قوتابیانی گوندی تورجان بە نیشانەی نارەزایەتی لەهەمبەر نەبوونی مامۆستا و پێداویستییەکانی خوێندن لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندنەوە نەچوونەتەوە پۆلەکانی خوێندن.
گوندی تورجان لە ساڵی ۱۳٦۹وە تا ساڵی ۱۳۸۹ی هەتاوی خاوەنی قوتابخانەی ناوەندیی بووە، بەڵام لە ساڵی ۱۳۸۹وە قوتابخانەی ناوەندیی ئەو گوندە داخراوە و قوتابییەکان بە ناچاری چوونەتە قوتابخانەی ناوەندیی گوندی قاراوەی شاری بۆکان.
بنەماڵەی یەکێک لە قوتابیانی تورجان لەو بوارەوە بە ئاژانسی موکریانی ڕاگەیاند:” بەداخەوە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا چەندین جار ڕووداوی هاتووچۆ بۆ منداڵەکانمان ڕوویداوە. چەندین جار داوامان لە بەرپرسان کردووە قوتابخانەی ناوەندیی گوندەکەمان بۆ ئاوەدان کەنەوە، بەڵام هیچ ئاوڕێکیان لە داواکارییەکانی ئێمە نەداوەتەوە.
هەمان سەرچاوە لە درێژەدا گوتی:” ئێمەش وەکوو بنەماڵەی قوتابیان کە ژمارەیان ۲۸ قوتابییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی ڕێگریمان کردوە کە منداڵەکانمان بچنەوە سەر پۆلەکانی خوێندن. ئەگەرچی تا ئێستا هیچ کاربەدەستێکی پێوەندیدار داواکارییەکەی ئێمەیان بۆ گرینگ نەبووە و هیچ کارێکیشیان بۆ نەکردووین”.