بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی “ئانادۆڵ”ی نزیک له حکومەتی تورکیە، دادستانی گشتیی ئامەد، به تۆمەتی “دۆسیەی تیرۆر”، سکاڵانامەیەک دژی ھاوسەرۆکانی ھەدەپەی تۆمارکردوە و تێیدا داوای سزای ٤٣ بۆ ١٤٢ ساڵ زیندانی بۆ سەڵاحەددین دەمیرتاش و سزای ٣٠ بۆ ٨٣ ساڵ بۆ فیگەن یوکسەکداغ کردووە.
هاوسەرۆکانی هەدەپه و چەندین ئەندام پارلمانی ئەم پارته، هەروەها دەیان سەرۆکی شارەوانیی سەربه هەدەپه به تۆمەتی پەروەندی تیرۆر لەلایەن حکومەتی تورکیەوه دەستگیر کراون.
دوای “کۆدەتا سەرنەکەوتووەکەی” تورکیە، حکومەتی ئەم وڵاته به بیانووی جۆراجۆر تاکو ئێستا بە دەیان هەزار مامۆستا، فەرمانبەر، پۆلیس، ئەفسەر، دادوەر و چینه جیاجیاکانی دەسبەسەرکردوه و بێکاری کردوون.
شایانی باسە لە وڵاتی تورکیە به دەستگیرکردنی زۆرترین رۆژنامەنووس، لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان به یەکەم زیندانی رۆژنامەنووسان دادندرێ.