٤ به‌ندكراوی خه‌ڵكی شاری بۆكان دوای٢مانگ له گرتنگه‌ی ئیتلاعاتی سپاوه بۆ به‌ندیخانه‌ی ورمێ گواسترانه‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتی هێرانا، ٤ به‌ندكراوی مه‌زهه‌بیی كورد، پاش ٢مانگ ئازار و ئه‌شكه‌نجه له گرتنگه‌ی ئیتلاعاتی سپا له ورمێ، بۆ به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی ئه‌م شاره گواسترانه‌وه.
له مانگی ڕه‌زبه‌ری ئه‌مساڵ، كۆمه‌ڵێك چالاكی مه‌زهه‌بی له شاری بۆكان ده‌سبه‌سه‌ر كران كه به‌شێكیان به دانانی بارمته ئازاد كران. به‌ڵام ٤ كه‌س به ناوه‌كانی غه‌فور ئاسوار، یاقووب نووره، كه‌ماڵ عهلیئەقدهم و هه‌ژار فارووقی له گرتنگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سپا له ورمێ ڕاگیرابوون كه ڕۆژی ڕابردوو به لێدان و كوتان بۆ به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی ورمێ گواسترانه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك به بنه‌ماڵه‌ی غه‌فوور ئاسوار ڕایگه‌یاند 2 حه‌وتوو له‌وه‌پێش بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو به به‌مه‌ستی چاوپێكه‌وتنی كوڕه‌كه‌یان سه‌ردانی ورمێ‌یان كرد، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی پێوه‌ندیدار ئیزنیان نه‌دا چاویان به ڕۆڵه‌كه‌یان بكه‌وێ.
كاربه‌ده‌ستانی دامه‌زراوه ئه‌منیه‌تییه‌كانی به بنه‌ماڵه‌كه‌یان ڕاگه‌یاندوه كه به‌م زووانه په‌روه‌نده‌كه‌ی ته‌واو ده‌بێ و بۆ دادگا ده‌نێردرێ.
شایانی باسه كه تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك سه‌باره‌ت به ده‌سبه‌سه‌ركرانی ئه‌م كه‌سانه له‌به‌رده‌ستدا نییه و هێندێك كه‌س و لایه‌ن ده‌ڵێن له‌وانه‌یه به تۆمه‌تی چالاكیی ئایینی و بانگه‌شه بۆ مه‌زهه‌بی سوننی ده‌سبه‌سه‌ر كرابێتن.