بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی “کوردستان و کورد”، رۆژی دووشەممە ١٥ی سەرماوەز، یەکەم دادگای کردنی چالاکێکی مەدەنی و، بەرپرسی پێشووی ماڵپەڕی کرماشان پۆست، لە دادگای سزای شاری کرماشان بەڕێوەچوو.
“فەرزاد پوورمورادی” چالاکی مەدەنی و میدیاکاری کرماشانی رۆژی دووشەممە لە دادگای سزای کرماشان دادگایی کراو، بڕیارە لە رۆژی ٧ی بەفرانباریش لە دادگای “ئینقلاب”ی کرماشان، دادگایی بکرێ.
ناوبراو کە ماوەیەک بەرپرسی ماڵپەڕی کرماشان پۆست بوو، بە تاوانی بڵاوکردنەوەی درۆودەلەسەو، شێواندنی بیروڕای گشتی و بێڕێزی کردن بە بەرپرسانی نیزام و، هەروەها هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نیشتمانی، بانگهێشتی دادگا کراوە.
باس کردن لە کێشە و گرفتەکانی پارێزگای کرماشان و رەخنە گرتن لە کەمتەرخەمیی کاربەدەستان، هۆکارێکە بۆ دەسبەسەرکردنی رۆژنامەنووسان و داخستنی رۆژنامەکان لەو پارێزگایە. وەک لە هەواڵەکانی پیشووتر باس کرا، بە سکاڵای “ئەسەدوڵڵا ڕازانی” پارێزگاری کرماشان حەوتوونامەی “غەرب” داخرا و، هەروەها بەرپرسی ئەو حەوتوونامەیەش ڕادەستی دادگا کرا.