خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا توانیویەتی چەند قۆناغێک ئەزموون بکا. کە باس لە “ئەزموون” دەکەین، راست بەو مانایە دێت کە نامانهەوێ بڵێین ئەم چەند قۆناغە “تێپەڕ” کراوە. چونکی نە شەرایەتی “زەیینی” و نە شەرایەتی “عەینی” لە ژینگەیەکی وەک کوردستانی ژێر دەسەڵاتی سەرکوتدا، نەیتوانیوە بۆ جۆری “خەباتی مەدەنی” فەراهەم بێت. بە مانایەکی دیکە ناکرێ لە وەها لێکدانەوەیەکدا بۆ جۆرێک لە خەبات کە بێگومان شاخس و نیشانەی ئیستانداری تایبەت بە خۆی هەیە، قسە لە قۆناغبەندییەکی پێناسەکراو بکرێ. هەر بۆیە زیاتر هەوڵ دەدەین باس لە قۆناغە ئەزموونکراوەکان و، بە راوەستان لە سەر ئەو ئەزموونانە قسە لە “ئەزموونکردن”ی قۆناغێکی نوێ بکرێ.
پێش لەوەی باس لە قۆناغە ئەزموونکراوەکان بکەین، پێویستە ئەو راستییەمان لە بیر نەچێت کە خەباتی نەتەوایەتی کورد- بە تایبەت لە نزیک بە هەشت دەیەی رابروودا- لەسەر بنەمای فەلسەفەی “مەدەنییەت” دامەزراوە و بەردەوام پەیامی ئاشتیخوازی و چارەسەری مەدەنی بانگەواز کردوه و لەم پێناوەیشدا قوربانی و هەزینەی قورس و گرانیشی داوە.
“دەسپێک و نامۆبوون” لەوانەیە باشترین تەعبیر بێت بۆ ئەزموونێکی تاڵی سەرەتایی. لە نێو دووبەرداشی؛ سەردەمێکی بێدەرەتانی پڕ لە سەرکوت و داپڵۆسینی دەیەی ٧٠ هەتاویدا لە لایەک و، لە لایەکی دیکەیشەوه دابڕان لە گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان و زاڵبوونی روانینی گوماندا، کۆمەڵە کەسێکی نەزۆر بەرچاو، لە شوێن و ناوەندی جۆراوجۆری زانستی(زانکۆکان)، ئەدەبی فەرهەنگی(ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان) پێیان وایە،[ دەکرێ] بەجۆرێکی دیکەیش چالاکی بکرێ. هەرچەند ئەم جووڵه و هەنگاوانە هەم لە لایەن دەسەڵاتەوە خوێندنەوەی ئەمنییەتی بۆ دەکرا و بەلای خەڵکیشەەوە نامۆ بوو و، هەم لە لایەن رێبەرایەتیی بزووتنەوە گشتییەکە(هێزە سیاسییەکان)ەوە جێی لێتێنەگەیشتن و “گومان” بوو، بەڵام دیسانیش توانی – هەرچەند بە ترسەوە- هەنگاوە سەرەتاییەکانی خۆی ئەزموون بکا.
ئەم هەنگاوە سەرەتاییانە لە کۆتایییەکانی دەیەی٧٠ و سەرەتاکانی دەیەی ٨٠ دا، لە ئاستێکی بەربەرینتردا(لە سەر ئاستی ئێران)، توانی قۆناغی گەشەسەندن لە زانکۆکان و ناوەندە فەرهەنگییەکان و، هاوکات لەگەڵ ناوەناوە پاشەکشە و سەرکوت، دیسان “بەرەوپێشچوون” ئەزموون بکا. لەم قۆناغەدا چالاکانی خوێندکاری، فەرهەنگی، ئەدەبی، ژینگەپارێزی و… دیسان هاوکات لەگەڵ ئازایەتی نواندن بەرانبەر بە بەربەست و سەرکوتکارییەکانی دەسەڵات، توانیان لەگەڵ خۆسەلماندنیان بە خەڵک، سەرنجی هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵاتیش بۆ لای خۆیان رابکێشن.
لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای خوێندنەوەیەکی واقعبینانە لە گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆی وڵات و بە وەدەسهێنانی دەرکێکی دروست لە جموجۆڵ و تێکۆشانی چالاکانی نێوخۆ وڵات و، هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنانی هەموو ئەو هێز و وزە و پتاسیێلانەی نێوخۆی وڵات، بە مەبەستی رووبەرووکرنەوەیان بەرانبەر بە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، راشکاوانە پشتیوانی خۆی لە جموجۆڵ و تێکۆشانی چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات راگەیاند.
پشتیوانیی حیزبێکی خاوەن پێگەی جەماوەری، وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ چالاکانی نێوخۆی وڵات و بەگشتی کۆمەڵگهی مەدەنی، قۆناغێکی دیکەی پڕ لە دەسکەوت و پشتیوانی بوو بە خەباتی مەدەنی و خەباتکارانی نێوخۆی وڵات. چالاکانی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەم پشتیوانیکردنەی حیزبی دێموکرات، توانیان پێگەیەکی بەرز لە ئەرزش و بایەخ، بۆ خۆیان لە نێو کۆمەڵگهی کوردستاندا دەستەبەر بکەن. پشتیوانیکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ژێر ناوی “پرۆژەی “رۆژهەڵاتمێحوەری”دا توانێ خەڵک لە بێتەفاوەتی دەربهێنێ و هانیان بدا کە لە دەرفەتەکان بە قازانجی هێنانە ئارای ویست و داخوازییەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن. کە لە کۆتاییدا وەک لە چەند ساڵی رابردوودا دیتمان ئەم قۆناغەیش بە کۆمەلێک دەسکەوتی جێی بایەخ؛ (کۆتایی هێنان بە کەمتەرخەمی و پەرەسەندنی بەرچاوی چالاکییە مەدەنییەکان) ئەزموون کرا. بەڵام هەر وەک سەرەتا باسمان کرد، “ئەزموونکردن”ی ئەم قۆناغانە ناکرێ بە مانای “تێپەڕاندن”ی قۆناغەکان کە پێمان وابێ بە کۆتایی و ئاکامی یەکجارەکی گەیشتبێ، لێک بدرێتەوە! بە واتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین، بە سەرنجدان بە ئاڵوگۆڕە خێراکانی سەردەم و گەشەسەندنی سەنعەتی پێوەندییەکان و لە هامانکاتدا بەردەوامیی دەسەڵاتی سەرکوت و نامۆ لە گەڵ ئەقڵی سەردەم، خەسڵەتێکی تایبەتی بە “قۆناغبەندییەکان”ی خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەخشیوە کە دەکرێ ناوی “قۆناغە نیوەچڵەکان”ی لێ بندرێ.
هەر لە بنەمای ئەم تێگەیشتنە لە خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و “قۆناغە نیوەچڵەکان”ی دەکرێ ئیدیعای ئەوە بکەین کە دڕێژەکێشانی خولانەوە لە نێو ئەم قۆناغە تایبەتیانەیشدا کە لە شەرایەتی ئێستادا بە سەنجدان بە ماهییەتی سەختی دەسەڵات، هیوایەک بۆ بە ئاکامگەیشتنیان بەدی ناکرێ، بە زیانی خودی خەباتەکەیە. هەر بۆیە هاوکات لەگەڵ هەوڵدان بۆ تەکمیل کردنی “قۆناغە نیوەچڵەکان”، پێویستە تەنیا بە پشتبەستن بە “ئازایەتیی چالاکانی مەدەنی”، کۆمەڵگهی مەدەنی هەنگاوی دیکە هەڵێنێتەوە.
راکێشانی سەرنجی خەڵک وەک پشتیوانەی هەرە ئەساسی و، لە کۆتاییدا بە “جەماوەری” کردنی خەباتی مەدەنی ئەو هەنگاوە پێویستەیە کە دەتوانێ پێناسەی “کۆمەڵگهی مەدەنی” لە رۆژهەڵاتی کوردستان گشتگیرتر و بەهێزتر بکا.
راستە کە ئێستا جووڵەو خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان چیدیکە “مەحفلی” نیە، بەڵام ناکرێ ئیدیعای ئەوەیش بکەین کە “جەماوەری”یە. بەرچاوتربوونی جموجۆڵی مەدەنی لە شارێک یان چەند شارێکی وەک مەریوان، ناکرێ وا لێک بدرێتەوە کە ئەم جۆرە لە خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆناغی جەماوەری دایە.
گشتگیر کردنی خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بێگومان کارێکی دژوار و خاوەن هەزینەیە، تەنیا بە چالاکانی مەدەنی ناگاتە ئاکام. بەڵکوو دەبێ و پێویستە کە باڵەکەی دیکەی خەبات کە هەمان هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵاتن کە بزووتنەوە سیاسی _ نەتەوەییەکە رێبەری دەکەن، لەم پێوەندییەدا هاوکار و هاندەر بن. ئەوان دەتوانن بەشیک لە میدیاکانیان بکەنە تریبوونی چالاکانی نێوخۆ و هاوکات لە گوتار و هەڵوێستیشدا پشتیوانییان بن.
تێنەگەیشتن لە بە “جەماوەری” کردنی خەبات و هەوڵنەدان بۆ “لەگەڵداخستن”ی کۆمەڵانی خەڵک تا ئێستایشی لەگەڵدا بێ، کەمایەساییەکی هەرە ئەساسی و سەرەکیی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بووە. لە پرسی کۆمەڵگهی مەدەنی و خەباتی مەدەنی دا پێویستە ئەم کەماسییە قەرەبوو بکرێتەوە. کۆتایی هێنان، یان کەمکردنەوەی ئەم کەمایەسییە دەتوانێ بزووتنەوەی نەتەوەیی و مافخوازانەی کوردستان چەندین هەنگاو لە ئامانجەکانی نزیک بکاتەوە.
لە ژماره ٦٩٣ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه