەکرد و، شوناس و ناوەرۆکی رێژیمی بنیات دەنا، درووشمگەلێک دژ بە رێوشوێن و نەریتەکانی ئەو بەرز دەکرێنەوە. بێگومان ناشتنی لاشەی هاشمی رەفسەنجانی بەمانای ناشتنی لاشەی تەواویەتی رێژیمەو لە کۆتاییدا هەر وایش دەبێ.

لە ژماره‌ ٦٩٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌