Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۲۲ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۹ | 12/07/2020 | کاتژمێر:
سیاسی

ئاوڕدانەوەیەک لە کارنامەی چەمکێکی درۆ بەناوی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران

08/04/2015 | 14:45:56
+A
-A
موختار نەقشبەندی

وەرگێڕان بۆ کوردی:

سیروان موساپوور

لە ڕۆژمێری فەرمیی ئێران ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوە وەک ڕۆژی کۆماری ئیسلامی ناونراوە، چونکە لەم ڕۆژەدا دوای ژماردنی دەنگەکان ڕاگەیەنرا لەسەدا 98ی خەڵک لە ڕیفراندۆمدا دەنگی ئەرێنییان بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی دا! ئەم ڕیفراندۆمە گەورەترین هەنگاوی کردەیی ڕێبەرانی ڕێژیم بۆ قۆرخکردنی شۆڕشی جەماوەریی ئێران و جێگیرکردنی حکوومەتی ئیسلامی لەسەر بنەمای بیروبۆچوونەکانی ڕێبەرانی ڕێژیم بوو چونکە یەکەم ئەوەکە لەم ڕیفراندۆمەدا، تەنیا بژاردەیەک لەبەردەست‌دابوو و هیچ سیستەمێکی حکوومەتی دیکە لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا نەبوو هەتا خەڵک بژاردەی دڵخوازیان هەڵبژێرن و دەبووایە یان دەنگی ئەرێنی بە کۆماری ئیسلامی بدەن یان بە وڵامدانەوەی نەرێنی بە کۆماری ئیسلامی، مەترسی گەڕانەوەی دەسەڵاتی ڕووخاوی پاشایەتی قبووڵ بکەن و ڕێبەرانی ڕێژیم بەم فێڵە بەڕواڵەت بەستێنی یاسایی بۆ کردەوەکانی دواییان ئامادە بکەن!
لە کەموکوڕییە گەورەکانی دیکەی ئەم ڕیفراندۆمە نادیاربوونی چەمکی کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵک بوو چونکە کۆماریبوون (جەمهوورییەت) لەسەر بنەمای دەنگەکانی خەڵک ڕەوایەتی هەیە و ئیسلام بەپێی حوکمی خوا کە زانا ئایینییەکان لە قورئان و سوننەت دەری‌دێنن، مەشرووعییەتی هەیە و، کۆکردنەوەی جەمهوورییەت و ئیسلامییەت لە حکوومەتێکدا بەکردەوە ناگونجێ و لەهەر حاڵەتدا یەکیک لەو دووانە دەچێتە ژێر کاریگەریی ئەوەی دیکەیان و بنەماکانی دەچنە ژێر پرسیارەوە! هەنووکە دوای تێپەڕینی چەندین دەیە بەتەواوی ڕوون و ئاشکرایە کە ڕێبەرانی ڕێژیم لە وشەی جەمهوورییەت تەنیا بۆ دێموکراتیک نیشاندانی کردەوەکانیان کەڵک وەردەگرن و بەکردەوە جەمهورییەتێک لە حکوومەتی ئەواندا بەرچاو ناکەوێ و بوونی دامەزراوەی شووڕای نیگابان بەکردەوە هەڵبژاردنەکان و مافی ڕادەربڕینی خەڵکی تەنیا لەچوارچێوەی هەڵبژاردنی نێوان بژاردە دەسنیشانکراوەکانی ڕێژیم کورت کردۆتەوە. ماددەی ١١٠ی یاسای بنەڕەتی، بەڵگەیەکی دیکەی غەیرە دێموکراتیک بوونی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی‌یە. ئاوڕدانەوەیەک لە کارنامەی چەند دەیەی ڕابردووی ئەم ڕێژیمە، ناکارامەیی ئەو لە تەواوی بوارەکاندا دەردەخا، کە بەکورتی ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەکەین:
١ــ ئابووری: هەرچەند خومەینی هیچ بەرنامەیەکی ئابووری دیاریکراوی نەبوو، بەڵام ناوبراو لە وتارەکانیدا ئاماژەی بە بابەتگەلێک دەکرد کە ڕێژیم هیچکات لە چەند دەیەی ڕابردوودا نەیتوانی کاریان پێ‌بکا و، وادەکانی خومەینی هەر لە وەرنەگرتنی پووڵی ئاو هەتا هێنانی پارەی نەوت بۆ سەر سفرەی خەڵک و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هەمووان و بنبڕکردنی گەندەڵیی ئابووری تەنیا لە چوارچێوەی دروشم‌دا مایەوە! بۆ نموونە لە ساڵی رابردوودا بە وتەی وەزیری ئابووری و دارایی باندێکی گەندەڵیی ماڵیی ١٢هەزار ملیارد تمەنی لە وڵاتدا ئاشکرا بوو کە ئەم بڕە زۆرە دەرخەری هەبوونی کەموکوڕیی و گەندڵیی بەربڵاو لە سیستەمی ئابووری ڕێژیم دوای چەند دەیەیە! هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا وەزیری هاوکاری، کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی باسی لە هەبوونی 12 ملیۆن هەژاری خۆراکی لە ئێراندا کرد کە ئەمەش لە دەسکەوتەکانی چەند دەیەی حکوومەتی هەژاران و دەسکورتانی خومەینی و یارانییەتی. ئاماری چەند ملیۆن بێکار و هەژار و دواکەوتنی ئێران لە ڕکابەرەکانی چەند دەیەی ڕابردوو نیشاندەری شکستی ئابووریی ڕێژیمە! وەستانەوەی ئابووریی چەند ساڵی ڕابردوو و کەمیی پێداویستییەکانی ژیان بەهۆی گەمارۆکانی ڕۆژئاوا دەرخەری بێ‌توانایی ڕێژیم لە سەربەخۆیی ئابووری و وابەستە بوون بە ڕۆژئاوایە (سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی ئەحمەدینژادیش کاریگەریی لەسەر وەستانی ئابووریی هەبوو)، کەڵک وەرنەگرتنی دروست و تەواو لە سەرچاوە ژێرزەوییەکانی ئێران و بەفیڕۆدانی دەرفەتەکان و ئیمکاناتی وڵات لەو خەسارە گەورانەن کە ڕێژیمی ئاخوندی لە وڵاتی ئێرانی داوە، بۆ نموونە پاشەکەوتی نەوتی ئێران زیاتر لە 150 ملیۆن بەرمیل نەوتە کە بەداخەوە بەهۆی بەڕێوەبەرێتیی خراپ و تەحریمی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئێران لەلایەن ڕۆژئاواوە بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم، ئەم سامانە گەورەیە بە دەست لێنەدراوی ماوەتەوە و ئەگەر ڕێژیم لە چەند دەیەی ڕابردوودا تەنیا لەسەدا 50ی ئەم نەوتەی دەرهێنابا و سەرمایەگوزاری بەو پووڵە کردبایە، ئێستا ئێران ئابوورییەکی بەهێزی خاوەن پاشەکەوتی گەورەی ئەرزیی دەبوو.
٢ــ مافی مرۆڤ: گرتن، ئەشکەنجە، ڕاگواستن، زیندان و ئێعدامی هەزاران گیراوی سیاسی و، پێشێلکردنی مافەکانی کەمایەتییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و سەرکوتی دڕندانەی ناڕازییەکان، نیشاندەری بێ‌بایەخ‌بوونی مرۆڤ و مافەکانیان لەلای ڕێژیمە کە بەداخەوە ڕێبەرانی ڕێژیم لەوپەڕی بێ‌شەرمیدا پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا ڕەت دەکەنەوە و لە وڵامی هەواڵنێران، ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە لەسەر بنەمای بەڵگەنامە ڕوون و ئاشکراکان ئامادە کراوە، بە سیاسی و درۆ و دوژمنکارانە دەزانن! هەبوونی زمانێکی فەرمی و هاوبەش لە وڵاتی فرەنەتەوەی ئێران و پێشگرتن لە بەشداریی کەمینەکان لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان و هەبوونی سیستەمێکی ناوەندگەرا لە ئێران و هەڵاواردنی ئابووری و سیاسی بەدژی کەمایەتییەکان لە دەسکەوتەکانی دەیان ساڵ حکوومەتی ڕێژیمی هەژارانی خومەینی و یارانییەتی!
٣ــ بابەتە کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەکان: خومەینی لە وتارەکانیدا وادەی ئاخیرەتی ئێرانییەکانیشی دەدا! لەڕوانگەی ئایینەوە بابەتە ئەخلاقییەکان دەبنە هۆی ئاوەدانی دین و دنیای مرۆڤەکان و ڕێبەران و بانگەشەکارانی ڕێژیم هەمیشە لە وتارەکانیاندا کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان بە کۆمەڵگەگەلێکی لادەر و بێ‌ئەخلاق دەناسێنن و جێگیرکردنی حکوومەتی ئیسلامیی دڵخوازی خۆیان بە تەنیا ڕێگەچارەی ڕزگاریی کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان لە هەڵوەشان دەزانن! بە ڕوانینێک لە ئاماری جیابوونەوە، توندوتیژیی خێزانیی و خەیابانی، دزی، کوشتن، فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان، گیرۆدەیی و ئایدز لە ئێران بەتەواوەتی دەردەکەوێ کە ڕێبەران و بانگخوازانی ڕێژیم بە دەستێوەردان لە وردترین و بچوکترین کاروبارەکانی ژیانی خەڵک و خەریکبوون بە کارە بێهوودە و تاکەکەسییەکانی وەک مۆدێلی موو و جلوبەرگی کەسەکان و ڕەنگی نینۆکی ژنەکان لەلایەن گەشتی ئیرشاد و بڵاوبوونەوەی خوڕافات لە بابەبەتە سەرەکییەکان بێ‌ئاگا بوون و کۆمەڵگەیان لە ڕێڕەوی پێشکەوتن لاداوە و لە ئاکامدا ئێران بەتوندی تووشی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بووە و حکوومەتی ئاغای خومەینی و هاوڕێیانی لە پەنا بەدۆزەخکردنی دنیای ئێرانییەکان وادیارە دنیای دیکەشیان لێ وێران کردوون!
٤ــ سیاسەتی دەرەکی: گۆشەگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەستی بێزاریی لە ئێران بەهۆی پشتیوانیی لە حکوومەتی بەشار ئەسەد، نەفرەتی کۆمەڵگەی جیهانیی لە ئێران لەبەر وتەکانی ئەحمەدی‌نژاد لەبارەی لەنێوبردنی وڵاتی ئیسرائیل، پێکهێنان و یارمەتیی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچە و جیهاندا بۆ وێنە حیزبوڵڵای لوبنان، دەستێوەردان لە کاروبارە نێوخۆییەکانی وڵاتان و پەرەپێدانی ناکۆکییە مەزهەبییەکان لە دنیای ئیسلامدا، هەموویان لە دەسکەوتەکانی دەیان ساڵ حکوومەتی «نە شرقی، نە غربی، جمهوری اسلامی»ی خومەینی و یارانییەتی! جێگەی ئاماژەپێدانە هێرشی عێراق بۆ سەر ئێران بەهۆی تێکچوونی هاوسەنگیی دەسەڵات لەنێوان دوو وڵات و کەڵک وەرگرتنی سەددام لەم دەرفەتە هاتەکایەوە کە ئەم تێکچوونی هاوسەنگییە لە بەرژەوەندیی عێراقدا، بەهۆی سیاسەتە دەرەکییە هەڵەکانی ئێران و دوژمنایەتی ئاشکرا دەگەڵ ڕۆژئاوا پێک‌هات کە بێجگە لە سەدان ملیارد دۆلار زیان بۆ ئێران دەسکەوتێکی دیکەی نەبوو.
دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران و وڵاتی ئێران دەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕێبەران و ئایدۆلۆژیای ڕێژیم، هۆکاری هەموو کێشەکان و دواکەوتووییەکانی ئێرانە، ڕێبەرانی ڕێژیم بەدوای بەرژەوەندییە ئایدۆلۆژییەکانیان دان کە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان، گیان و ماڵی خەڵکی ئێران هیچ بەهایەکی بۆ ئەوان نیە.
له‌ ژماره‌ ٦٥٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌