Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۳۱ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۶| 22/09/2017 |کاتژمێر:
ئەدەب

لۆرکا

22/01/2017 | 20:23:41
fathii
عەلی فەتحی

 

ئاوریلی ١٩٣١ دامەزرانی جمهووری ئیسپانیا و کۆتایی سیستەمی پاشایەتی ڕاگەیه‌ندرا. ژێنرال فرانسیسکۆ فرانکۆ دژی ئەو گۆڕانە هەڵوێستی‌گرت.  ساڵی ١٩٣٦ کودتای وەڕێخست و تووشی شکست‌هات. شەڕی نێوخۆیی ئیسپانیا دەستی‌پێکرد. وڵاتانی ئوروپایی، ٢٠ی ئاگوستی ١٩٣٦ پەیمانی ‹›خۆتێ‌هەلنەقوتاندن ‹› لە کاروباری ئەو جمهورییە تازە دامەزراوەیان ئیمزا کرد، واتە ڕاست ٢٠ ڕۆژ دوای کودتای نیزامی فرانسیسکۆ فرانکۆ، تەنیا بۆوەی یارمەتیی بە سەرکەوتنی جمهورییەت نەدەن و پشتی فرانکۆ‌ بگرن. نیو میلیۆن ئیسپانیایی کوژران. نازییەکانی ئاڵمان و فاشیستەکانی ئیتالیا یارمەتی فرانکۆیان‌دا و ناوبراو ساڵی ١٩٣٩ دەسەڵاتی حوکمڕانی دەستەبەرکرد.

فرێدریکۆ گارسیا لۆرکا، شاعیر و نووسەری ئیسپانیایی، هەروەها نیگارکێش و ژەنیاری پیانۆ، لاینگری جمهوری تازەدامەزراوی ئیسپانیا بوو. لۆرکا دەیزانی کە بێدەنگی کۆمەڵگای جیهانی و سەرهەڵدانی فاشیزمی فرانکۆ، وڵات چۆن تووشی نەهامەتی و وێرانی‌دەکا. ئەو بە زمانی شێعر و شانۆ دەنگی ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی. ئەو لە نیزیکەوە دەیدیت هەرکەس لەگەڵ فرانکۆیە، دوژمنی جمهورییەتە. بەردەوام گوێی لە دروشمی فاڵانژەکان دەبوو، کاتێک هاواریان دەکرد:

‹› هەرکەس بەرگی نیزامی لەبەردا نەبێ، با جلی ژنانە بپۆشێ.››

لۆرکا هەڵسوکەوتی فرانکۆی دیتبوو و گوێی لە فەرمانی ئەو ببوو کە گوتبووی:

‹› بەرلە جێبەجێ‌کردنی حوکمی تیرباران و سێدارە، من داوای لێبووردەیی هیچکەس پەسند ناکەم.››

لۆرکا پێشبینی ئه‌و داهاتووه‌ تاریک و ڕەشه‌ی کرد و نووسی:

‹› ئه‌وان سواری ئه‌سپه‌ ڕه‌شه‌کان ده‌بن،

ئه‌و ئه‌سپانه‌ی‌ ناڵه‌کانیشیان ڕه‌شن.

په‌ڵه‌کانی جه‌وهه‌ر و مۆم

له‌سه‌ر باڵتۆکانیان دیار و گه‌شن.

ئه‌وان ئه‌گه‌ر ناگرین، له‌به‌روه‌یه‌

له‌جیات مێشک، قوڕقووشمیان له‌ سه‌ریاندا جێگره‌وه‌یه‌.

ڕوحیان له‌ که‌وڵی بۆیاخکراوه‌

ئه‌و ساته‌ی دێن به‌ ڕێگاوه‌.

تاقمێکی پشتکووڕن و شه‌وانه‌

بگه‌نه‌ هه‌ر شوێنێ،

بێده‌نگییه‌ک ده‌خوازن،

وه‌کوو شیره‌داری ڕه‌شهه‌ڵگه‌ڕاو،

ترس و سامێک،

چه‌شنی له‌رزینی بچووکترین ده‌نکه‌ لمی به‌رئاو.

دواتر، تەنیا لە دەڤەری باسک بە هەزاران کەس ئیعدام‌کران. دیسان وه‌ده‌نگ هات:

مەرگ،

بەژێر دارزەیتوونەکاندا تێدەپەڕی و

پەیتا پەیتا و بەردەوام

پەنجەی قورقووشمیی خۆی

ڕادەداشت و

قوربانیی خۆی دەست‌نیشان دەکرد.

ئه‌و‌ بۆ عەشق، بۆ مناڵ، بۆ سروشت ده‌ینووسی. هەرچەند وای‌دەنواند کە زۆر سیاسی نییە، بەڵام هەڵسوکەوتی لەمەر ناعەداڵەتی و دۆخی نالەباری سەردەم بەجۆرێک بوو، فاڵانژەکانی فرانکۆ بۆیان قبوڵ نەدەکرا. شێعرەکانی ئەو وەسەر زاری مناڵه‌ هه‌ژاره‌کانی گه‌ڕۆکیش که‌وتبوون. ڕوحی هەژارانی بەلاوە گرینگ بوو و بۆ دوای مەرگیشی خۆزگەی بۆ چەوساوەکان هەبوو:

ساتێ دەمرم

پەنجەرەی هەیوان واڵابێ.

مناڵێک پرتەقاڵ دەخوا،

لە پەنجەرەی به‌رهه‌یوانه‌وه‌‌ دەیبینم.

وه‌رزێڕێک گه‌نم ده‌دروێ،

لە پەنجەرەی به‌رهه‌یوانه‌وه‌ دەیبینم.

کاتێ دەمرم،

پەنجەرەی به‌رهەیوان دامەخەن!

لۆرکا لە سەردەمێکی گونجاودا هات و بێوەخت ڕۆیشت. ئەو ده‌یگوت هه‌ر شاعیرێکی ڕاسته‌قینه، شۆڕشگێڕێکه‌.

سالوادۆر دالی سه‌باره‌ت به‌و ده‌ڵێ:

لۆرکا ده‌یتوانی چی له‌ دڵیدا هه‌بوو یا بیری لێ‌ده‌کرده‌وه‌‌، به‌ لاسایی‌کردنه‌وه‌، به‌ گۆرانی‌گوتن یا به‌ جوڵه‌ و نمایش‌کردن ده‌ری‌ببڕێ. ته‌نانه‌ت چۆنییه‌تی مه‌رگی خۆی، ساتی ناشتنی، جه‌نازه‌ی چۆن شۆڕده‌کرێته‌وه‌، چه‌ند ڕۆژ دوای مه‌رگی ڕوخساری چۆن ده‌بێ، هه‌رهه‌مووی نمایش‌ده‌کرد. ئه‌و هه‌رچه‌ند به‌ سیما جوان نه‌بوو، به‌ڵام کاتێک جوڵه‌ی سه‌یر و هونه‌ریی ده‌کرد و پێده‌که‌نی، جوانییه‌کی که‌م‌وێنه‌ی به‌ ڕوخساری خۆی ده‌به‌خشی. هه‌رکات هه‌ستی‌ده‌کرد به‌ هه‌ڵسوکه‌وت و جووڵه‌کانی، توانیویه‌تی بینه‌ر ته‌واو ڕازی بکا، شادی و خۆشی هه‌ست و ڕوحی داده‌گرت.

لۆرکا خۆیشی ده‌یگوت، به‌ده‌گمه‌ن که‌نینم به‌ پێش‌هه‌سته‌کانم دێت. ساڵی ١٩٣٥ به‌ دۆستی خۆی، کارلۆس مۆرلای گوتبوو: که‌ بیر له‌ مه‌رگ ده‌که‌مه‌وه‌، ترس دامده‌گرێ، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دواتر چی ده‌قه‌ومێ، ئه‌وه‌ به‌لامه‌وه‌ گرینگ نییه‌. ته‌نیا ئه‌و هه‌سته‌ ناخۆشه‌، که‌ نابێ ئیتر بمێنم، ئه‌وه‌ ئازارم ده‌دا، ئه‌وه‌ که‌ ده‌بێ ماڵاوایی له‌ خۆم بکه‌م، ئاخر من خۆم خۆش‌ده‌وێ.

لۆرکا پێشبینی مه‌رگی خۆی کردبوو:

دیتم منیان کوشت

قاوه‌خانه‌کان گه‌ڕان، گۆڕستان و کلیساکانیش

به‌رمیله‌کانیان هه‌ڵدڕی، گه‌نجه‌ و دۆڵاپه‌کانیش

ده‌ستیان بۆ سێ ئیسکلێت برد

که‌ ددانه‌ زێڕه‌کانیان بدزن

به‌ڵام منیان نه‌دۆزییه‌وه‌.

منیان نه‌دۆزییه‌وه‌؟

نا…. منیان نه‌دۆزییه‌وه‌.

به‌ره‌به‌یانیی 18ی ئاگوستی ساڵی 1936، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌و عاشقی ژیان بوو و ته‌نیا 38 ساڵی ته‌مه‌ن تێپه‌ڕکردبوو، به‌ده‌ست فاشیسته‌کانی ئیسپانی له‌ داوێنی چیاکانی سیرانوادا تیرباران کرا. ده‌گوترێ له‌نیزیک گوندی ‹›ویزنار›› له‌ژێر دارزه‌یتوونه‌کاندا نێژراوه‌. به‌ڵام جه‌نازه‌ و گۆڕی لۆرکا هیچکات نه‌دۆزرانه‌وه‌. هه‌ست و پێشبینی‌یه‌که‌ی وه‌ڕاست‌گه‌ڕان و له‌ شێعرێکیشدا ئاماژه‌ی پێکردبوو

لە ژماره‌ ٦٩٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌